خەبات – بڕیار كۆیی:- زێڕنگەرانی شاری هەولێر دەڵێن لەم دوو مانگی رابردوو بازاڕیان زۆر سستە و ژمارەیەكی زۆر كەم كڕیاران سەردانیان دەكەن و زۆرینەی ئەوانەشی كە كڕیاری زێڕن ئەوانەن كە هاوسەرگیریی ئەنجام دەدەن بەڵام لەم دوو مانگەدا ژمارەیان زۆر كەم بووەتەوە، ئاماژە بە ئەوەش دەكەن كە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ فرۆشیارانی زێڕ زۆر بوونە و بەشێك لەو كەسانەی كە زێڕیان هەیە سەردانی بازاڕەكە دەكەن بۆ فرۆشتنی زێڕەكانیان، ئەمەش لەكاتێكدایە كە نرخی زێڕ بەراورد بە مانگی رابردوو بەرزترین ئاستی تۆمار كرد.
هندرێن وەرتی، گوتەبێژی، سەندیكای زێڕنگەرانی هەولێر، لە لێدوانێكیدا بۆ(خەبات) باس لە سستی بازاڕی زیڕنگەران دەكات و ئاماژە بە ئەوە دەدات كە زیاتر لە دوو مانگە بە چەند هۆكارێك كە سەرەكیترینیان نەناردنی مووچە و بودجەی لەلایەن حكوومەتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستانە، ئەمەش وای كردووە هاووڵاتیان پارەیان لەدەست نەبێت و ئەوەی كە هەشیانە بۆ پێداویستییە زۆر گرنگەكانی ژیانی رۆژانەیان خەرجی بكەن.
هندرێن وەرتی دەڵی، ئەگەر تاكوو دوو بۆ سێ مانگی دیكە حكوومەتی عێراق بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت لە سزادانی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و مووچە و بودجە نەنێرێت و بازاڕ وا سست بێت، ئەگەری هەیە ژمارەیەكی بەرچاو لە زێڕنگەرانی شارەكانی هەرێمی كوردستان دووكانەكانیان دابخەن چونكە ئێستا بەشێك لە زێڕنگەران گرفتی دابینكردنی كرێی دووكانەكانیان هەیە بەتایبەتی ئەوانەی كە كرێی دووكانەكانیان زۆرە.
گوتەبێژی سەندیكای زێڕنگەرانی هەولێر جەختیشی كردەوە كە ئەو سستییەی بازاڕی زێڕ كە لە شاری هەولێر هەیە لە شارەكانی دهۆك و سلێمانی و شار و شارۆچكەكانی تری هەرێمی كوردستان زۆرە بە هۆی ئەوەی هەولێر پایتەختە و دانیشتووانەكەی زۆرە و خەڵكی بیانیشی زۆر تێدا دەژی كەمێك جوڵە ماوە بەڵام لە شارەكانی تر ئەو جوڵەیەش نییە و بازاڕی زێڕ تەواو سست بووە، ئاماژەی بە ئەوەش دا كە ئێستا ئەو كەسانەی كە زێڕیشیان هەیە بە هۆی ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ دەكەن لە ساڵانی داهاتوو، دوودڵن لە فرۆشتنی زێڕەكانیان تەینا ئەو كەسانە نەبن كە پێویستیان بە پارە هەیە و كەمێك لە زێڕەكانیان دەفرۆشن.
روونیشی كردەوە كە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ كاریگەریی راستەوخۆی لە كەمكردنەوەی حاڵەتەكانی هاوسەرگیرییش كردووە و دەڵێ، ئێستا زۆر بە كەمی هاوسەران سەردانمان دەكەن و زێڕ دەكڕن، پێشووتر رۆژانە زێڕنگەرەكانی شاری هەولێر، كڕیاری لەو شێوەیەیان هەبوو بەڵام ئێستا ئەو كەسانە ژمارەیان هێندە كەمە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، بابەتێكی دیكەش هەیە ئەویش ئەوەیە كە ئێستا بەشێك لە هاوسەران رێككەوتن دەكەن لەسەر ئەوەی زێڕ لە كاتێكدا بكڕن كە نرخ دادەبەزێت واتا هاوسەرگیری دەكەن بەڵام زێڕەكە ناكڕن تا ئەو كاتەی كە نرخ دادەبەزێ.
لای خۆیەوە نەریمان ئەحمەد، پسپۆری ئابووری سەبارەت بە ئەو حاڵەتە ئاماژەی بە ئەوەدا كە هۆكارە سەرەكییەكە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ نییە بەڵكوو كەمبوونەوەی پارەیە لەدەست خەڵك ئەمەش بە هۆی نەناردنی بودجە و مووچە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، روونیشی كردەوە كە هەر كاتێك مووچە لە كاتی خۆیدا بدرێت و حكوومەتی عێراق دەستبەرداری سزادانی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بێت، بازاڕ بە گشتی و لە نێویشیاندا بازاڕی زیڕ جوڵەی تێدەكەوێتەوە و خەڵك ئەگەر بڕێكی كەمیش بێت زێڕ دەكڕن.
رۆژی هەینیی رابردوو، نرخی زێڕ دوای داخستنی بازاڕەکانی جیهان بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا و هەر ئۆنسەیەکی بە 1940 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەپێی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا، هەرچەندە لە مانگی 8دا 187 هەزار هەلی کاری نوێ رەخساوە، بەڵام رێژەی بێکاری لە 3.5٪ بەرزبووەتەوە بۆ 3.8٪. بەرزبوونەوەی رێژەی بێ كاری لە ئەمریکا بازرگانانی زێڕی گەیاندووەتە ئەو باوەڕەی کە بە ئەگەری زۆرە بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستبەرداری بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی دەبێت.
کرەیک ئەرلەم، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەمبارەیەوە رای گەیاند “سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا خواستی بۆ ئەو کاڵا و کانزایانە زیاد کردووە کە نرخەکانیان پەیوەستە بە بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا.”
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، زیاتر لە 90٪ی بازرگانانی زێڕ پێشبینی دەکەن لەم مانگەدا لە کاتی کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، سووی بانکیی بەرزنەکرێتەوە، ئەوەش پاڵپشتی زیاتر بۆ زێڕ دروستدەکات.









