ناساندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

1580

هه‌ینی قادر
زاراوەی ڕۆژهەڵات لە مێژووى جیوسیاسیدا زاراوەیەکى نوێیە تەمەنى لە سەدەیەک تێپەڕ ناکات پێشتر زاراوەى ڕۆژهەڵاتى نزیک ((الشرق الادنى))ى بۆ بەکارهاتووە، ناوچەیەکى ئاڵۆز و پڕ کێشمە کێشە، سنورەکەى بە ئاسانى دیارى ناکرێت بە هۆى سروشتى ناوچەکە لە ڕووى تێکەڵى ئایینى و فرە نەژادییەوە، ئه‌م ناوچه‌یه‌ بە بەراورد بە ناوچەکانى ترى جیهان رووبەرێکى بچوکى هەیە بەڵام پڕە لە نەتەوەى جیاواز و ئایینى جیاواز، سەربارى دەوڵەمەندى ناوچەکە لە ڕووى سامانى سروشتى و گرنگى ناوچەکە لە رووى مێژووییەوە ئەمانە هەمووى بەیەکەوە واى کردووە ئەم ناوچەیە سه‌قامگیری بە خۆیەوە نەبینێ وه‌ بەردەوامیش وڵاتانى ڕۆژئاوا چاویان تێبڕیوە، بە پێى بەرژەوەندى خۆیان رەفتاریان لە گەڵ ئەم ناوچەیەدا کردووە.

هەروەکو گوتمان سەرەتا ئەم ناوچەیە پێى گوتراوە ڕۆژهەڵاتى نزیک، وڵاتانى زلهێزى ئەوڕوپا و رۆژئاوا بە پێ ى بەرژەوەندیە ئابورى و سیاسیەکانى خۆیانەوە رەفتاریان لە گەڵدا کردووە و هەر یەکەى لە دیدى خۆیەوە ناساندویانە و پێناسەیان کردووە و سنوور و وڵاتەکانیشیان دیاریکردووە، لە سەدەى نۆزدهەمەوە تا ئەمڕۆ بە شێوەى جیاجیا لە لایەن حکومەتەکانى بەریتانیا و ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەرەنسا پێناسەى بۆ کراوە و ناسێندراوە، بۆ نمونە لە لایەن بەریتانیەکانەوە پێی گوتراوە (الشرق اڵادنی) ڕۆژهەڵاتی نزیك چونكە لای ئەوان و ڕۆژئاوایەكانەوە نزیكترین ناوچەی ڕۆژهەڵات بووە لێیانەوە، ئەوەی شایانی باسە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نزیك لە دیدی بەریتانیەكانەوە ئەم وڵاتانەی گرتۆتەوە: (میسر- سودان- دورگەی عەرەب- لیبیا- سوریا- فەلەستین- ئیسرائیل – عێڕاق- ئێران- لوبنان- توركیا- ئەفغانستان- پاكستان- خوارووی یۆنان- قوبرس)، ئەمەشیان زیاتر بۆ جیاكردنەوەی ئەو ناوچەیە بووە لە ناوچەی (شرق اڵاقصی) ڕۆژهەڵاتی دوور كە زۆر لێیانەوە دوور بووە، واتە لە ڕۆژئاواوە دوور بووە.

حكومەتی ئەمریكاش لە سەر ناساندنی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) هەمان دید و بۆچوونی بەریتانیەكانیان هەیە، ئەوانیش سەردەمانێک پێیان گوتووە (ڕۆژهەڵاتى نزیک) لە برى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەڵام ئه‌وان ڕایان وایه‌ كه‌ (‌ئەفغانستان و پاكستان) ناکەوێتە ناو ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، به‌ڵام حكومەتی ئەڵمانیا لە سەر دیاریكردنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نزیك و ناساندنی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆچوونێكی تریان هەیە كە تەواو جیاوازە لە گەڵ بۆچوونی بەریتانیا و ئەمریكا لە سەر دیاریکردنى ئەم ناوچەیە ئەوان دەڵێن ڕۆژهەڵاتی نزیك وێراى ئەم وڵاتانە: ((ئێران- توركیا- نیمچە دورگەی عەرەب- وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی عەرەبی کە (سووریا- لوبنان- فەلەستین – عێڕاق – ئوردن- میسڕ- سودان – لیبیا)) ئەم وڵاتانەش دەگرێتە خۆی: (ئەفغانستان- پاكستان- هیندستان- بەنگڵادێش- بۆرما- نیپاڵ- سیرلانكا)، هۆكاری ئەم دابەشكاریەش دەگەڕێننەوە بۆ دووری ئەم وڵاتانە لە ئەوروپا.

هەرچی فەڕەنسییەكانن بۆچوونى تریان هەیە کە تەواو جیاوازە لە گەڵ بۆچوونى ئەمریكا و ئەوروپا لە سەر دیاری كردنی سنووری جوگرافی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆیەكەشی زیاتر بۆ ناكۆكیەكانی نێوانیان و بەرژەوەندیەكانیان لەم ناوچەیەدا دەگەڕێتەوە، حكوومەتی فەڕەنسا بۆ بەرژەوەندی خۆی بۆ ماوەیەك لە یەك كاتدا هەردوو زاراوەی (ڕۆژهەڵاتی نزیك و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)ی بەكارهێناوە بەڵام بە شێواز و دەربڕینی خۆی، ئەم جیاوازییەش دەگەڕێتەوە سەردەمی جەنگی یەكەمی جیهانییەوە بە دیاری كراوی بۆ كاتی مۆركردنی ڕێكکەوتننامەی سایكس-بیكۆ لە ساڵی 1916زایینی، كاتێ كە هەردوولا (بەریتانیا و فەڕەنسا) مشتومڕیان بوو لەسەر دابەشكردنی مومتەلەكاتی بەشی ئاسیای دەوڵەتی عوسمانی لەم ناوچەیە (مەبەست لە دابەشكردنی ویلایەتەكانی عەرەبیە) ئایا كام ناوچە بۆ فەڕەنسا بێت؟ وە كام ناوچە بۆ بەریتانیا بێت؟ ئەو كات حكومەتی فەڕەنسا یاخود بە واتایەكی تر لیژنەی دانووستكاری فەڕەنسی لە دانیشتنەكانیدا هەردوو زاراوەی levant المشرق وە orient الشرق لە كاتی گفتوگۆیەكانیاندا بەكارهێناوە لە مەشدا مەبەستیان ئەوە بووە لەسەر نەخشەدا هەموو ئەو وڵاتانەی كەوتوونەتە بەشی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بخرێنە سەر بەشی نفووزی فەڕەنسا، چونكە بەشی فەڕەنسا لەسەر نەخشەكەی سایكس-بیكۆ بە المشرق levant ناسێندرا بوو، كە دەكاتە سووریا و لوبنان لە دوایی دا ئەم زاراوەیان گۆڕی بۆ الشرق orient ڕۆژهەڵات، كە لەمەدا فەڕەنسا مەبەستی خۆی هەبوو چونکە تەماحی زیاتری هەبووە لە دەستکەوت، بۆیە لە كاتی گفتوگۆیەكانیان لە سەر دابەشكردنی دەستكەوتەكانی كۆتایی جەنگ ئەم زاراوەیەشیان گۆڕیوە و کردویانە بە (porche orient) ڕۆژهەڵاتی نزیك (الشرق اڵادنی)، ئەم جۆرە دەربڕینانە لە سیاسەت دا بە دەربڕینی مەتاتی لە قەڵەم دەدرێت ئامانجیش لێی بە دەست هێنانی دەستكەوتی زیاترە، ئەمەش زیرەكی شاندی دانوستكار لە دانیشتەكان پیشان دەدا، فەڕەنساش ئەم سیاسەتەی بۆ ماوەیەك پەیڕەو كرد تا لە گەڵ بەریتانیا بەڕێككەوتنی كۆتایی گەیشت و لە سەر بەش و دەستكەوتەكانیان لەم ناوچەیە سازشیان لەگەڵ یەكتردا كرد.

لەدوای دروست بوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل لەساڵی 1948ز زاراوەی ڕۆژهەڵاتی نزیك (الشرق اڵادنی) لە ئەدەبیاتی ئەوروپی ڕەهەندێكی تری سیاسی وەرگرت و هەموو ئەم وڵاتە عەرەبیانەی گرتەوە كە لە حالەتی ڕووبەڕوو بوونەوەدابوون لە گەڵ دەوڵەتی ئیسڕائیل، بەڵام حكومەتی فەڕەنسا لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا لە دوای سەرهەڵدانی كێشەی عەرەب و جولەكە لێكدانەوە و ناساندنێكی جیاواز تری بۆ ئەم ناوچەیە پەیڕەوكرد، جۆرە دابەشكاریەكی جیاوازی لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ دانا وەكو لەخوارەوە ئاماژەی پێكراوە.

– میسرو ڕۆژهه‌ڵات (المشرق) ئەم وڵاتانە دەگرێتەوە (ئیسڕائیل- سوریا- لوبنان- ئوردن).
– ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتی (یەمەن و تەواوی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەگرێتەوە تاكو وڵاتی ئێران.
– توركیا و قوبرس و بەشی ئەوروپای خواروو.

بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ زیاتر باوە و لە فەرهەنگی جوگرافی و جیۆسیاسیدا كاری پێدەكرێت، ئەوەیە كە زاراوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا زیاتر پەیڕەو دەكرێت وە دەوڵەتانیش لە سەر ئەوە كۆكن كە ئەم ناوچەیە ئەم وڵاتانە دەگرێتە خۆی: (ئێران- سعودیە- وڵاتانی كەنداو-عێڕاق- سوریا- لوبنان- فەلەستین- ئیسڕائیل- میسر- سودان- ئەریتریا- سۆمال- قوبرس- لیبیا- خوارووی یۆنان- ئەفغانستان- پاكستان- توركیا).
لەڕاستیدا نەوت زیاتر حوكم لە سەر دیاریكردنی سنوری ئەم ناوچەیە دەكات، نەوەك شتی تر چونكە لە دیدی ئەوروپا و ڕۆژئاوا ناوچەی ڕۆژهەڵات بە گشتی بە هەموو ئەم وڵاتە نەوتیانە دەگوترێ‌ كە مەڵبەندی سەرەكیان كەنداوی عەرەبی یە.

جوگرافیا و ڕووبەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەكی پان و فرەوانە، ڕووبەرەكەی نزیكەی 25ملیۆن كیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت، ئەمەش دەگاتە ڕێژەی زیاتر 18%ی ڕووبەری وشكایی گۆی زەوی، كە دەكاتە دوو هەندە و نیوی ڕووبەری كیشوەری ئەوروپا بە گشتی، ئەم ناوچەیە بە تێكڕا هەرسێ‌ كیشوەری ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیا دەگرێتەوە، بەڵام ڕێژەی زۆر و یاخود ڕووبەرە گەورەكەی دەكەوێتە كیشوەری ئاسیا، لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەكەشیەوە ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە 600ملیۆن كەسە، چڕی دانیشتوانەكەی دەكەوێتە وڵاتانی كیشوەری ئاسیا، ئەم ووڵاتانە سەنتەری ئەم ناوچەیە پێك دەهێنن (سعودیە- عێڕاق- ئێران- كوێت- ئیمارات- قەتەر- بەحرین- عومان- یەمەن) باقی وڵاتەكانی تریش بە وڵاتی دەوروبەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.

گرینگی ئەم ناوچەیە لەڕووی سیاسی و ئابووری و ئایینیەوە
دەتوانین بەكورتی گرنگی ئەم ناوچەیە لە سەر سێ‌ ئاستدا دەستنیشان بكەین:

یەكەم: لەسەر ئاستی ئابووری و بازرگانی:
ئەم ناوچەیە لەڕووی ئابووریەوە ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە نەوت و ووزە و كانزای سروشتی بە تایبەت لە ڕووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە بە دەوڵەمەندترین ناوچەی جیهان دادەنرێت نزیكەی ڕێژەی 36% نەوتی جیهان لەم ناوچەیە بەرهەم دەهێنرێت، وە لەڕووی یەدەگی نەوتیشەوە ڕێژەی 65%ی نەوتی جیهان پێكدەهێنێ، وە لە كۆنیشەوە ڕێگایەكی گرنگ و سەرەكی بازرگانی بووە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، وە بۆماوەیەكی زۆر ڕێگای بازرگانی كردنی ئاوریشم بووە لە نێوان بازاڕەكانی چین و ڕۆژئاوا.

دووەم: لەسەر ئاستی نەژادی و ئایینیەوە:
لەبەر ئەوەی ئەم ناوچەیە فڕە نەژادە و نەتەوەی جیاوازی تێدایە ، وە لە هەمان كاتدا مەڵبەندی هەرسێ‌ ئایینی گەورەی ئاسمانیە (جولەکە- فەلە- موسڵمان ) ئەمە وای كردووە چاوی دنیای لە سەر بێت و لێرە پێكدادانە بەرژەوەندیە جیاوازەكانی زلهێزەكان بە درێژایی مێژوو لە سەری دروست بووە كە بەردەوام بۆتە گۆڕەپانی ململانێ و ناكۆكی لایەنە ڕكابەرەكانی جیهان لە سەر حسابی میللەتانی ئەم ناوچەیە لە ڕاستیدا فڕە ئایینی و مەزهەبی و فڕە نەژادی جیاواز جیاواز هۆكاری سەرەكی هەموو كێشەكان و ناخۆشیەكانی ئەم ناوچەیە، كە بە هۆیەوە بەردەوام دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی حكومەتەكانی ئەم ناوچەیە لە لایەن زلهێزەكانەوە دروست بووە، نەتەوەی جیاواز و ئایینی جیاواز و كەلتوری جیاواز ڕێگا خۆشكەر بووە بۆ دەست تێوەردانی ڕۆژئاوا له‌م ناوچەیە.

سێیەم: لەسەر ئاستی سیاسی و مێژووییەوە:
بە درێژایی مێژوو لە ژێر ناوی پاراستنی كەمایەتیە ئایینی و نەژادیەكانەوە بەردەوام ڕۆژئاوا و ئەوروپا دەستیان لە كاروبارەكانى ناوخۆی ئەم ناوچەیە وەرداوە، وڵاتە زلهێزەكانی دونیا هەمیشە هەوڵیانداوە بە بیانوی پاراستنی كەمە ئایینی و نەتەوەیی لەم ناوچەیە خۆیان نزیك بكەنەوە، جێی پێی خۆیان لە سەر خاكی ڕۆژهەڵات بە گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی بكەنەوە، بەڵام ئامانجی سەرەكیشیان پاراستنی بەرژەوەندیە ئابووریەكانی خۆیان بووە نەوەك پاراستنى نەژاد و ئایینە جیاوازەكان، وە لە بەر ئەوەی لە ڕووی مێژوویشەوە مەڵبەند و لانكەی شارستانیە كۆنەكانی جیهان بووە وەكو شارستانی یۆنانی و ڕۆمانی و ئێران و وڵاتی نێوان دوو ڕووبار و میسڕی ئیسلامی، ئەمەش بایەخی لای ئەوروپا و ڕۆژئاوا زیاتر دروست كردووە ، بۆیە گرینگیان زیاتر پێداوە.

یەكەم كەس كە زاراوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەكارهێناوە
“الفرید ماهان” كە زانایەكی جیوسیاسی ئەمریكی بووە، هەندێكی تریش دەڵێن ئەدمیرالێكی هێزی دەریاوانی ئەمریكی بووە، یەكەم كەس بووە كە زاراوەی Middle East ڕۆژهەڵاتی ناوەڕأست (الشرق اڵاوسط)ی بەكارهێناوە ئەویش لە میانی ووتارێكیدا كە لە ساڵی 1902ز بڵاوی كردۆتەوە تێیدا ئاماژەی بەم ناوچەیە كردووە كە دەكەوێتە نێوان نیشتمانی عەرەبی و هیندستان، ساڵی دواتر زاراوە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست Middle East-) لە لایەن ڕۆژنامەنوسێكی ناسراو بە ناوی (ڤالانتین تشیرول) كە لە هەمان كاتدا پەیامنێری ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بوو لە زنجیرەیەك ووتاردا بەكارهێنراوە، لە كۆتاییدا ئەم ڕۆژنامەنووسە هەموو ئەم ووتارانەی كۆكردۆتەوە و لە دوو توێی كتێبێكی یەك بەرگیدا بە چاپی گەیاندوە هەروەكو هنری لورنس لە كتێبەكەیدا (الازمات الشرقیة – المسألة الشرقیة واللعبة الكبری 1768 – 1914) ئاماژەی پێكردووە.