جیاوازی لە نێوان ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر چییە؟!

851
د. مەهدی ئەمین ستۆنی
٣١ی ئاب، ٢٧ ساڵ بەسەر رووداوەکانی ٣١ی ئابدا تێدەپەڕێت، کە هێزەکانی پارتی توانییان بەهاوکاری هێزە عێراقییەکان شاری هەولێر کۆنترۆڵ بکەن، دوای ئەوەی لە دەستی یەکێتی بوو و، پارتی توانی هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بکات و لە ڕێگەی ئەم هەماهەنگییەوە جارێکی دیکە دوور لە هەژموونی ئێران شەرعییەت بگەڕێنێتەوە بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان . لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، یەکێتی، پارتی بە خیانەت تۆمەتبار دەکات. لێرەدا نووسەر دەیەوێت ئەوەی لە شاری هەولێر و کەرکوک ڕوویدا بەراورد بکات، کاتێک سوپای عێراق شاری کەرکوکی داگیر کرد، لەو کاتەوە پارتی یەکێتی بە خیانەت تۆمەتبار دەکات. لێرە نووسەر هەوڵی ئەوە دەدات لە ڕێگەی ئەو بەڵگانەی کە لەبەردەستن بە شێوەیەکی بابەتیانە و بێلایەنی تەواو بخاتەڕوو، بۆ شیکردنەوەی ئەو دوو ڕووداوە. لە سەرەتاوە پێش ئەوەی بچیتە ناو بابەتەکە، پێویستە دەستەواژەی خیانەت پێناسە بکەین بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە مانای خیانەت بزانین، ئەوکات بۆمان دەردەکەوێت خیانەت چییە و مرۆڤ کەی و چۆن دەبێتە خیانەتکار؟
لە پێناسەی خیانەتدا، لە فەرهەنگەکانی زمان دەست پێدەکەین. خیانەت ئەو تاوانەیە کە کەسێک بەرانبەر وڵاتەکەی ئەنجامی دەدات. لە فەرهەنگی گشتیی عەرەبیدا هاتووە: پیلانگێڕی دژی نیشتمان لەگەڵ دوژمن یان وڵاتێکی بێگانە [بە زەلیلکردنی]. لە فەرهەنگی (الوسیط) هاتووە. خیانەتکار: ئەو کەسەیە بە مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمن خیانەت لە نیشتمان بکات. خیانەت لە دەستووری ئەمەریکادا بەو شێوەیە پێناسە کراوە کە شەڕ لە دژی ئەمەریکا (لەلایەن هاووڵاتییەک یان کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانییەوە) یان یارمەتیدانی دوژمنەکانی. کەواتە بە پێی ئەم پێناسانە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە وشەی خیانەتکار بۆ کەسێک دەگونجێت کە مامەڵە لەگەڵ دوژمن دەکات و یارمەتی دەدات و ئەرکەکانی ئاسان دەکات بۆ حوکمڕانی و داگیرکردنی خاک و زێدی خۆی، سوکایەتی بە کەرامەتی گەلەکەی بکات و ڕێگری بکات لە ژیانی ئاسوودەیی.
ئەگەر سەیری ئەوە بکەین کاتێک پارتی بانگهێشتی سوپای عێراقی کرد بۆ دوور خستنەوەی هەژمووند ئێران (کە وڵاتیکی بیانییە) لە هەولێر، ئایا ئەم پێناسانە بۆ ئەو کارە دەگونجێت کە کردوویەتی؟. لێرە چەند پرسیارێک دێتەڕوو: ئایا پەرتی هاوکاری سوپای عێراقی کرد بۆ داگیرکردنی هەولێر و دەرکردنی کورد لەو شارە؟ ئایا سوپای عێراق سوکایەتی بە غەیرە شەڕکەرانی هەولێر کرد؟ ئایا سەرپێچی کرا لەسەر موڵک و ماڵی خەڵک و سوکایەتی بە کەرامەتی ئەوان کرا؟ ئایا شتێک لەم شێوەیە ڕوویدا؟ یان تەرکیزی سوپای عێراق تەنها لەسەر ئەو چەکدارانە نەبوو کە چەکیان بەدەستەوە بوو؟
دووەم: ئایا سوپای عێراق لەو شارەدا مایەوە؟ ئایا کورد لەشاری هەولێر دەرکرا، لایەنە سیاسییەکان دەرکران، کار کرا بۆ بەتەعریبکردنی هەولێر و ڕێگری لە قسەکردن بە زمانی کوردی لەبەردەم کامێراکاندا کرا؟ هەموان دەزانن ئەو هێزانەی عێراق پاش دەرکردنی هێزەکانی یەکێتی و (ئەجندای ئێران) لە شارەکە کشاونەتەوە، پارتی دەسەڵاتی لەو شارەدا گرتەدەست و، سوپای عێراق گەڕایەوە سەربازگەکانی پێشووی خۆیان کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون و شارەکە لەو بەروارەوە تا ئەمڕۆ دەستی بە گەشەکردن کرد. بۆیە نووسەر پێی وایە ئەوەی پارتی لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ ئەنجامی دا، نەک خیانەت بوو بەڵکو ئاماژەیە بۆ زیرەکی و وردبینی سیاسی پارتی لە داگیرکردنی هەولێر و دوورخستنەوەی هەژموونی بێگانە و ئیدارەدانی بارودۆخی سیاسی جیۆپۆلۆتیک لەوسەردەمەدا. بەشێوەیەک کە توانی سەدام حوسێن، دوژمنە تەقلیدییەکەی، بەکاربهێنێت بەرانبەر بە ڕکابەرە سیاسییەکەی و ئەجندای ئەقلیمییەکەی ئێران، بەبێ ئەوەی خاکەکەی ڕادەست بکات و سوکایەتی بە گەلەکەی بکات. یەکێک لەو سەختییانەی کە پارتی زاڵ بوو بەسەریدا، ئەمەش ئاماژەیە بە وردبینی و دووربینی سیاسەت و ستراتیجییەتی جیۆپۆلۆتیکی پارتی لەمامەڵەکردنی لەگەڵ هەژموون و ئەجێندا ئەقلیمییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کە هاو ئاراستە و گونجاو بوو لەگەڵ ئەوچاودێرییەی ئەوکات هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەیان بوو ، کە هاوپەیمانییەکە ڕێگری لە فڕینی فڕۆکە عێراقییەکان دەکرد بەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستان (هێلی پانی 36) بسوورێن و لەلایەن هێزێک بەناوی (هامەری بەرز) کە لە بنکەی ئینجەرلیکی تورکیا نیشتەجێ بوو، ئەرکی ئەم هێزە چاودێریکردنی جموجۆڵی سوپای عێراق بوو کە بەهیچ شێوەیەک نەتوانێت سنووری کوردستان ببەزێنێت. سەرەڕای ئەوەش پارتی توانی سەرکردەکانی هاوپەیمانان لەو هەنگاوە ڕازی بکات، کە ئەو کاتە کارێکی مەحاڵ بوو، لە هەمان کاتدا توانی دوژمنەکەی واتا سەدام حوسێن لە بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت و شەرعییەت بۆ پایتەختی هەرێم بگەڕێنێتەوە ئەجندای ئەقلیمی ئێرانیش دووربخاتەوە. سوپای عێراق دوای تەواوکردنی ئەرکەکەی گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە لێی هاتبوون. بۆ زانیاری خوێنەر، هەموو ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دەدا کە هێزەکانی ئێران بەشداری ڕاستەوخۆ و مەیدانیی دەکرد لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی لە شەڕی دژی پارتی و، ئەو حەقیقەتەیان پشتڕاست دەکردەوە.
ئەگەر لە هەمان ڕوانگەوە لەڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بڕوانین، کە لەو ڕۆژەدا لەلایەن گرووپێک لە ناو یەکێتی شاری کەرکوک ڕادەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کرا. نووسەر پێی وایە لێکچوونێکی جیاواز لەنێوان هەردوو ڕووداوەکەدا هەیە. بۆیە دەڵێین:
یەکەم: ئایا سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دوای تەواوکردنی ئەرکەکەی لە شاری کەرکوک کشانەوە؟. ئایا دوای ئەوە شارەکە کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و هێزی پێشمەرگە؟. ئایا سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ڕێزیان لە دانیشتوانی شارەکە و کوردەکانی ناو شارەکە گرت؟. ئایا ئاشتی کۆمەڵایەتییان پاراست؟. ئایا موڵک و ماڵی هاووڵاتییانیان پاراست؟.
هەموومان دەزانین کە شتێکی وا ڕووینەدا، بەڵکو بەپێچەوانەوە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی سووکایەتییان بە کورد و ئاڵای کوردستان کرد و دڕاندیان و لە باڵەخانە فەرمی و نافەرمییەکان دایانبەزاند و نەیانهێشت ئاڵای کوردستان لەو شارە هەڵبکەن. لەبیرمانە کاتێک لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا و لەبەردەم کامێراکاندا ڕێگەیان بە به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی کەرکوک نەدا کە تەنانەت بە زمانی کوردی قسە بکات. هەروەها لە ئەنجامی ئەم لەشکرکێشییەدا زۆرێک لە بنەماڵە کوردەکان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و ئاوارە بوون و نووسینگەی حزبە کوردییەکانیان لە شارەکەدا داخست. شارەکەیان میلیتاریزە کرد. لە جیاتی دکتۆر نەجمەدین کەریم ڕەحمەتی خوای لێ بێت پارێزگارێکی شۆڤێنییان بەسەر شارەکەدا سەپاند، ئەم پارێزگارە قێزەونترین تاوانی بەرانبەر کورد ئەنجامدا و، دەستی کرد بە هەڵمەتێکی بێ وێنەی تەعریب کردن لە ناوچە جێناکۆکەکاندا و، بە شێوەیەکی زۆر ترسناک، کە تا ئێستا شارەکە بەدەست کارەکانی ئەم پارێزگارە دەناڵێنێت. کورد زیاتر لە ٥١ لە سەد خاکی خۆی لەدەست دا. سوکایەتییان بە سیمبولەکانی نەتەوەی کورد کرد. هەموو ئەمانە و زۆر شتی تر لە شاری کەرکوک ڕوویان دا. بۆیە دەڵێین لە دوای ئەو هەموو نەهامەتییە و جیاوازییەی بینیتان کە لە شاری کەرکوک ڕوویاندا. ئایە پێت رەوایە بڵێن هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان ڕووداوەکانی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر و یەکسانکردنی نێوان ئەم دوو ڕووداوە بەرەوا و مەعقول بزانی؟!!
شایانی باسە جیاوازییەکی دیکە لە نێوان هەردوو رووداو هەیە ئەویش کە لە ٣١ی ئابدا پارتی و یەکێتی هەر یەکێکیان لە خەندەقێکی جیاوازدا بوون و شەڕی یەکتریان دەکرد. لە کاتێکدا دەبینین کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا پارتی و یەکێتی لە یەک خەندەقدا بوون و شەڕی دوژمنێکی هاوبەشیان دەکرد، بەڵام تاقمێکی یەکێتی به نهێنی و له ژێر مێزدا پیلانیان له دژی پارتی کرد و به بێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی لایەنی بەرانبەر شارەکەیان ڕادەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کرد. بێگومان ئەمە خیانەتێکی راستەقینە بوو کە لە لای تاقمێکی یەکێتی ئەنجام درا دژی مللەتی کورد و دەسکەوتەکانی کە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید بوو نەک دژی پارتی بە تەنێ.
لە کۆتاییدا دەڵێین لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە ڕوویانداوە، نابێت سەرکردایەتی و گەلی کورد بگەڕێتەوە دواوە و ڕابردوو هەڵدەنەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبێت ئەم ڕووداوانە لەبیرنەکرێن و ڕاستییەکان وەکو خۆیان بخرێنە ڕوو بۆ ئەوەی سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرێت و نەگەڕێنەوە بۆ هەمان شت و، هەموومان کار بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەین، چونکە هێشتا ئاستەنگ و تەحەدییاتی زۆر لە ڕێگای پێشکەوتنی کوردستان وەستاون و، ئەگەر هەموو هەوڵەکان بۆ پێشکەوتنی میللەت یەک نەخرێن زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا ئەستەمە.