خەبات- عەلی بانیشاری:
نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە لەلایەك و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەلایەكی ترەوە، جوولەی بازاڕیان لە هەرێمی كوردستان كزكردووە. خاوەنی یەكێك لە كۆمپانیایەكی بواری كارەبایات لە شاری هەولێر دەڵێت: بەهۆی نەناردنی بەشە بوودجەی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ((فرۆشمان 50-60% كەمیكردووە)). دوكاندارێكی بازاڕی لەنگەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بە ڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیووە. پسپۆڕێكی ژمێریاری و كارگێڕی دارایی ڕایدەگەیەنێت، دابەزینی بەهای دینار، بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان دروستكرد. هەر لەم بەدواداچوونەدا ڕۆژنامەنووسێكی ئابووری دەڵێت: لە ئێستادا جوولەی بازاڕ نزیك بووەتەوە لە سفر.

دوكاندارێك: ساڵانی ڕابردوو، دوو هێندەی ئێستا كاڵامان دەفرۆشت
نیاز ئەحمەد، دوكاندارێكی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێرە. ئەو سەبارەت بە كاریگەریی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لەسەر بازاڕ؟ دەڵێت: زۆرینەی كەلوپەل و شتومەكەكانی ئەم بازاڕە لە وڵاتانی دەرەوە دێت و بازرگان بە دۆلار دەیكڕێت، ئەوەش وایكردووە نرخی كەلوپەلی هاوردەكراو لەسەر دوكاندار گران بوەستێت، بۆیە كاتێك ساغ دەكرێتەوە ((دوكاندار ناچارە حسابی بەهای ئێستای دۆلار بكات)) و بە نرخێكی بەرزتر لە جاران كاڵاكە بە كڕیار بفرۆشێت.
گوتیشی: بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار جوڵەی بازاڕی سست كردووە و دوكاندارەكانی بازاڕی لەنگە زیاتر چاویان لە ڕۆژانی هەینییە تا كڕیار ڕوویان تێبكات. زیاتر گوتی: چەند ساڵێك لەمەوبەر كڕین و فرۆشتن لەم بازاڕەدا دوو هێندەی ئێستا بوو، بەڵام كاتێك كابینەكەی سودانی بەهای دۆلاری بەرامبەر بە دینار بەرزكردەوە، نرخی هەموو كاڵایەك بەرزبوویەوە و سەرجەم دوكاندارەكان بازاڕیان كز بوو.

مامۆستایەكی زانكۆ: بەهۆی دابەزینی بەهای دینار، داهات بەشی خەرجییەكان ناكات
ئەرشەد حاجی سدیق، مامۆستای زانكۆ و دكتۆرا لە ژمێریاری و كارگێڕی دارایی بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لەلایەن هاووڵاتیان چاوەڕواننەكراو بوو، بەڵام حكوومەتی عێراق پلانی بۆ دانرابوو، چونكە ساڵانێكە بانكی ناوەندیی و حكوومەتی عێراق لە هەوڵی ئەوەدابوون نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزێنن، ئەوەش لەپێناو بوژاندنەوەی كەرتی پیشەسازی و كێبڕكێی كۆمپانیاكانی ناوخۆ بەرامبەر بە كۆمپانیاكانی وڵاتانی تر و كەمكردنەوەی هاوردەكردنی كەلوپەل لە وڵاتانی دەرەوە، لە لایەكی ترەوە هۆكارێكی تری دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بۆ ئەو كات دەگەڕێتەوە حكوومەت لە كاتی ((دابەزینی نرخی نەوت)) نەیدەتوانی خەرجییەكانی دابین بكات و كورتهێنان لە بودجە بەڕێژەیەكی زۆر بوو.
ئەو مامۆستایەی زانكۆی گوتیشی: دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی كاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر ژیان و گوزەران و داهات و خەرجییەكانی هاووڵاتیان، چونكە داهاتی تاكی عێراق بە دیناری عێراقییە بە تایبەت مووچەخۆران، بێگومان ئەوەش بارگرانی و كورتهێنانی لە خەرجییەكانی هاووڵاتیان دروستكرد و داهات بەشی خەرجییەكانی تاك ناكات، چونكە ئەو كاڵایانەی هاووڵاتیان دەیكڕن و بەكاریدەهێنن بەڕێژەیەكی زۆر لە دەرەوە بە دۆلار هاوردە دەكرێت، بەرزی بەهای دۆلاریش وایكردووە نرخی ئەو كاڵایانە لە بازاڕدا بەرزبێت.
پێویستە بانكی ناوەندیی ڕۆژانە دۆلاری زیاتر بخاتە بازاڕەوە
پرسیاری ئەوەمان لە د.ئەرشەد حاجی سدیق كرد (ئەو ڕێگایانە چین كە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی بەهار دۆلار بەرامبەر بە دینار لەسەر بازاڕ) لە وەڵامدا گوتی: بۆ ڕێگیریكردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار پێویستە حكوومەتی عێراق ڕێكارەكان زیاتر بكات، ئەویش بە ڕێگەی بە سیستەمكردنی ئەلیكترۆنی سەرجەم بانكەكان تا مامەڵە بازرگانییەكان شەفاف و ڕوونتر بن، لەلایەكی ترەوە ئەنجامدانی مامەڵەی بازرگانی بە تایبەت هاوردە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بە دیناری عێراقی بێت، ئەوەش ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دیناری عێراقی. زیاتر گوتی: پێویستە بانكی ناوەندی عێراق ڕۆژانە دۆلاری زیاتر بخاتە بازاڕەوە، بەڵام بەو مەرجەی لە ژێر چاودێری بەردەوام بێت، تاوەكو ڕێگیری بكات لە چوونە دەرەوەی دۆلار بە بیانووی كاری بازرگانی بە رێگەی نایاسایی، هەروەها حكوومەت پشتگیری بوژاندنەوەی كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و ئاودێری بكات و سەرچاوەی بەدەستهێنانی داهاتەكانی زیاتر بكات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، عێراق وڵاتێكی هاوردەكارە و سەرچاوەی داهاتی نەوتە، ژێرخانێكی پیشەسازی پتەوی نییە، بۆیە هەر گۆڕانكارییەك لە نرخی نەوت بە دابەزین یان بەرزبوونەوە، كاریگەری دەبێت لەسەر لایەنی دارایی و ئابووری و هەڵئاوسان ڕوودەدات وەكو ئەوەی لەو چەند ساڵەدا ڕوویدا، لەو نێوەندەشدا هاووڵاتیان زەرەرمەندی یەكەمن، چونكە داهات بەشی خەرجییەكان ناكات.
خاوەن كۆمپانیایەك: فرۆشمان 50-60% كەمیكردووە
هێمن جەلال، خاوەنی یەكێك لە كۆمپانیاكانی تایبەت بە ئامێرە كارەباییەكانە لە شەقامی سێتاقانی شاری هەولێر. ئەو سەبارەت بە نەناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە و كاریگەری لەسەر جوڵەی بازاڕ؟ دەڵێت: نەناردنی بوودحەی كوردستان كاریگەری زۆری لەسەر بازاڕ هەبووە، فرۆشی ئێمە بەڕێژەی 50-60% دابەزیووە، ئەو قیست و قەرزانەی لای هاووڵاتیان هەمانە بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە هیچی لە كاتی خۆیدا نادرێتەوە.
دەشڵێت: خەڵك ئەو پارەشی كە هەیەتی لە ترسی نەناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی كورستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە خەرجی ناكات و نایخاتە بازاڕەوە و ناوێرێت شت بكڕێت، ئەوەش جوڵەی بازاڕی خاوكردووەتەوە. هێمن جەلال گوتیشی: ئەگەر مووچە و بوودجە بێت، بێگومان بازاڕی ئێمەش خۆش دەبێت و كاریگەری لەسەر دەروونی هاووڵاتیانیش دەبێت.

ڕۆژنامەنووسێكی ئابووری: جوڵەی بازاڕ نزیك بووەتەوە لە سفر
لەلایەكی ترەوە محەمەد هادی، ڕۆژنامەنووسی ئابووری و ماستەر لە ئابووری نێودەوڵەتی دەڵێت: نەناردنی بوودجە و خەرجنەكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵییەوە دەرخەری پەیڕەوكردنی سیاسەتی برسیكردنی خەڵكی كوردستانە لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە. ئەو بۆ (خەبات) ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا جوڵەی بازاڕ نزیكە لە سفر. ((ئەگەر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، كاریگەرییەكانی نەناردنی بەشە بودجەی كوردستان لەسەر بازاڕ زۆر زیاتر دەبن)). محەمەد هادی دەشڵێت: نەناردنی پشكی كوردستان جگە لە ڕاگرتنی جوڵەی بازاڕ، كاریگەری زۆریشی لەسەر زیادبوونی ڕێژەی هەژاری و بێكاری دەبێت.