سهرهتا وتار 103ساڵ لەمەوپێش (سیڤەر) دەیتوانی کێشەی کورد چارەسەر بکات
دیلان شاڵی
ھەرکاتێک ناوی ئەم پەیماننامەیە دەگاتە گوێچکەمان بە دڵخۆشی وەریدەگرین، کە لە کۆی (422) ماددە (3) بەندی ئەم پەیمانە باسی چارەسەر و مافی گەلی کورد دەکات.
پەیماننامەی سیڤەر لە 10ی 8ی 1920 لە نێوان دەوڵەتانی (توركیا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و ئەرمەنستان و بەلجیكا و یۆنان و پۆڵەندا و پورتوگال و ڕۆمانیا و سڕبیا و كرواتیا و سلوانیا و چیكۆسلۆڤاكیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا – وەك چاودێر )مۆركرا كە (شەریف پاشا) وەك نوێنەری كورد بواری پێدرا بەشداری بكات، ئەم پەیماننامە وەك چارەسەر بۆ كێشەی وڵاتانی ژێردەسەڵاتی عوسمانی، كە هاوپەیمانان داگیریانكردبوو بەسترا كە لە (422) ماددە پێك هاتبوو، كە بەندەكانی (62-63-64) دەربارەی ناوچە كوردییەكان بوو.
تاکو ئێستای لەگەڵدابێت دوای (103) ساڵ، کە ناوی ئەو پەیمانە دێت، کورد دڵی پێخۆشە، ھەر بۆ ئەم خۆشی و دەستکەوتە ناوی «سیڤەر» بە ناوێکی کوردی و پڕ… لە شانازی بووەتە ناونانی منداڵ و نەوەکانی کورد، بە پێچەوانەی ناوی «لۆزان» کە بەشووم لە قەڵەم ئەدرێت لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان، لۆزان پەیماننامەیەک بوو دژی ھەڵوەشاندنەوەی سێ ماددە گرنگەکەی ڕێککەوتنی سیڤەر لە ساڵی 1920 کە لە ماددەکان دانی نابوو بە مافی ڕەوای گەلی کورد، کە بە چەند هۆکارێک هەڵوەشایەوە، لەوانە «کەمالیستەکان بەهێزبوونێکی زۆریان بینیبوو، بەتایبەت لەلایەن عیسمەت ئونۆی، سەرکردەی کەمالیستەکانەوە کە هەر لەسەرەتاوە دژی ڕێککەوتنەکە بوو». بۆیە ئەگەر چاوێک بخشێنین بە ناونانی مناڵانی کورد بە ناوی لۆزان نابیندرێ، ئەگەر لەیەک کاتدا زۆر بە دەگمەن ئەو ناوە لەسەر منداڵێکی کورد ھەبێ، کە بەشێوەی نائاسایی کە ئەو کەسەی ناوی ناوە لە مێژووی کورد تێنەگەیشتبێت یا خوێندنەوەی نەبێت! لە دوای پەیماننامەی سیڤەر بەپێی وێستگەکانی خەباتی شۆڕشەکانی گەلی کوردستان بۆ وەدەست ھێنانی ماف و ئازادی و رزگاریی بۆ گەلی کوردستان بەردەوام بووە و لەو پێناوەدا قوربانی بەگیان و ماڵ و سەروەت و سامانی داوە تەنھا بۆئەوەی لەژێردەستی داگیرکەران نەمێننەوە و وەک ھەر گەل و نەتەوەیەکی دیکەی سەرگۆی زەوی بە ئازادی و سەربەخۆیی حوکمی خۆیان بکەن، لەمێژووی خەباتی چەندین ساڵەی خەڵکی کوردستان لەوانە وەدەست ھێنانی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار و حوکمی زاتی و ھەرێمی فیدراڵی و دواجار ئەنجامدانی گشتپرسیی خەڵکی بەشەرەفی کوردستان بۆ سەربەخۆیی کوردستان وەک ھەموو دەوڵەتانی دونیا، بەڵام نۆکەران و خائینانی کورد و کوردستان ھیچ کات چاویان بە ئەزموون و پێشکەوتنەکانی کوردستان ھەڵنەھاتووە، لۆزان ئاسا ھەر خەریکی لە ناوبردن و سرینەوەی خاڵە بەھێزەکانی کورد بوونە، کورد ھەرکاتێک لە دانووساندنەکاندا خاڵێکی بەھێزیان لە دەستوور و یاسادا جێگرکـردبێ ھاوشێوەی سیڤەر، دەستبەجێ لۆزانییەکان یان باشتر بڵێن، ئوکتۆبەرچییەکان دژی و ڕیفراندۆمچییەکان بوونەتە بەربەست لە بەرەوپێشچوونی پرسی کوردی، بەداخەوە بۆ ئەو لایەن و تاقمانەی کە ھەمووکاتێک لە بۆسەدابوونە تەنھا بۆئەوەی کورد بە ژێردەستەی عەرەبی شۆڤێنی و فارس و تورکدا بمێننەوە و ڕۆڵی حەسەن خەیری ببینن. جگە لەمەش زلهێزەکان هەردەم لە هەموو ڕێککەوتننامەکان و پەیماننامەکاندا زیاتر حسابیان بۆ دوژمنەکانی کورد و ئەرمەن و کەمە نەتەوایەتییەکان و گەلە ژێردەستەکان کردووە، ڕاستە پەیماننامەی سیڤەر ٣ بەندی پەیوەستە بە کورد و چارەنووسی، بەڵام ئەو ٣ بەندە وەک ئێستا لە سیاسەتدا باوە پڕە لە بۆمب، یەکەم نوێنەرانی ئەو زلهێزانەی ئەو پەیماننامەیەیان هێنا ئاراوە نوێنەرانی ئەو وڵاتانەبوون کە تازە لە دێوەزمەی جەنگی جیهانیدا ڕزگاریان ببوو، بۆ قەرەبووی ئەو هەموو وێرانکارییەی جەنگ و هەڵسانەوەی ئابوورییەکەیان چاویان بڕیبووە سامانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفریقیا، بۆیە لەدوای ئەو پەیمانە جیهانیان بۆ بەرژەوەندییەکانیان بە دڵی خۆیان دابەش و داگیرکرد، خاڵی دووهەم، گەر وڵاتە زلهێزەکان بەڕاستی نیازپاک بوونایە بۆ ئەو پەیمانەیان لە وڵاتێک دەبەست کە دوژمنی سەرسەختی کورد و نەتەوەکانی ترە ئەویش تورکیایە؟ کەواتە زلهێزەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە تورکیا و دەسەڵاتی نوێی تورکیا بەڵێنی هاوپەیمانیی ستراتیژییان بە ئێمە داوە و دەبێتە قەڵغانێکی پتەوی ئێمە لە دژی یەکێتی سۆڤییەت کە بە هەزاران کیلۆمەتر لەگەڵی سنووردارە.
خاڵی سێهەم، گەر زلهێزەکانی پەیمانی سیڤەر ڕاستگۆ بوونایە پاشایەتی عێراقیان دانەدەمەزراند و باشووری کوردستانیشیان بەو پاشایەتییە نەدەلکاند و، تەڵەیەکیش بوو بۆ دەوڵەتی عوسمانی کە دەیانزانی دەسەڵاتی عوسمانی لەو پەیماننامەیە پەشیمان دەبێتەوە، بۆیە ئەوان مستەفا کەمال ئەتاتورک و دەستەیەک فەرماندەی سەربازییان ئامادە کردبوو بۆ کودەتا و ڕووخانی دەسەڵاتی عوسمانی.
ئەگەر وردبینەوە لە بەندی 62ی ماددەی 64ی پەیماننامەکە گەر کورد لە تورکیا داوای جیابوونەوەی کرد لە کۆمەڵەی گەلان ( عصبە الامم ) ئەوە پێداچوونەوە دەکەن ئایا کورد شایەنی سەربەخۆییە، ئایا داواکانی ڕەوایە ئەو کاتە کۆمەڵەی گەلان ئامۆژگاری تورکیا دەکات بۆ ئەو مەبەستە، ئایا ئامۆژگاری گوشارە یان هەڵخەڵەتاندنی گەلێکی دابەشکراوە .
بەرژەوەندییە نێودەڵەتییەکان کۆسپێکی گەورەن لەبەردەم چارەنووسی گەلان، بۆیە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم هیچ یەک لە پەیماننامەکان سەرکەوتوو نەبوون و برینی گەلانی چەوساوەی ساڕێژنەکرد .
ئەو شڕۆڤەیە نامەکەی ئەمریکامان بیر دێنێتەوە کە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بۆ سەرۆک «بارزانی»یان نارد بۆ دواخستنی ڕێفراندۆم کە ناوەڕۆکەکەی هەر هەمان ئامۆژگاری و هاوکاریی 100 ساڵ لەمەوبەربوو.
بە پێویستم زانی ماددەکانی پەیوەست بە مافی چارەنووسی کوردەکان لە پەیماننامەی سیڤەر بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەر بخەمەڕوو:
ماددەی (62)
لیژنەیەك لە سێ ئەندام پێك دێت كە لە (3) كەسایەتی (بەریتانی و فەڕەنسی و ئیتاڵیا) كە حكومەتی ئەو سێ دەوڵەتە دیاری دەكەن، مەڵبەندی لیژنەكەش شاری ئەستەنبوڵ دەبێت، ئەم لیژنەیەش پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا كارەكانیان ئەنجام بدەن، كارەكەشیان ئامادەكردنی یاسایەكە بە مافی فەرمانڕەوایی حوكمی خۆجێی بۆ كوردستان كە زۆرترینی دانیشتوانی كوردن و كەوتۆتە خۆرهەڵاتی فوڕات و باشووری سنووری ئەرمینیا و باكووری سنووری سوریا و عێراق، هەروەها وەك لە بەندی (27) لە ماددەی (2،3)دا دیاریكراوە ئەگەر ئەندامانی لیژنەكە بڕیاریاندا لەسەر هەر كێشەیەك لە كێشەكان ئەوا هەر ئەندامێك كێشەكەی بەرەو ڕووی حكومەتەكەی دەكاتەوە، ئەم پڕۆژەیەش وا پێویست دەكات كە مافی ئاشوری و كلدانی و كەمەنەتەوەیی و ئایینیەكان لە خاكی كوردستاندا دەژین دیاری بكات، لەپێناوی ئەم مەبەستەدا لیژنەیەك لە ئینگلیز و ئیتاڵی و ئێرانی و كوردێك ئەنێردرێت بۆ ناوچەكە، ئەم لیژنەیە بڕیار لەسەر گۆڕانكاری لەسەر سنووری توركیا دەدات، ئەگەر پێویستیشی كرد بەپێی بەندەكانی پەیماننامە ئەوا سنووری نێوان توركیا و ئێران دەكات.
ماددەی (63)
دەوڵەتی عوسمانی پەیمان دەدات بەپێی بڕیارەكانی لیژنەی ناوبراو كە لە بەندی (63)دا هاتووە دوو لیژنە ئامادە بكات و لە ماوەی (3) مانگدا دوای دەرچوونی ئەم بڕیارانە بڕیاری پێویست جێبەجێ بكات.
ماددەی (64)
ئەگەر گەلی كورد لەو ناوچەیەی كە لە بەندی (62)دا هاتووە لە ماوەی ساڵێكدا ڕووی كردە كۆمەڵەی نەتەوەكان و زۆرترینی دانیشتوانی ناوچەكە ئارەزووی جیابوونەوەیان كرد لە توركیا و، ئەگەر كۆمەڵەی نەتەوەكان زانییان ئەم گەلە شایانی ئەم سەربەخۆییەن ئەوا كۆمەڵەی نەتەوەكان ئامۆژگاری توركیا دەكات، بۆ ئەم مەبەستە توركیاش دەبێت ئەم ئامۆژگارییانە جێبەجێ بكات، بەوەی وازدەهێنێ لە هەموو مافەكانی خۆی لەو ناوچانە كە ئەم پەیماننامە دەیگرێتەوە، ئەگەر ئەم وازهێنانەش لەكاتی خۆیدا جێبەجێ كرا ئەوا هێزە هاوپەیمانەكان هیچ كۆسپێك ناخەنە بەردەم ئەو ڕێگایەی كە دەبێتە هۆی یەكگرتنی ئەو دەوڵەتە كوردییە سەربەخۆیە لەگەڵ ئەو كوردانەی لە ویلایەتی موسڵیشدا دەژین.
بەڵام ئەم پەیماننامەیە سەری نەگرت و پەیمانێكی تر شوێنی گرتەوە كە ئەویش پەیمانی لۆزان بوو.