سهرهتا وتار ئەو هۆکارانەی پارتی لە حزبەکانی تری کوردستان جیادەکاتەوە
سەگڤان هالۆ
هۆکارەکان بریتین لە پارتی و بارزانی هەڵگری خەسڵەتی نەتەوەیی و نیشتمانیین و کوردایەتی ئامانجی سەرەکییە بۆ خەبات و تێکوشان لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و مێژووی سیاسیی خەباتی پارتی و بارزانی کە پڕ لە سەروەری و شانازیی، بەڵگەی حاشا هەڵنەگرە لەسەر ئەم ڕاستییە.
پارتی و بارزانی پەیڕەوی لە ستڕاتیژییەتێکی پیروز دەکەن، ئەویش ئەوەیە کە خەبات و قوڕبانیدان لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و گەیاندنی دۆزی کورد بە کەنارێکی ئارام، هەرچەند باجەکەی قوڕس بێت و، ئەوەشی سەلماندووە بە درێژایی قوناغەکانی خەباتی چەکداری و شارستانی.
پارتی و بارزانی وەک قەڵایێکی پۆڵایینی خۆنەچەمێن لە هەمبەر نەخشە و پیلان و هەڕەشەکانی نەیارانی دۆزی ڕەوای کورد وەستاوەتەوە و هەمیشە لەگەڵ ئێش و ئازار و مەینەتییەکانی گەلی کوردستاندا بوونە و دەبن.
پارتی و بارزانی هەموو کات لە ڕێزی پێشەوەی بەرگریکردندا بوونە لە کەرامەت و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستان و هیچ کات پشتیان لە گەلەکەیان نەکردووە و ناکەن و ئامادەی هیچ جۆرە سازشێکیش نەبوونە و نابن لەگەڵ دوژمنان و ناحەزانی کوردستان. لای پارتی و بارزانی کوردستان یەک کوردستانە و نابێ بە دوو و سێ و چوار، هەموو کاتێکیش هەوڵی یەکڕیزیی و تەبایی داوە و بەپەرۆشەوە هەنگاوی ناوە بۆ یەکخستنەوەی نێوماڵی کوردی. چونکە بڕوای تەواویان بەوە هەیە کە کلیلی سەرکەوتنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان یەکدەنگی و یەک هەڵوێستییە. ئەمڕوش پارتی و بارزانی پێش هەر لایەنێکی سیاسی تر ئامانجی نەیاران و داگیرکارانی کوردستانە.
بەڵام بڕوای پارتی و بارزانی بە دۆزی کورد وەک دۆزێکی ڕەوا وایکردووە کە دوژمنانی کورد دەستەوەستان بمێنن و نەتوانن مەرامی گڵاوی خۆیان جێبەجێ بکەن و نەخشە و پیلانەکانیان هەرچەند بەهێز بووبن، پووچەڵ کراونەتەوە. ئەمە و زۆر تایبەتمەندیی دیکە کە لە پارتی و باررانیدا بوونیان هەیە کە هەموویان ئاماژەن بۆ بڕوابوونی تەواوی پارتی و بارزانی بە پرەنسیپی کوردایەتی، بۆیە بەم ڕستەیە کۆتایی بەم کورتە وتارەم دەهێنم، ئەویش بریتییە لەوەی کە گەلی کوردستان شۆڕشگیڕ و نیشتمانپەروەر و خۆنەچەمێنە و تاکو پارتی پێشڕەو و پێشەنگ بێت لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا، کورد و کوردستانیش پارێزراون.