سهرهتا وتار 16ی ئاب، ڕۆژی دانانی ڕێڕەو و لەدایکبوونی ڕێبەر
کاروان کەریمخان
لە بەشێکی تەزکیرەتولئەولیادا ئاوا هاتووە: “…پرسی: چۆنی؟
گوتی: حاڵی قەومێک کە لە دەریادا کەشتیان لێ شکابێ و هەر کەسەی لە سەر تەختەیەکدا مابنەوە دەبێ چۆن بێ؟…” ئەم وتوێژە زۆر لە دۆخی نەتەوەی کوردیش، بە تایبەتی لە کاتی هەرا و هەنگامەی جەنگی جیهانیی دووەم، دەچوو. ئەو کات، گرینگیی مێژوویی پارتی دێموکراتی کوردستان، کە وەک کەشتییەکی نوێ لەنگەری هەڵگرت و سەوڵی خۆی لە شەپۆلی تۆغیاناوی دەریا دا، لێرەدا دەردەکەوێ. ڕاستییەکەی، 16ی ئاب ڕۆژێکە کە دوای ژانە لەمێژینەکان دایکی زەمان زا و زگی زەمانە بە لەدایک بوونی هەل و هیوا بۆ کورد و کوردستان ئۆقرەی گرت. واتە، هاوینی ساڵی 1946ی زایینی، بە دامەزراندنی پارتی دێمۆکراتی کوردستان، پڕۆسەیەکی نوێی کوردایەتی بە شێوەیەکی مۆدێرن و وشیارانە بۆ کورد زا. لەو ڕۆژەدا ڕچەی خەباتی سوننەتی شکا و تەشکیلاتێکی مۆدێرن بە ئامانجی نەتەوەخوازییەکی ماقوول لەدایک بوو. لەو کەشە سوننەتییەدا، گرینگی ئەو حزبە ئەوەبوو کە ڕێبەرایەتییەکەی، واتە هەبوونی بارزانیی نەمر، بووە هۆی ئەوەی حزبەکە لە پێچ و لۆفە تەنگەبەر و هەڵدێرەکانی زەمانە بە سەرکەوتوویی دەرباز بێت. بۆیە پێویستە ڕێبازی بارزان بێتە ناو سیاسەتی میللەت و ببێتە سیاسەتی نەتەوایەتی کورد.
ڕۆژی 16ی ئاب بۆ کورد شیرناییەکی دیکەشی هەیە، ئەویش لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانییە. ڕێبەرێکی پێشمەرگە سیفەت کە هەم شەئنی خانەوادەیی هەیە و هەم شەئنی تاکانە و تایبەت بە خۆی هەیە. سەرۆکێک کە لە دوورە دیاردا پێی هێنایە سەر ئەو دونیایە و لەگەڵ لەدایکبوونیدا چارەنووسێکی سەختیشی لەگەڵ زا و ئەو چارەنووسە دژوارە ئەوی کردە ناسرێکی نەسرەوتووی خۆساز، سەرسەخت، دڵ گەرم، پڕ هیوا و میهرەبان.
بە هەبوونی ئەو ڕێبازە و ئەو حزبە ڕەسەنە و ئەو ڕێبەرە ماندویی نەناس و دڵسۆزە، وەک موئەسەسەی بارزانی لە دنیای سیاسەتی کوردیدا، پێویستە تاکی کوردی بەئاگا، وێڕای هەموو تارمایی و ناخۆشییەکانیش، وەک هەمیشە متمانە بکات و لە ڕەوت و ڕیزی بەشدارییدا نیسکێکیش نەسرەوێ و نەکەوێ، بە تایبەتی لەم دۆخە هەستیار و پڕژانەدا، پێویستە سەرکردایەتی و لاوی کوردی زانا لە مەبەستی دوژمنان تێبگات کە دەیانەوێ خەڵک و ڕێبەرایەتیی کورد لەیەکتر دوور بکەنەوە. ئەگەر لە یەکتر دابڕێین هەموومان پێکەوە دەیدۆڕێنین، بۆیە، دەبێ بە خۆڕاگرییەکی پۆڵایین و بە هیمەتی مێرانەی هەموو لایەک و بە دڵێکی پڕ ئومێد و چاوێکی دووربین و عەقڵێکی ژیرانە، ئەم دەسیسەیەی نەیاران پووچەڵ بکرێتەوە و پێکەوە بەرەو ئامانجە ڕەواکانی نەتەوەی کورد، بەوپەڕی هێزەوە، هەنگاو بنیێن و ئایندەیەکی پێشکەوتوو بۆ نەوەی داهاتوو ساز بکەین تاکوو مێژوو شانازی بە نەسلی ئێمەوە بکات.