16ی ئاب

328

چنار خۆشناو
لە ڕۆژە دژوارەکان و ڕۆژگارە سەختەکان، کە کورد لە هەموو لایەک دەچەوسێنرایەوە، شمشێرەکانی دووژمن ئاڕاستەی نەتەوەی کورد دەکرا، لەم ڕۆژە خۆری هیوا هەڵهات، لە ساڵی ١٩٤٦ پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ڕابەری بزاڤی نەتەوەیی کورد بارزانیی نەمر دامەزرا، هەر لەم ڕۆژەدا لە ژێر ئاڵای کوردستان، سەرۆک مەسعود بارزانی لە دایک بووە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی (٧٧) ساڵ تەمەنیدا، ئامانجی بەدیهێنانی خەون و دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان بووە، هەر بەم هۆیەوەش، قوربانی زۆری داوە، دەربەدەریی و ئەنفال کردن و خاپوورکردنی لادێکان بەدەست دووژمنە یەک لە دوا یەکەکان، خەباتی پارتی خەباتێکی نەپساوەیە، لە پێناو خاک و گەل و نیشتیمان، ٧٧ ساڵە لەسەنگەری بەرگریکردندایە، بۆ بەدەستهێنانی ماف و پارێزگاریکردن لە ناسنامەی گەلی کورد، لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوامەو بەردەوامیش دەبێت.

بۆیە بە شانازییەوە، ئەم یادە بەرز ڕادەگرین، ئەم یادە بۆتە سیمبول و ناسنامەی نەتەوەی کورد لە هەموو جیهان، هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار، شکاندنی نسکۆ وچۆکدادان بە پیلانی شوومی جەزائیر، هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی نیشتیمانی، کە بۆتە هێمای سەرکەوتن و شانازی کردن بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەزموون و شارەزایی و جیهانبینی ڕابەری نەتەوەی کورد مستەفا بارزانی دامەزرێنەری پارتی، تا ئێستا خەبات دەکات لە پێناو ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی، پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی و سیاسی، ئەم ڕێبازە قۆناغ بە قۆناغ دەیان هەوراز و نشێوی بڕیوە، چەندین پیلانی پوچەڵ کردۆتەوە، هەمیشە لە ئایندە و ئاسۆی گەش دەڕوانێ.

دوای ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی لێیکراوە، هەمیشە وەک پێشڕەوی کوردایەتی و کۆڵنەدان، وەک هەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە، یەکەم حیزبی باڵادەستە لەسەر ئاستی عێڕاق و کوردستان. هەڵوێستە سیاسییەکانی و خۆڕاگری و بەرگری مەردانەی لە خاک و مافی گەلی کوردستان، هێندەی دیکە پێگە و قورسایی لەسەر هەموو ئاستەکان بەرزتر کردووە.

یادی ١٦ی ئاب، ٧٧ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یادی ڕەوتێکی مێژووییە، یادی سەربەرزانەی گەلێکە، کە بەردەوام تووشی زوڵم و ستەم بۆتەوە، ئامانجی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بە سەربەستی و ئازادی بژیت، پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، لە پێناو گۆڕانکاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەوڵ و کۆششی بەردەوامی داوە، بۆیە هەردەم پارێزەری بەرژەوەندییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کوردستان بووە و دەمێنێتەوە، کە بە درێژایی ئەو هەموو تەمەنەی پڕ لە خەبات و تێکۆشانەی، بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی، هەزارن قوربانیی داوە، ئەم هەموو قوربانیدانە، بەرهەمی ئێستا و ئایندەمانە، پشت بەستن بە ڕێبازی بارزانی، پشت بەستنە بە سەربەخۆیی خاک و نیشتیمان.
ئەم یادکردنەوەیە، بەردەوامیدانە بە خەبات و ڕێبازە مەزنەکەی باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد بارزانیی نەمر.