خەبات: رەنجبەر بەرزنجى:- سەرەرای بوونی چەندین تابلۆی ئاگاداركردنەوە، بەڵام ساڵانە رووداوەكانی خنكان لە ئاوی رووبارەكانی زۆربەی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان، سەرهەڵدەدەن، بە شێوەیەك بە تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا چوار رووداوی خنكان لە سنووری بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران تۆماركراون، لەو راستایەدا و لە هەنگاوێكی نوێدا بەرێوەبەرایەتی ناوبراو لەسەر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامانجی پاراستنی زیاتری گیانی گەشتیار و هاووڵاتیانی ناوچەكە، مەلەوانیكردن لە ئاوی رووبارەكانی ئەو ناوچانەی كە ساڵانە رووداوەكانی خنكانی تێیدا دووبارە دەبێتەوە قەدەغە دەكات.
مەلەوانی قەدەغەیە
سەبارەت بە بریاری قەدەغەكردنی مەلەوانی لەو ناوچانەی كە ساڵانە رووداوەكانی خنكانی تێیدا دووبارە دەبێتەوە، رائید (رەوەند مەغدید) وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند، وەك بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران ساڵانە بە بەردەوامی بە تایبەت لە وەرزی هاوین، سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانمان دەكرد و لە رێگای تابلۆكانی ئاگاداركردنەوە، گەشتیار و هاووڵاتیانمان لە مەترسی مەلەكردن لە ئاوی رووبارەكان ئاگادار دەكردەوە، بەڵام بە هۆی دووبارەبوونەوەی رووداوەكانی خنكان و گیانلەدەستدان لە ئاوی رووبارەكان، لەسەر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بریاری قەدەغەكردنی مەلەوانی لەو شوێنانە درا، كە ساڵانە رووداوەكانی خنكانی تێدا دووبارە دەبوویەوە، بۆیە ئێمەش وەك بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران، دوای دەستنیشانكردنی ئەو ناوچانە بە شریتی سوور، تابلۆی قەدەغەكردنی مەلەوانیمان لەو شوێنە گەشتیارییانە دانا، ئەمە وێرای ئەوەی كە بە ئامانجی كەمكردنەوەی زیاتری رووداوەكانی خنكان، دەرخستەیەكیش ئامادەكراوە بۆ تەلبەندكردن بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەك رێگری لە گەیشتنی گەشتیار بۆ ئەو شوێنە مەترسیدارانە بكرێت.

رائید رەوەند مەغدید: بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ مەلەوانی لەو شوێنانە قەدەغەكرا، كە ساڵانە رووداوەكانی خنكانی تێدا دووبارە دەبوویەوە
تۆماركردنی چوار حاڵەتی خنكان
هەر لە درێژەی قسەكانی بۆ خەبات وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران لە بارەی ئاماری رووداوەكانی خنكان لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا چوار هاووڵاتی بە رووداوی خنكان لە ئاوی رووبارەكانی ناوچەكە گیانیان لەدەستداوە كە سێ حاڵەتیان گەشتیار و حاڵەتێكیشیان هاووڵاتی سنوورەكە بوونە، هەر بۆیە بریاری قەدەغەكردنی مەلەوانی زیاتر ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە ساڵانە رووداوەكانی خنكانی تێیدا دووبارە دەبێتەوە، زۆربەی حاڵەتەكانی خنكانیش هی ئەو گەشتیارانەن كە هیچ شارەزای ناوچەكە و ئاوی رووبارەكان نین، ئامانجی سەرەكیشمان ئەوەیە كە رێگری لە گەشتیار و هاووڵاتیانی ناوچەكەش بكەین بۆ ئەوەی مەلەوانی لەو ناوچە مەترسیدارانە نەكەن واتە بریاری قەدەغەكردنەكە هەموو كەس دەگرێتەوە.