خەبات: عەلی بانیشاری:- قشڵەی ئاكرێ لە ساڵی 1852 زایینی دروستكراوە و بە یەكێك لە پاشماوە بیناسازییە مێژووییە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان هەژمار دەكرێت. تاوەكو ئێستا چوارجار قشڵەكە نۆژەنكراوەتەوە، بەڵام تەنیا یەكجاریان بەشێوەیەكی زانستی بووە. بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری ئاكرێ دەڵێت: لە ساڵی 2021ـەوە دەستمان بە نۆژەنكردنەوەی زانستیانەی قشڵە كردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە 50%ی نۆژەنكردنەوەكە تەواو بووە. شوێنەواری ئاكرێ، پلانی ئەوەی هەیە لەمساڵدا قۆناغی دووەمی نۆژەنكردنەوەی قشڵەكە دەستپێبكات.

هیوا شەماڵ، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری ئاكرێ بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: بەهۆی تەرخاننەكردنی بودجە، لە ئێستادا نۆژەنكردنەوەی قشڵەی ئاكرێ ڕاگیراوە و داوامانكردووە بودجەی پێویست بۆ قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە تەرخان بكرێت تا لەمساڵدا دەست بە نۆژەنكردنەوە بكەینەوە. گوتیشی: هەركات بودجە تەرخانكرا، كاركردن لە قشڵەكە دەستپێدەكاتەوە.

لە ساڵی 2021 بە گوژمەی 166 ملیۆن دینار و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، دەست بە نۆژەنكردنەوەی قشڵەی ئاكرێ كرا و لە قۆناغی یەكەمدا 50%ی كارەكانی تەواو كرا. هیوا شەماڵ ئاماژەی بەوەشدا، نۆژەنكردنەوەی قشڵەی ئاكرێ لەسەر دەستی كەسانی شارەزا و بەشێوەیەكی زانستی ئەنجامدراوە.

پێشتر قشڵەی ئاكرێ مەترسی ڕووخانی لێدەكرا، بەڵام بەوتەی بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری ئاكرێ، ((لە ئێستادا ئەو مەترسییە لەسەر قشڵەكە نەماوە)). هیوا شەماڵ دەشڵێت: ئەگەر نۆژەنكردنەوەی قشڵەی ئاكرێ تەواو بكرێت، مۆزەخانەیەكی شوێنەواری و مۆزەخانەیەكی كەلەپووری لە نێو قشڵەكە دەكەنەوە بۆ ئەوەی پارچە شوێنەواری و كەلەپوورییەكانی سنووری قەزای ئاكرێیان تێدا نمایش بكرێت.

تاوەكو ئێستا چوار جار قشڵەی ئاكرێ نۆژەنكراوەتەوە و كۆتاجار لە ساڵی 2021 بووە. بەڕێوەبەری شوێنەواری ئاكرێ دەڵێت: ساڵی 2010 كۆمپانیایەكی بیانی دەستی بە نۆژەنكردنەوەی قشڵە كرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی شارەزا نەبووە لە قۆناغەكانی نۆژەنكردنەوە و كارەكانی زانستی نەبووە، ((پڕۆژەكەی لێوەرگیراوەتەوە)). بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپووری ئاكرێ، لە قۆناغی یەكەمی نۆژەنكردنەوەی قشڵە لە ساڵی 2021، توانراوە نزیكەی 130 هەلیكار بۆ گەنجانی سنوورەكە بڕەخسێنرێت.

شوێنەواری ئاكرێ پلانی هەیە ئەگەر لەمساڵدا ((بودجە تەرخان بكرێت)) دەست بە نۆژەنكردنەوەی بەشێك لە خانووە كەلەپوورییەكانی شارەكە دەكرێت. هیوا شەماڵ لەوبارەیەوە گوتی: نۆژەنكردنەوەی خانووە كەلەپوورییەكانی ئاكرێ لە ڕیزبەندی پڕۆژەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە دیارنییە كەی دەست نۆژەنكردنەوەی خانووەكان دەكرێت.

ئەو باسی لەوەشكرد، نۆژەنكردنەوەی شوێنە شوێنەواری و كەلەپوورییەكانی ئاكرێ دەبێتە جێگەی سەرنجی خەڵكی و بەو هۆیەوە گەشتیاری زیاتر ڕوو لە قەزاكە دەكەن. پێشیوایە، نۆژەنكردنەوەی قشڵە و خانووە كەلەپوورییەكان لە قۆناغی ئێستادا گرنگییەكی زۆری هەیە و دەرفەتی كاریش بۆ سەدان گەنجی سنوورەكە دەڕەخسێنێت. هیوا شەماڵ، خانوو كەلەپوورییەكانی ئاكرێی بە ((تابلۆیەكی هونەری)) ناوبرد.

بەپێی ڕووپێوی شوێنەواری ساڵانی 1970 و 2013، لە سنووری قەزای ئاكرێ نزیكەی 700 شوێنی شوێنەواری و كەلەپووری هەیە. ناوبراو ئەوەشی گوت: ئەگەر ڕووپێوی تەواو لە سنووری ئاكرێ بكرێت ژمارەی شوێنە شوێنەوارییەكان زۆر زیاتر لەو ژمارەی كە لەسەر نەخشەی شوێنەواری تۆماركراوە، جەختیلەوەشكردەوە، ئاكرێ دۆڵەمەندە بە چەندین ناوچەی شوێنەواری گرنگ.

قشڵەی ئاكرێ كەوتووەتە سەنتەری بازاڕی كۆنی شارەكە و لەسەر ڕووبەری 1400 مەتر چوارگۆشە دروستكراوە، دوو نهۆمە و لە 30 ژوور پێكهاتووە. قشڵەكە لە سەردەمی عوسمانییەكان و لە ساڵی 1852 زایینی دروستكراوە و وەكو سەربازگەیەك لەو سەردەمەدا بەكارهێنراوە.