خەبات: سولین سلێمان:- لانی کامەران تەمەنی 27 ساڵە خەڵکی شاری سلێمانیە، هەر لەوێ نیشتەجێیە، ئەسپسوارێکی بەتوانایە، لەم دیمانەیەدا تایبەت بە خەبات باس لە سەرەتای دەستپێکی خۆی بۆ ناو ئەو یارییە دەکات و پلانەکانی داهاتووی دەخاتەڕوو:

*سەرەتای دەستپێکی فێربوونی ئەسپسواریتان کەی بوو؟
“سەرەتای دەسپێکی من بۆ فێربوونی ئەسپسواری بۆ ساڵ و نیوێک پێش ئێستا بە هۆی ئەوەی حەزێکی زۆرم بۆ ئەسپ هەبوو ، هەرچەند پێش ئەوەی فێرێ ئەسپسواری ببم ترسم لە نزیکبوونەوەی لە ئەسپ هەبوو، بەڵام پاش ئەوەی بە تەواوی فێربووم ئیتر ترسم نەما لە کۆتاییدا توانیم زاڵبم بەسەر ترسەکەمدا ببم بەو ئەسپسوارەی ئێستا.

*ئایا تا ئێستا بەژداریتان لە هیچ پاڵەوانییەتێكدا کردووە؟
“نەخێر، چونکە تا ئێستا کوردستان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە پاڵەوانێتی تێدا بەرێوەبچێت ، هەرچەندە لە هەندێک شوێن هەیە کە ئەنجام دەدرێت بەڵام فەرمی نین و تەنها لە لایەن کەسانێکەوە رێکدەخرێن، بۆیە هیوادارم ئەگەر لە داهاتوودا ئەو جۆرە پاڵەوانیەتیانە بکرێن زۆر حەز دەکەم تێدا بەژداربم.

کێ زیاتر پاڵپشتیتان دەکات بۆ بەردەوام بوونت؟
“خێزانەکەم زۆر هاوکارمن و پشگیریم دەکەن بە تایبەت دایکم هەر لە سەرەتای دەستپێکی من بۆ ئەوە یارییە هاوکارم بووە تا ئێستا.

*ئایا ئەرکی راهێنەرایەتی ئەسپسواریت کردووە؟
“زۆر داوام لێدەکرێت کە ببمە راهێنەری ئەسپسواری چونکە لەو بوارەدا بروانامەم هەیە، بەڵام لە ئێستادا تەنها دەمەوێت پەرە بە تواناکانم بدەم، لەلایەکی ترەوە ئەگەر ئەرکی راهێنەری بکەم، کاتی خۆم کەمدەبێتەوە، بۆیە لە ئێستادا تەنها فۆکسم لەسەر بەرەو پێشبردنی زیاتری تواناکانمە.

*ئایا پلانتان بۆ داهاتوو چیە؟
“لە پلانم دا هەیە کە خۆم فێری بازدان لەسەر ئەسپ بکەم، لە ئێستادا زۆر حەزدەکەم فێری ببم.

پەیامتان چیە؟
لە کۆتاییدا پەیامم بۆ هەر کەسێک ئەوەیە ئەگەر تۆ حەزت لە هەر شتێک بێت ئەوا دەتوانی تێدا سەرکەوتوو بیت، جا چ ئەسپسواری بێت یا هەر وەرزشێکی تر، چوونکە لە ئەسپسواریدا ئەگەر بە تەواوی خولیات لەسەر نەبێت، ناتوانی تێیدا بەردەوام بیت و لێی بێزار دەبیت، بۆیە زۆر گرنگە حەزت بۆ ئەو کارە هەبێت کە دەیکەیت.