خەبات: هاژە بەرزنجی – سلێمانی:- (چنار عەلی ئەحمەد) لە ساڵی (١٩٧٦ ) لە شاری سلێمانی لەدایكبووەو ئامادەیی بازرگانی سلێمانی تەواو كردووە و ئێستاش لە قوتابخانەیەكی ئەو شارەدا فەرمانبەرە و خێزاندارەو لە سلێمانی نیشتەجێیە، ، چنار.. هەرچەندە بەرهەمی چاپكراوی نییە ، بەڵام خاوەنی شیعرێكی زۆرە و زۆر جوانیش دەنووسێت و لە زۆربەی رۆژنامەو گۆڤارە كوردیەكاندا شیعری بڵاو كردۆتەوە ، هەر وەك خۆی دەڵێت :
ــ لەساڵی ( ٢٠٠0) ـە وە دەستمكردوە بەنووسینی شیعر، لەسەرەتاوە بەشێوەیەكی نهێنی ئەمنووسی ،چونكە كۆمەڵگای ئێمە نووسینیان بە (بڤە) ئاماژە پێئەكرد بۆ كچان و ژنان .بۆیە نەمئەوێرا بە ئاشكرا بنووسم.
* پێناسەت بۆشیعر؟
شیعر بەهرەو خولیاو حەزێكی بزۆز و هاواری قەڵەمێكی تینووە.
*شیعری ئەمڕۆی كوردی چۆن دەبینی؟
هەروەك چۆن لە رابردوودا شیعری باش و خراپ هەبووە، لە ئێستاشدا هەر هەیەو هەمان جۆرە ، هەڵبەت مەرج نیە بە گشت وشەو ڕستە ڕیزكردنێك بووترێت ( شیعر) هاوكات شیعر پیرۆزیی خۆی هەیە ، هەست و نەستێكی قوڵە، ئەگەر ئەو هەستەش نەگاتە قوڵایی ناخی خوێنەر ، بە بۆچوونی من شیعر نیە.
*شیعرت بۆ ڕەگەزی بەرامبەر نووسیووە؟
(بە پێكەنینەوە) بەڵێ… زۆربەی شیعرەكانم بۆ ڕەگەزی بەرامبەرە.
*قەڵەمی ژن چۆن دەبینی؟
لەئێستادا بەراورد بەساڵانی ڕابردوو ، قەڵەمی ژن بەرەو پێشترچووەو ئەچێت و ڕۆژ بەڕۆژیش زیاتر هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێ ، خۆشبەختانە زۆرن ئەو ژنانەی كە قەڵەمێكی جوان وپڕبڕشت و بوێریان هەیە ، بۆیە هەمیشەو بەردەوام وەك دروشمێك بۆ ژنانی وڵاتەكەم وتوومە : ژن نیشتیمانە بەڵام بێ نیشتیمانە !!
*بۆچی ژنان بەناوی خۆیان و وێنەی خۆیانەوە شیعرەكانیان بڵاوناكەنەوە؟
هۆكارەكەی ڕێگرییەكانی خێزان و خانەوادە داخراوەكان و دابو نەریتی كۆنی كۆمەڵگایە،هەڵبەتا ئەو ڕێگرییەی خێزانەكان و ئەوداب ونەریتە دواكەوتوە كۆنەش ، زیاتر تەنگی بە دەنگی ژن هەڵچنیووە و وایكردووە قەڵەمی ژن نەیەتە مەیدانەكەوە و دەنگی كپ بكرێت.
*چی تازەتان بەدەستەوەیە؟
وەك وتم، شیعرم زۆرە، بەڵام بەداخەوە بەرهەمی چاپكراوم نیە، بۆیە ئێستا سەرقاڵی چاپكردنی شیعرەكانمم و كۆكردنەوەیان لە دووتوێی كتێبێكدا.