خەبات: هاوار مورتكەیی:- لان یاوی تەمەن 22 ساڵ لە پاڵەوانێتی شەترەنجی بەریتانیا توانی پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت و نۆرمێكی دیكە زیاد بكات، لەمبارەیەوە لان یان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ لاپەڕەی وەرزشی رۆژنامەی خەبات گوتی: بەڕاستی هەستم بە سەرسوڕمان کرد و چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد کە بتوانم ئەو نۆرمە بەدەست بهێنم، هەروەها گونی: لە کۆتا یاری پاڵەوانێتی بەریتانیادا لە دوا راوند یەکسانبوونم قبوڵکرد، چونکە تەنها ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەی ناسناوی پاڵەوانێتییەكە مسۆگەر بکەم.

لان یاوی LAN YAOكە بەرەچەلەك خەڵكی چینە و ئێستا بەناوی ئینگڵتەرا یاری دەكات لەبارەی بەدەستهێنانی نۆرمی سێیەم گوتی: من بە هیچ شێوەیەک بیرم لە نۆرم نەدەکردەوە، تەنانەت نەشمزانی تا ئەوكاتەی لە دوای یارییەکە هەمووان هاتن پیرۆزباییان لێکردم کە نۆرمم بەدەستهێناوە، پێموایە بڕوانامەی WGM لە ئێستاوە گەورەیە و من ئاواتێکی گەورەم نییە لە شەترەنجدا، چونكە من یاریزانێکی پیشەگەری شەترەنج نیم و بە شێوەیەکی سەرەکی لە بەریتانیا دەخوێنم، من تەنها بۆ خۆشی شەترەنج یاری دەکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارم لە ڕووداوە گەورەکانی وەک ئۆڵۆمپیاددا بە باشی یاری بکەم.