لێكۆڵینەوەیەكی زانستی كە تیمێك لە توێژەرانی فەرنسا لە ئەكادیمیای كشتوكاڵی ئەم وڵاتە ئەنجامیان دابوو دەریدەخات كە میوەی وشككراوەی سروشتی یان ئەوەی لە ناو ئاودا دەپاڵێورێت سوودی تەندروستیی زۆری هەیە بە تایبەتی بۆ وەرزشوانان. ئەو جۆرە میوەیە دەوڵەمەندە بەو جۆرە شەكرانەی كە یەكەی گەرمییان كالۆری بەرزە وەك مێوژ و قەسپ و قەیسی و فەڕاولەی وشككراوە. لە لێكۆڵینەوەكەدا هاتووە كە مێوژ بە هەردوو جۆرییەوە سپی و رەش شای هەموو میوە وشككراوەكانە كە لە پێكهاتەكەیدا بڕێكی زۆر لە ئاسن و ڤیتامین B سەرەڕای توخمە كانزاكان وەك پۆتاسیۆم و كالیسیۆم و مەنگەنیز و ماگنیسیۆم هەیە، بەڵام قەیسی و قەسپ و هەنجیر و خۆخی وشككراوە دەوڵەمەندن بە ڤیتامینەكانی B،E،A. قەیسی دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم و مۆزی وشككراوە بە ماگنیسیۆم و هەنجیری وشككراوە دەوڵەمەندە بە كالیسیۆم.









