هەڵبژاردن و سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی

550

ئاشنا بابان
دیموكراسی بەمانا سادەكەی، ئامرازێكە لە ئامرازەكانی پڕاكتیزەكردنی ئازادی كەسی و وەدیهێنانی خۆشگوزەرانی، لەرێگەی هەڵبژاردنی ئەوانەی، كە پێمان وایە ئازادی و خۆشگوزەرانی دەڕەخسێنن، هاوكات شێوەیەكە لە شێوەكانی پشكداری تاك لە كاروباری گشتی و دەسەڵاتدا، مومارەسەكردنی مافێكی سروشتیشە، لەرووی دەنگدان بەوانەی، پێمان وایە نوێنەرایەتی دروستمان دەكەن و بەرگری لە مافەكانمان و بەدیهێنانیان دەكەن. لەراستیدا پرسی دیموكراسیەت و هەڵبژاردن، وابەستەیەكی تووندی لەگەڵ پرسی سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵگەیی هەیە.

لە زانستی سیاسەتدا هەندێک لە توێژەرەکان لە رووە سیاسییەكەیەوە خوێندنەوە بۆ ئەم پرسە دەكەن، پێیان وایە ناسەقامگیری سیاسی سەرجەم بوارە گشتییەكانی كۆمەڵگە دەگرێتەوە، وەك دیاردەی ناسەقامگیریی سیاسی، لە زۆرێك لە كۆمەڵگەكان بوونی هەیە، بەڵام ئاستەكەی جیاوازە، لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان ناسەقامگیری لە ئاستێكی نزمدایە، لە کاتێکدا کۆمەڵگە دواکەوتووەکان لە دۆخێکی بەرزی ناسەقامگیریدا دەژین.

وڵاتە پێشکەوتووەکان، ئەوانەن كە لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فیکری و کولتووریدا، سەركەوتوون بەسەر فاكتەرەكانی رێگەگرتن لەگەشەكردن، وڵاتانی دواکەوتووش ئەوانەن کە تا ئێستاش بەدەست ئەو هۆکارانە دەناڵێنن، هەر لێرەوەش ئەم چەمكە لە ئەرزی واقیعدا ئاستەكەی جیاوازە.

ئیبن خەلدون پێی وایە ناسەقامگیری سیاسی دەرئەنجامی نایەکسانی کولتوورییە لەو وڵاتانەی كە كۆنەپەرست و خێڵەكین کە، هاوكات کۆمەڵێک لە زانایان پێیان وایا ئەم بۆچوونە دروست نییە، بەو پێیەی هەندێک کۆمەڵگە توانیویانە سەقامگیریی سیاسی بەدەست بهێنن، سەرەڕای بوونی ئەو جیاوازییە لە داب و نەریت و ئایینەکاندا بەرجەستەیە، ئەم جیاوازییانە نەیانتوانیووە ببنە هۆکاری ڕەهای ناسەقامگیری.

سەبارەت ئەم پرسە لە هەرێمی کوردستاندا، پێمان وایە كاریگەرە بەو گۆڕانكاری و بارودۆخانەی لە ئاستە جیاجیاكاندا جیهانی گرتۆتەوە. جگە لەمە هەرێمی كوردستان وابەستەی كۆمەڵێك فاكتەری خودی و بابەتییە، بارودۆخی ناوخۆیی(بەتایبەت پەیوەندی پارتی و یەكیێتی) و بارودۆخی عێراق بەگشتی، بەتایبەت لە رووی سروشتی پەیوەندی پێكهاتەكان(كورد، شیعە و سوونە) و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی(هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان) و دەستێوەردانی دەرەكی، كاریگەری نەرێنیان لەسەر سەقامگیری هەبووە.

پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و ئەو بارودۆخەى کە ئێستا بەرجەستەیە، کاریگەری راستەوخۆى هەیە لەسەر سەقامگیرى سیاسی و کۆمەڵایەتی، قووڵبوونی كێشە سیاسییەكانی نێوان پارتە سیاسییەكان، ئەوەی لەئێستادا لەرووی سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵگەییەوە گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، ئیشكردنە لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندی نێوان پارتە سیاسییەكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و فراوانكردنی بازنەی خزموتگوزارییە گشتییەكانە.