خەبات: ڕۆشنا عەلی:- لە دوای كۆنگرەی 12 ی ساڵی 2011 یەكێتی مامۆستایانی كوردستان وەك ڕێكخراوێكی داكۆكیكار لە مافی مامۆستایان ماوەی 12 ساڵە كۆنگرەی نەبەستووەو هەمان ستافی 12 ساڵە كاروبارەكان بەڕێوەدەبەن، بە هەمان ڕێنمایی و یاسای پێشوو بێ‌ هیچ گۆڕانكاریەك، دەربارەی هۆكارەكانی نەبەستنی كۆنگرەیەكی تر لەم ماوە درێژەو كارەكانی ئەم یەكێتییە بۆ مامۆستایان و دواین بڕیاریان بۆ بەستنی كۆنگرە لاپەڕەی پەروەدەوخوێندن دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتییەكە ئەنجامدا:

*ئایا بەگشتی مامۆستایان لەم یەكێتییە ئەندامن و ژمارەیان چەندە؟
لە كۆنگرەی 12 بڕیار درا ئەندامبوون لە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئارەزوو مەندانە بیـَت و مەرج نییە هەموو مامۆستایەك ئەندام بێـت ، ئێستا نزیكەی 158000 سەدو پەنجاو هەشت هەزار مامۆستا هەیە لە هەرێمی كوردستان و سەر بە وەزارەتی پەروەردە بە وانە بێژانەوە، هاوكات 14000 مامۆستاش هەیە سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەی تا ئێستا ئەندامە لە 60000 تێپەڕیوە و %70ی مامۆستایان ئەندامن مافی دەنگدانیان هەیە ئەگەر هات و هەر مامۆستایەك ناسنامەكەی نوێ‌ نەكاتەوە مافی دەنگدانی نابێت ، بۆ كۆنگرەی داهاتوو كە بڕیارە ساڵی 2023 ئەنجام بدرێت.

*ئەو مامۆستایانەی ئەندامن لەم یەكێتییە گلەی زۆرتان لێدەكەن بەڵگەش ئەوەیە زۆرێك لە مامۆستایان خەم ساردن لە بوونە ئەندام یان ڕونتر بڵێم ناسنامە نوێ‌ ناكەنەوە؟
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕێكخراوێكی داكۆكیكارە لەمافی مامۆستایان بەپێی توانا كاركراوە، بەڵام ناتوانرێت دەسكەوت بۆ تاك بەتاكی مامۆستایان دابین بكرێت، بەشێوەیەكی گشتی كاركراوە و كاری رێكخراو مەعنەوییە بۆ نموونە یەكەی نیشتە جێبوون بە مامۆستایان دراوە جگە لەوەی زۆربەی مامۆستایان كە نەخۆش كەوتوون یان نەشتەرگەریان بۆكراوە لەلایەن ڕێكخراوەكەی ئێمەوە هاوكاری كراون ، لە سلێمانی 1850 یەكەی نیشتەجێبوون دابەشكراوە لە كەلار 1950 مامۆستا سوود مەند بووە پێشتریش بە هەزاران مامۆستا زەویان وەرگرتووە ئاسانكاریمان كردووە بۆ وەرگرتنی ئۆتۆمبێلی قیست بۆ مامۆستایان هاوكات ڕێكەوتن لەگەڵ كۆمەڵێك نەخۆشخانەكە %20 داشكاندن بۆ مامۆستا دەكات و كاری زیاتر كراوەو لە بەرنامەدایە، بەڵام من زۆر ڕشكاوانە دەڵێم نەمانتوامیوە لە ئاست خواستی مامۆستایان بین، ئەوە دان پێدانانێكەو بەشەرمەزاریەوە دەیڵێم، زروف و بارودۆخی ئێمە بەشێوەیەكی گشتی نەگونجاو بوو شەڕی داعش لە ساڵی 2014 كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر كوردستان بە گشتی ، دواتر بڕینی بودجەی كوردستان و ڕێكنەكەوتنی هەولێرو بەغدا و ململانێی حیزبە سیاسییەكان كە كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر یەكێتی مامۆستایانی كوردستان.

*باسی ئەوەت كرد كە هاوكاری مامۆستایانی نەخۆشتان كردووە ئێوە سەرچاوەی داراییتان تەنها ئابوونەی یەكێتییەكەیە یان هاوكاری و سەرچاوەی ترتان هەیە؟
پێشتر و تا ساڵی 2014 بڕێك پارەمان لە حكومەت وەردەگرت بۆ هاوكاری مامۆستایانی نەخۆش یان دۆخێكی تایبەت، تا دوو هەزار دۆلار هاوكاری مامۆستامان كردووە، كە بەنوسراوی یەكێتی مامۆستایان ئەنجومەنی وەزیران خەرجی كردووە، ئێستا لەبەر ئەوەی ئابوونە كەمە و زۆربەی مامۆستایانیش ئەندام نین ئەو هاوكاریانە بەتەواوی كەم بۆتەوە.

*وتتان لەم ساڵ كۆنگرە دەبەستن ، ئەو ئامادەكاریانە چین كە تا ئێستا كردووتانە یان بە نیازن بیكەن لە داهاتوودا پێتان وایە لەمپەڕ بۆ بەستنی دروست نابێت ؟بەچ شێوازێكیش دەتانەوێ‌ مامۆستایان لەگەڵ ڕێكخراوەكە ئاشت بكەنەوە؟
ئەم ڕێكخراوە بەرەییە وزۆربەی لایەنەكان ئەندامن و زۆر جاریش لایەن هەیە لەگەڵ هەموو بڕیارەكان نییە و بۆچوونی خۆی هەیە ئامادە سازییەكەمان بەداخەوە وەك پێویست نییە وای دەبینم دەبوو زووتر هەڵبژاردن بكرایە و ئێستا كارەكان زۆر بە سسیتی بەڕێوە دەچن بۆ مامۆستایانیش كاری زۆرمان كردووە، بەڵام زۆر جار كارەكان جێگای داخوازی مامۆستایان نەبووە كۆمەڵێك بەرنامەی باشمان هەبووە بۆ نیشتە جێكردن ،بەڵام حكومەت ڕەزامەند نەبووە
بۆ نموونە زەویمان لە دهۆك وەرگرتبوو بۆ ئەوەی شوقەی نیشتە جێبوون بۆ مامۆستایان دروست بكەین ، بەڵام دواتر زەویەكەمان لێ‌ وەرگیرایەوەو كرایە شوێنی بازرگانی لە هەولێریش بە هەمان شێوە. ئێستاش گرنگترین كار كە بكرێت ئەوەیە مامۆستایان ببنە ئەندام و بەشدار بن لە دەنگدان بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ستافێكی نوێ‌ بۆ یەكێتییەكە هەڵبژێرین و بتوانین بەرنامەی نوێ‌ و ڕێنمایی نوێ‌ دەربكەین وكار بكەین بۆباشتر كردنی ئەدای كاری ڕێكخراوەكە.

*وانە بێژانیش دەتوانن ببنە ئەندامی یەكێتییەكە؟
وانە بێژان مافی ئەندامبوونیان هەیەو ڕێگر نەبووین لە ئەندامبوونیان بە پێچەوانەوە یاساكەو پەیڕەوی ناوخۆش ڕێگایان پێئەدا زۆریشیان ئەندامن ئەوانەش كەلە دەزگا ناحكومییەكان مامۆستان.

*كەواتە وانە بێژان ڕێكخراوێكی گەورەی ناحكومیان لە پشتە تاچەند پشتگیریتان كردوون؟
ئێمە لە زۆربەی كۆبوونەوەكان باسمان لە مامۆستایانی وانە بێژ كردووە كە كەلێنێكی گەورەیان لە پڕۆسەی پەروەردە پڕكردۆتەوە ڕۆڵیكی گرنگیان هەیە ئێمە پێمان باشە یان بە گرێبەست بكرێن یان بە هەمیشەیی بكرێن چەندین جاریش لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار دانیشتوین و یاداشتمان بەرز كردۆتەوە تەنانەت كۆمەڵێك دەسكەوت كە ئەمڕۆ هەیانە ئێمە یەكێك لەو لایەنانە بووین كە جەختمان لێكردۆتەوە هاوكاربووین و بەردەوام ئیشمان لەسەر ئەوە كردووە بە زووترین كات بگەنە مافەكانی خۆیان ئێستاش ئێمە بە مەغدوریان دەزانین كە بەو پارە كەمەی وەریدەگرن ناتوانن ژیان بەڕێبكەن یان هاوسەرگیری بكەن و ببنە خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوون بەو پارەیەی وەریدەگرن كەتەنها بەشی هات و چۆو ژیانێكی سادەیان دەكات چەندین جار یاداشتمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە بەرز كردۆتەوە كە كێشەكەیان چارەسەر بكریـَت خۆشبەختانە ئێستا هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیەن ژمارەیەكیان بكرێنە گرێبەست.

*ئێستا كۆمەڵێك مامۆستا كە تاقیكردنەوەی سەرپەرشتیاریان ئەنجامداوەولە وەرگرتنی ژمارەی پێویست ماونەتەوە بەمافی خۆیانی دەزانن بكرێنە سەرپەرشتیارو یەدەگ بن هەرچەند ژمارەیان زۆرە یەكێتی مامۆستایان تاچەند هەوڵی داوە كێشەی ئەم ژمارە زۆرە چارەسەر بكات و چۆن ؟ ڕەنگە زۆرێكیان ئەندامی یەكێتییەكەی ئێوەش بن؟
دیارە ئەو مامۆستایانەی بەشداری تاقیكردنەوەی پلەی سەرپەرشتیاریان كردبوو ژمارەیەكی زۆریان دەرچوون بە پێی ڕێنمایی وەزارەتی پەروەردە و نمرەی 60 بەرەو سەرەوەیان هەیە و ژمارەی پێویست لە پەروەردەكان وەك ئاگادارین بە پێی كۆنمرە دانران ، بەڵام پێداویستی وەزارەتی پەروەردە لە ڕێژەی ئەوان كەمتر بوو ئەوەی ئاگادارین نزیكەی 100 كەسی تر دەبنە یەدەگ هێشتا ژمارەیەكی زۆریان دەمێنێتەوە و ئاگاداریشین ئەوانە بۆماوەی زیاتر لە ساڵێكە هەوڵیان داوەو بەم پڕۆسەیەوە ماندوو بوون و لەسەرجەم تاقیكردنەوەكانی پەیوەست بە سەرپەرشتیارو بەڕێوەبردن كۆمبیوتەرو سمینار دەرچوون. ئەزموونێكی باشیان لە كارگێڕی وەرگرتووە كە ئێستاش سیستەمی سەرپەرشتیاری سیستەمی كارگێرییە ، ئەوان یاداشتیان پێشكەشی ئێمە و وەزارەتی پەروەردە كردووە ئێمە بەتەواوی پشتگیری داواكانیان دەكەین بەهەر خواستێك كە هەیان بێت بە مەرجێك بگونجێت لەگەڵ ڕێنمایی وەك دەزانین وەزارەتی پەروەردە ناتوانێت بڕیارێك دەربكات بە جارێك هەموویان بكات بەسەرپەرشتیار هەرچەند ماوەی سێ‌ ساڵی داناوە كە زۆربەیان بكرێن ، بەڵام ئێمە وەك یەكێتی مامۆستایان پێمان باشە ئەو سێ‌ ساڵە لاببرێت و كراوە بێت هەتا ئەم كۆمەڵە مامۆستایە دادەنرێن هیچ خولێكی تری سەرپەرشتیاری نەكریـَتەوە ، دڵنیاشم ئەو بەڕێزانە لە ماوەیەكی كەم هەموو هەلیان بۆ دەڕەخسێت.

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان بۆ خەبات دەدوێ