خهبات: وریشە عومەر
من ناوم راژان كاكە حەم لە دایكبووی 1989لە پیرمام، هونەرخۆی واتا ئاشنابوونی هەموو شتە جوانەكان، ئاشنا بوونی منیش بە هۆی ئەوحەزە زۆرەوە بوو كە بۆ هونەر هەمبووە، دونیای هونەریش هێندە فراوانە جێگای ئاشنا بوونی زۆرینەیە.خاتوو ڕاژانی دەنگخۆش دڵی خۆی لەڕێگای ئەم دیمانەیەوە بۆخەبات دەكاتەوە.
❊ دەستپێكی كاری هونەریت چۆن بوو؟
دەستپێكی كاری هونەریم بە نووسینی هۆنراوە دەستم پێكرد، لە دواییدا بەهۆی گوێ گرتنم زیاتر لە گۆرانی فۆلكلۆری خولیای گۆرانی گوتنم پەرەپێداگەر بڵێم لە تەمەنێكی بچووكەوە دەستم پێكردووە، بەڵام وەك بڵاوكردنەوە نا، تەنها لەهەندێ شوێنی وەك قوتابخانە و پەیمانگابووە.
❊ بەلاسایی دەستت پێكرد، ئێستا دەتوانین بڵێین ڕێچكەیەكی تایبەت بەخۆتت دیاریكردووە؟
بە لاساییكردنەوە دەستم پێ نەكردووە، چونكە هەوڵم داوە هەردەم ڕێچكەیەكی تایبەت بەخۆمم هەبێت.
❊ وەك كچە گۆرانیبێژێك دەتەوێت چی بكەیت بەبەراوورد لەگەڵ ئەو ئافرەتە گۆرانیبێژانەی پێش خۆت نەیانكردبێت؟
لەڕاستیدا ئافرەتانی گۆرانیبێژمان زۆرینەیان شایانی ئەوەن دەستخۆشییان لێ بكرێت، چونكە كاری جوان و باشیان كردووە تایبەتیش لەم دواییەدا، بەڵام وەك بەراوورد لەگەڵ ئەواندا من پێم خۆشەلەكارەكانم زیاتر وشەی كوردی پەتی بەكار بهێنم.
❊ تاچەند بوار ڕەخساوە بۆ ئێوەی ئافرەت كە بتوانن وەك بوارەكانی دیكەی ژیان لەبواری هونەر كار بكەن؟
گەر باسی ڕەخساندنی كاری هونەری بكەین بۆ ئافرەت بەڕاستی زەحمەتە، چونكە ئافرەت خودی خۆیەتی وایكردووە ئەم بوارە بڕەخسێنێت، لەم رێگایەشدا ئافرەتانمان توشی زۆر بەربەست دەبنەوە، بەڵام هێزی حەزەكانمان وای لێكردووین ڕووبەڕووی هەموو بەربەستەكان ببینەوە.
❊ تائێستا خاوەنی چەند بەرهەمیت؟
دەتوانم بڵێم خاوەنی زیاتر لە 10 بەرهەمی تایبەت بەخۆمم، بەڵام بڵاوكراوە نین جگە لە بەرهەمی ” دهۆكی رەنگین ” كە لەگەڵ بەرێز كاك ” كامەران عەبدولڕەحمان ” گووتومانە.
❊ گرووپێكی دیاریكراو هەیە تۆكاری لەگەڵ بكەیت و بەرهەمی لەگەڵدا بڵاو بكەیتەوە؟
نەخێر هیچ گرووپێكی دیاریكراوم نیە بۆ كاركردنم لەگەڵیان.
وەكوبەهرەمەندێكی لاو چی بۆ پێشمەرگە و شەهیدان دەكەیت و،چیان پێی دەڵێیت؟
وەك هەموومان دەزانین پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی گەلەكەمان لە سایەی خەبات وخوێنی شەهیدان و پێشمەرگەكانمان بەدیهاتوون، كاركردن لەسەر خزمەتكردنی زیاتریان لەڕووی مادی ومەعنەوییەوە،كەمكردنەوەی خەم و فرمێسكیان و هاوكاریكردنیان بۆهەستانەوە و بووژانەوەی دەروونیانە، بۆیە بەهیوام بتوانم كارێكی جیاوازیان بۆ بكەم.
❊ تاچەند لات ئاسییە گۆرانی بەباڵای پیاودا بڵێیت، چۆن پیاوان بەباڵای ئافرەتدا دەڵێین؟
گۆرانی گوتن بەسەر باڵای پیاواندا زۆر ئاساییە،چونكە هونەر بۆ وەسفی خۆشویستنەزیاتر بەم شێوەیەش چ پیاو بێت یا ئافرەت جیاوازیەكیان نیە.
❊ خەونت چییە وەكو كچە دەنگبێژێك؟
خەونی من لەرووی هونەرەكەمەوە ناوبانگ نیە، بەڵكو دەمەوێ دەنگم وكارەكانم بچێتە دڵی خەڵكییەوە، چونكە خۆشویستنم بەهۆی كارەكانمەوە لەلاگرنگترە، بەهیوام بتوانم لەداهاتوودا كاری جیاواز و باش بكەم كە بە دڵی هەموولایەك بێت.









