
ساسان دەروێش – هۆڵەندا
ناوهێنانی وشەی ئەنفال بۆ ئێمەی کورد مانایەکی قووڵی پڕ لە ئازاری هەیە لە کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد، پێناسەی جینۆساید واتە (جینۆ) نەژاد، ( ساید) لەناوبردن واتە (نەژاد لەناوبردن)، ئەنفال مانای ئەوهەڵمەتە سەربازییەیه کە لهلایەن ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕەوە بەرامبەر خەڵکی سڤیلی کوردستان لە هەشت قۆناغی جیاوازدا ئەنجامدرا و لەلایەن دیکتاتۆر سەددام حوسین ناوی( ئەنفال)ی لێنرا و ئامۆزاکەی بە ناوی عەلی حەسەن مەجید ناسراو (بە عەلی کیمیاوی) ئەم وشەیە خرایە فەرهەنگی بەعس بۆ پاکتاوکردنی نەتەوەی کورد لە نێوان 23ی شوبات تاوەکو 6ی ئەیلوول 1988.
-40 ساڵ لە بێسەروشوێنکردن و گۆڕ بزرکردنی بارزانییەکان
40 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنفالی گوڵاڵە سوورەکانی بادینان و بارزانیەکان، فاشیستەکانی بەعس ترسنۆکانە لەژێر پەردەی تاریکی شەودا کەهاتن بۆ بارزانییەکان، ئەوانیان لە شیرینە خەودا بە گەنج و پیرەوە بردە بیابانەکان و لەژێر تاریکی شەودا نامەردانە کردیانن بە ژێر لمەوە و هەموو جوانییەکانیان شێواندن، تەنها لەبەر ئەوەی کورد بوون و بارزانی بوون. کوردبوون لە چیای شیرین و لانکەی شێران بسڕنەوە، بەڵام ئەوان چەند دڕندە و بێویژدان بوون نەیانتوانی ئاڵاکەتان نەوێ بکەن و ئێوە لە ویژدان و ژیانی ئێمەدا سەربەرزانە دەژین و لە سایەی خوێنی ئێوە و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان لە هەرێمی کوردستان.
لەم یادە پڕ شکۆیەی بارزانییەکان و ئەنفال و هەشت قۆناغەکەی، دەمەوێت وەک چالاکوانێکی بواری جینۆساید و ئەنفال کە ساڵانێکی دوورودرێژە له تاراوگە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی پەیوەست بەو کارە کاردەکەم و خەرمانێک نووسینم هەیە وەک ڕۆژنامەنووسێک، دەبێت ئەنفال لە دروشم و پەیام و بەیاننامە و یادکردنەوەی ناوخۆیی بگۆڕین و بگوازینەوە بۆ لۆبیکردن و گواستنەوەی پەیامەکانمان بە بەڵگە و توێژینەوەی باوەڕپێکراو بۆ کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و بەدەستهێنانی بەڵگەی باوەڕپێکراو و خۆمان بەدوور بگرین لە هاوسۆزی بێ کردار .
– ئەنفال لە دروشمەوە بۆ لۆبیکردن
ئەوەی جێگهی تیبینی منە وەک ڕۆژنامەنووسێک لە هۆڵەندا، لە دوای 150 ساڵ تیپەڕبوون بەسەر کۆلۆنیکردنی وڵاتی سۆرینام، لە تەمموزی 2023 ویلیەم ئەلێکساندەر پادشای هۆڵەندا بە فەرمی لەبەردەم نەوەکانی کۆیلەکان و ڕێکخراوەکانیان، بەناوی وڵاتەکەیەوە داوای لێبووردنی لە بەشداریکردنی هۆڵەندا لە بازرگانیکردن و بەکۆیلەکردنی هاووڵاتیانی ئەفریقی و ئیندۆنوس و سۆرینام لەسەردەمی داگیرکارییدا کرد و گوتیشی لە کانوونی یەکەمی ڕابردوودا مارک ڕووتە سەرۆکوەزیرانی هۆلەنداش بەناوی حکوومەتەوە داوای لێبووردنی کرد، کە لەدوای ڕۆژی 1ی تەمموزی 1863 هۆڵەندا بەفەرمی کۆتایی بەکۆیلایەتی هێنا، بەڵام دوای دەیەیەک لە ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتی، کۆیلایەتیش هەر بەردەوام بوو، لە سەدەی حەڤدەدا هۆڵەندا یەکێک بوو لە هێزە هەرە گەورەکانی ئەورووپا بۆ بازرگانیکردن بە کۆیلەکانەوە لە ڕێگەی زەریای ئەتڵەسییەوە هاوڵاتیانی ئەفریقی و ئیندۆنووس و سۆرینامی گۆڕیوەتەوە. کۆماری سۆرینام وڵاتێکە لە باکووری ئەمەریکای باشوور، پایتەختەکەی شاری پارامایبۆیە، لە ساڵی 1975 سەربەخۆیی خۆی وەرگرتووە، سورینام بچووکترین وڵاتی خاوەن سەروەرییە لە ئەمەریکای باشوور لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی دانیشتووانەوە، زمانی ڕەسمی قسەپێکردن و خوێندنی زمانی هۆڵەندییە، ئابووری وڵات بە پلەی یەکەم پشت بە کشتوکال دەبەستێ وەک برنج و لۆکە و مۆز و لەگەڵ ڕاوکردنی ڕۆبیان لەناو دەریادا، ژمارەی دانیشتووانی لە ساڵی 2013 دا 539267 هەزار کەس بووە و ڕووبەری وڵاتهكهش ( 163270) کیلۆمەتر چوار گۆشەیە .
– کوردستان و لۆزان و عێراق لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدان
لەگەڵ تەوژمی بە دیموکراسی ناسین و پارێزگاری کردن لە مافی مرۆڤ و خۆڕاستکردنەوە بۆ نەمانی ڕاسیزم و پێکەوەژیان، ئەوە هەڵوێستی فەرمی هۆڵەندا و پادشا و حکوومەتەکەی بوو بەرامبەر ڕابردووی ناشرینی خۆیان و داگیرکاریان و کۆیلەکردن بە خەڵکەوە کە بەشێکە لە کۆمەڵکوژی. دیارە ئەمەش گوشاری نەوەکانی کۆیلەکان بووە لە ڕێکخراوەکانیان و لۆبیکردنیان بوون کە هۆڵەندا بگەیەننە ئەو ئاستەی ئەم لێبوردنە ڕابگەیەنن و کۆمەڵێک ئاکامی باش لە دەستکاریکردنی جەژنەکانی سەری ساڵ کە پەیوەستە بە ڕەشپێستەکان و ئاوەدانکردنەوەی سۆرینام و قەرەبووکردنەوەیان لەلایەن هۆڵەندا بکەوێتە بواری جێبەجێکردن. کوردستان دەتوانێ لە دوای هەڵوەشاندنەوەی 100 ساڵەی لۆزان یەخەی داگیرکارانی کوردستان لە عێراق و بکەری دابەشکاری کوردستان لە وڵاتانی زلهێز بگرێت و دەستبەرداری کۆمەڵکوژی و کاولکاری کوردستان نهبێ و مافە نەتەوەیی و سیاسی و دیموکراسییەکانی کورد بسەلمێنن، داگیرکارانی کوردستان نەک هەر داوای لێبوردن ناکەن بەڵکو زمانی زبر و هەڕەشەش بەکاردههێنن، بۆیە دەکرێ ئەنفال لە دروشمەوە بگۆڕین و بیبهینه کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و بەر دەرگای دادگاکانی نێودەوڵەتی و گوشاری ڕەوەندی کوردستانیش بخرێتەکار بۆ ئەو مەبەستە تا گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکان کە سەربەخۆیی کوردستانه.