
خەبات- سەید فاتیح بەرزنجی:
ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی بەنزین بەرزبۆتەوە و هاووڵاتیان و شوفێران زۆر نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و لەوەتەی نرخی بەنزین بەرزبۆتەوە سەرەی بەنزین جەنجاڵی زۆری تێكەوتووە ئەو بەنزینەی كە دابەشدەكرێت بەنزینی لانازە و نرخەكەی بە 750 دینارە و بەنزینی كەرتی تایبیەت بە 1100 دینارە ئەو نرخەش بەلای هاووڵاتیانەوە زۆرە بۆیە سەرەی بەنزینی لاناز جەنجاڵی پێوە دیارە وەك ڕۆژنامەی خەبات ئەو بەدوا داچوونەمان ئەنجامدا.
شوفێران گلەییان لە گرانی و خراپی جۆری بەنزین هەیە
سەردانی هەر بەنزینخانەیەكی جۆری لاناز بكەین ئەوا جەنجاڵیان پێوە دیارە لەبەر ئەوەی كە نرخەكەی لەچاو بەنزینی كەرتی تایبەت هەرزانترە و شوفێران و هاووڵاتیان گلەیی و گازاندەیان لە گرانبوونی نرخی بەنزین هەیە لەو ڕاپۆرتەدا ژمارەیەك لە شوفێرانمان دواند:
مام ئازادی شوفێر تاكسی گوتی: گلەیی و گازاندەمان لە گرانبوونی نرخی بەنزین هەیەو نازانین بۆچی لە ناكاو نرخی بەنزین گران بوو ئێمەی شوفێرانی تاكسی ناتوانین بە 1100 دینار بەنزین بكڕین لەبەر ئەوەی ئەو نرخە زۆر بەرزە بۆمان دەرنایەت بەو نرخە زۆرە بەنزین بكڕین.
عوسمان محەمەدی شوفێر گوتی: لەبەر گرانبوونی نرخی بەنزین بەشێكی هەرە زۆری هاووڵاتیان و شوفێران لە و بەنزینخانانە تێدەكەن كە بەنزینی لاناز دەفرۆشن و نرخی بەنزینی كەرتی تایبەت گەلێ گرانە.
مام خدری شوفێر گوتی: ئەگەر ڕوو لە هەر بەنزیخانەیەكی شار بكەین ئەوا نرخی بەنزین گرانەو تەنها بەنزینی لاناز نرخەكەی باش بوو لەچاو بەنزینی كەرتی تایبەت داوا كارین لایەنە پەیوەندیدارەكان نرخی بەنزین هەرزان بكەن و سەرەی بەنزینە هەرزانەكە گەلێ جەنجاڵە.
شاكری شوفێر گوتی: ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی بەنزین گەلێ گرانە وادیارە بەنزینی حكوومی لە ئێستادا بەكەمی دێت بۆ شارێكی گەورەی وەكو هە ولێر ئەو بڕە بەنزینەی كە دێت زۆر كەمە و پێویستە لایەنەپەیوەندیدارەكان چارەسەری قەیرانی سووتەمەنی بكەن.
حاجی محەمەد خاوەنی پیكابێك بوو گوتی: من ئەو پیكابەم بۆ كرێ كڕیوە و كاریش زۆر كەمە چۆن دەتوانم بە 1100 دینار بەنزین بكڕم بۆیە داوا لە لایەنە پیوەندیدارەكان دەكەم تا زووە چارەسەری ئەو بەنزینە بكەن.
ستار غەریبی فەرمانبەر گوتی: نازانین هۆكاری گرانبوونی بەنزین چییە و چۆن دەتوانین بەو نرخە زۆرە بەنزین بكڕین لە كاتێكدا فەرمانبەرین و ماوەی چەند ڕۆژێكە مووچەش دوا كەوتووە و نرخی بەنزینیش بەرەو گرانبوون چووە و زۆربەی هاووڵاتیانیش گلەییان لەو نرخە زۆرەی بەنزین هەیە پێویستە بەدوا داچوون بۆ گرانبوونی نرخی بەنزین بكەن.
شاخەوانی فەرمانبەر گوتی: بەنزینی لاناز نرخەكەی باشترە لەچاو نرخی بەنزینی كەرتی تایبەت بۆیە بەناچاری زۆربەی هاووڵاتیان بۆ دەسكەوتنی بەنزینی لاناز سەرە دەگرن و چەند كاتژمێرێك خەریكی سەرە گرتنی بەنزین دەبن.
حكوومەتی هەرێم لە هەوڵدایە بۆ چارەسەری كێشەی بەنزین
بۆ بەدواداچوونی كێشەی بەنزین نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕوونیكردەوە: لە نزیكەوە ئاگاداری گرانبوونی نرخی بەنزینین و هۆكاری گرانبوونەكەی بۆ بەرز بوونەوەی خواستی زۆرە لەسەر بەنزین بۆ ئەم مەبەستەش حكوومەتی هەرێم لە هەوڵەكانی خۆی بەردەوامە تا هەرچی زووە كێشەی بەنزین چارەسەر بكرێت بەڵام پێویستە ئەو ڕاستیەش بزانین كە لە كوردستان ژمارەی ئوتومبێل ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە زیاد بووندایە جگە لەوەش ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆری ئوتومبێل لە شارەكانی خوارووی عێراق دێنە كوردستان هەروەك بەرچاوە ئوتومبیلێكی زۆر لە شارەكاندا هەیە بۆیە ڕۆژانە خواست لەسەر بەنزین زۆر زیاد دەكات دواتر باسی ئەوەشی كرد كە جگەلەوەش كوالیتی بەنزین زۆر گرنگەو ئێمەش زۆر بەووردی چاودێری بەنزیخانەكان دەكەین و هەر بەنزینخانەیەكیش بەنزینی كوالیتی خراپ بفرۆشێت بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان پشكنین بۆ بەنزین دەكەن و لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژانەی دواییدا ژمارەیەك بەنزینخانە لە سەر خراپی كوالیتی بەنزین سزا دراون و چاوپۆشی لە هیچ كەسێك ناكەین و هەر هاووڵاتیەك كە زانی بەزنینی خراپ لە كوێ هەیە دەتوانێ ئاگادارمان بكاتەوە.