یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا لەهەینی رابردوو لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆیان بڵاویكردەوە كە لویس سوارێز هێرشبەری یانەی بەرشلۆنە بۆتە خاوەنی خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی تشرینی یەكەم، سوارێز رۆڵێكی كاریگەری هەبوو لەسەركەوتنەكانی یانەی كاتەلۆنی لەو مانگەدا، لەدوای ئەوەی لیۆنێل مێسی هاوڕێی بۆ ماوەیەك لەیاریگا بەهۆی پێكان دووركەوتەوە، سوارێز لەو مانگەدا 4گۆڵی تۆماركردوو و 2گۆڵیشی دروستكرد. یانەی بەرشلۆنە خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی بۆ جاری دووەم لەسەر یەك بەدەستهێنا، دوای ئەوەی مێسی لەمانگی ئەیلوول ئەم خەڵاتەی بردەوە. بڕیارە سوارێز خەڵاتەكەی بەر لەدەستپێكی یاری داهاتوویان بەرامبەر ریال بیتیس كە ئەمشەو لەسەر یاریگای كام نو ئەنجامی دەدات بەرز بكاتەوە، بەرشلۆنە لەو مانگەدا 2سەركەوتن و یەك یەكسان بوونی بەدەستهێنا، كە لەگەڵ ڤالێنسیا بەگۆڵێك یەكسان بوو، پاشان بە 4-2 لە ئیشبیلیەی بردەوەو دواتر لەیاری كلاسیكۆ بە 5-1گۆڵ بەسەر یانەی ریال مەدرید سەركەوت.









