خهبات: ڕۆشنا عەلی
بەهۆی زۆر بوونی پەنابەران چ لەپارێزگاكانی دیكەی عێراق وچ پەنابەرانی ڕۆژئاوا چەندین قوتابخانە ی تایبەتیان بۆكراوەتەوە ،كە هەندێكییان بۆ عەرەبی عێراق و هەندێكی بۆكوردانی ڕۆژئاوایی وهەندێكیشییان بۆهەردوكیانن وەك قوتابخانەی لاوەندی بنەڕەتی كە یەكێكە لەو قوتابخانانەی بیناكەی لەلایەن ڕێكخراوی یونسێفەوە لە گەڕەكی 121 ی گوڵان دروستكراوەو دەوامێك قوتابیانی پەنابەرانی ڕۆژئاوا تیایدا دەخوێنن كە ژمارەیان بەوتەی بەڕێوەبەری قوتابخانەكە 488 قوتابییەو دەوامێكیش پەنابەرانی عەرەب كەژمارەیان 328 قوتابییە تیایدا دەخوێنن و پۆلی یەك تاشەشی تێدایە ، قوتابخانەی لاوەند چەندین گرفتی پەروەردەیی هەیە كە بەڕێوەبەرو مامۆستاكان و ستافی كارگێڕی بەدەستییەوە نیگەرانن ، لاپەڕەی پەروەردە بەدواداچونێكی بۆئەم مەبەستە ئامادەكردووە.
مامۆستا موشتاق شاكر بەڕێوەبەری قوتابخانەی ناوبراو ئەوەی نەشاردەوە كە هەریەكە لە یونسێف و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر خۆیان بە خاوەنی قوتابخانەكە نازانن و لەو نێوانەدا ئەمبەرەوبەریان پێدەكەن ئەو بەڕێوەبەرە بۆخەبات وتی ” ئەم قوتابخانەیە یونسێف دروستی كردووە كە بێگومان دەبێت كێشەی نەبێت، بەڵام ژووری من و یاردەدەرو مامۆستاكان داهاتووە وئاوێكی زۆر لەبەردەم قوتابخانەكە كۆدەبێتەوە كە هەم بۆ ژینگە ناشرینە و هەم بۆ قوتابخانە، بینای قوتابخانەكەش توشی داڕمان هاتووە و سەبەكەش شەق بووەو ئاوێكی زۆر زۆر كۆدەبێتەوە ، جگە لەوەی قوتابخانەكە شورای كۆنكرێتی یان بلۆكی نییەو تەنها تەلبەندە و یونسێف دەڵێت: ئەم تەلبەندە سیستەمی یونسێفە ، كێشەكە ئەوەیە ئێمە پاسەوانمان هەیە بەڵام پاسەوان تەنها شەوان دێت و تەواوی كاتەكە كەس لە قوتابخانە نییە ، ئێرەش گەڕەكێكی شەعبییە ، مناڵی زۆرە دێنە ناو قوتابخانە داتاشۆو سبلیت و چەندین شتی دیكە لەقوتابخانەكەدا هەیە ، منداڵ و هەندێ جار گەنجیش تەلەكە ئەبڕن و دێنە ناو قوتابخانە چەندین جارچاكمان كردۆتەوەو دێنەوە دەیبچڕێننەوە لەڕاستییا ئیشی ئێمە بووە بە چاككردنەوەی ئەو تەلە ، بەداخەوە شتییان بردووە ئاگریان لە نزیك تەلەكە كردۆتەوە خۆتان ئەزانن ئەمە هەمووی كابینەیە هەرخۆی زۆر بە ئاسانی گڕ دەگرێت.
ئەمە چەندین كێشەی بۆ قوتابخانەكە دروستكردووە چەندین جار داوامان لە یونسێف كردووە ئەڵێت” من تەسلیمی وەزارەتی پەروەردەم كردووە وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و ئێمەش لەو نێوانەدا ماوینەتەوە و من خۆم داوام لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە كردووە نوسراوم داوەتە بەشی بیناسازی ئەڵێت پارەمان نییەو پەیوەندی بە یونسێفەوە هەیە، ژمارەیەكی زۆر قوتابی تێدایە دەوامی بەیانییان 488 قوتابی دەوام دەكات و دەوامی ئێوارانیش 328 قوتابی دەوام دەكات ، خۆم ئامادەم لە پارەی حانوت یان كەس و كاری قوتابی چارەسەری بكەم، بەڵام ڕێگامان پێنادرێت و خۆشییان بۆمان ناكەن پاربەبڕی 400000 هەزاردینار تەلم بۆكڕیوەو خۆم چاكم كردۆتەوە، بەڵام خۆ ناكرێت تۆ مەسرەف بەبێ سوود بكەیت ،چونكە یەك داتاشۆ ببرێت زۆرە ، حاڵەتی سەیر ڕوویداوە كە جارێك یاریدەدەرەكەم هاتبوو بینیبووی چەند گەنجێك نێرگەلەیان لە حەوشەی قوتابخانەكە داناوەو لە تەلەكانەوە چونەتە ناو قوتابخانەوە ، جگە لەوەی زۆر جاری واهەیە گەنج لەدەوری قوتابخانە كۆدەبنەوە كە پۆلێك وەرزشییان هەیە و كچن خۆناكرێت هەموو دەقەیەك تەلەفۆن بۆئاسایش بكەیت و بێن هەرچەندە ئەو حاڵەتە چەندین جار دوبارە بۆتەوەو ئاسایش هاتووە.
كێشەیەكی دیكەی ئەم قوتابخانەیە ئەوەیە ئەمساڵ 2018- 2019 پۆلی یەك و دوویان كردە كوردی لەسەر پڕۆگرامی وەزارەتی پەروەردە ، یونسێف كتێبی چاپكردووە چووە زمانی كوردی هەمووی بە بادینی چاپكردووە و پڕۆگرامی سۆرانی تێدا نییە ئێستاكە چووین كتێبمان باركردووە هێناومانە ئەو هەموو ماندووبوونە كتێبی كوردی هیچ تێدانییە لە پۆلی یەكەوە تا شەش بێجگە لە كەم و كوڕی لە علوم و بیركاری و بابەتەكانی تر چووم قوتابخانەو قوتابخانە بە پەیوەندی خۆم هەندێك كتێبم پەیداكردووە بڕوا بكە چوومەتە قوتابخانەیەك یەك كتێبی كوردی پێداوم ، وەكو سواڵ ،چونكە هەموو كوردی دەخوێنن تا شەش زائید ئەوانەشی كە پۆلی یەك و دوو بوونەتە كوردی .









