خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- (یادەوەرییە زێڕینەکانی جارانی سلێمانی و تاراوگە) کتێبێکی یادەوەریی مامۆستا (زاهیر ئەحمەد سەوز)ە و لەلایەن کاکە ( زانیار سەردار قڕگەیی) نووسەر ئامادە کراوەو 464 لاپەڕەی قەبارە گەورەیە، بەتیراژی (1000) دانە چاپکراوە و لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی سپاردنی (521)ی ساڵی 2023 ی دراوەتێ، نووسەر و ئامادەکار کتێبەکەی پێشکەش بە گیانی پاکی ڕۆشنبیر و ڕووناکبیر مامۆستا (فەلەکەدین کاکەیی) کردووە و پڕۆفیسۆر دکتۆر فوئاد حەمە خوڕشید پێشەکی بۆ نووسیووە، شایانی باسە ئەم کتێبە، بە دیزانێکی جوان نەخشێنراوە، بەرگی یەکەمی بە وێنەیەکی ڕەش و سپی شاری سلێمانی کۆن و وێنەیەکی مامۆستا زاهیر ئەحمەد سەوز و بەرگی دووەمیشی بە وێنەو نووسینێکی نووسەر خۆی ڕازاوەتەوە، دیزاینی بەرگ و ناوەرۆک لەلایەن (عومەر عوسمان و شاخەوان جەعفەر ) پیتچنین (شاناز ئەحمەد و میران ئەحمەد) کاری خۆشنووسیی بەرگەکەشی ، ئەحمەد سەعیدە و نووسەرخۆشی هەڵەچنینی بۆ کردووە، لەو ڕۆژانەدا کەوتە بەر دەست و دیدی خوێنەران و هەوادارانی کتێب و کەلێنێکی تری لە کتێبخانەی کوردیمان پڕکردەوە، جوانترین پیرۆزبایی و دەست خۆشانەی گەرم لەکاک زانیار و مامۆستا زاهیر سەوز دەکەین و هیوای بەردەوامیی کاری زیاترو باشتریان لێدەکەین و ئومێدی سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین و پێیان دەڵێین: خەرمان بەرەکەت.

کورتەیەک لە ژیاننامەی نووسەر
نووسەرو ڕۆژنامەنووس ناوی تەواوی ( زانیار سەردار عەبدوڵڵایە)و بە (زانیار قڕگەیی) لە ناوەندی نووسین و ڕۆژنامەنووسییدا ناسراوە
زیاتر لە 20ساڵە کاری ڕۆژنامەنووسیی دەکات.
ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتییە و ئەندامی لقی هەولێری نووسەرانی کورد.
ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری هەڵەبجەو ئەندامی کۆنگرەی شەشی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بووە.
زیاتر لە 43 جار خەڵات و سوپاس و ڕێزلێنانی پێدراوە.
نووسەر بەو بەرهەمە تازەیەوە (24) کتێبی چاپکراوە و کتێبخانەی کوردیمانی ڕازاندۆتەوە.