خەبات: رۆشنا عەلی:- لە كۆڕبەندی پەروەردەیی وەزارەتی پەروەردە كە رۆژی 25-7 ئەنجامدرا بە ئامانجی بەرباس خستنی كۆمەڵێك مژاری پەروەردەیی و تێگەشتن و پێكگەشتنی بۆچوونە جیاوازەكان لاپەڕەی پەروەردە چەند تەوەرێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ میوانانی پێشانگاو كۆربەندەكە ڕێكخست.
*جەبار ئەمین ئەندامی پێشووی پەرلەمانی سوید لەلیژنەی پەروەردە وەك ئامادەبوویەكی كۆڕبەندەكە لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەم كۆڕبەندانە دەتوانێت قۆناغێكی نوێ بۆ پەروەردەی كوردستان فەراهەم بكات؟ لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوەدا كەئەم كۆڕبەندانە سەكۆی نزیكبوونەوەو لەیەك گەشتنن، ئەو گووتی: لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدرێت و ساڵانە ڕێكدەخرێت، دەبێتە سەكۆیەك بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا و زانیاریەكان و گفتوگۆ , بۆ ئەوەی وا لە ئێمە بكات بیربكەینەوە ئایا چ شێوازێكی تری كار هەیەو دەتوانین بیكەین؟ لە یاساو ڕێسا لە شێوازی پێدا گوجی لەتاقیكردنەوەو سەرپەرشتیكردندا هەموو ئەو ئەزموونە جیهانیانەی كە هەیە زۆربەی كات لە كۆڕبەندەكاندا باس دەكرێـت و پێشنیاز دەكرێن.
*دەربارەی ئەوەشی كەچەند ساڵێك پێش ئێستا لە كۆنفڕاسێكی تردا و لەلێدوانێك لەگەڵ ئێوە باسی پەروەردەمان كرد، لەو كاتەوە تا ئێستا هەست دەكەن چ گۆڕانكاریەك لە سیستەمی پەروەردەی هەرێمی كوردستاندا كرابێت؟ ئەوەی من ئاگادارم چەند شتێیەكی زۆر باش كراون بۆ نموونە ئەم سەكتەرەی پەروەردە بێ یاسا بووە و یاسایەكی گشتگیری نەبووە، بەڵكو یاسا هەبووە تەنها بۆ ڕێكخستنی كاروباری وەزارەت ئێستا یاسایەكی گشتگیر هەیە كە هاوتای كەمە لە ناوچەكەدا وەكو بنەمایەكی دەستوری بۆ ئەوەی بواری پەروەردە بەڕێوە ببات.
هەروەها لە ڕووی سەرپەرشتیاری شێوازی پێشووی سەرپەرشتیاری شێوازێكی مردوو بووە دەبینم ئیرادەیەكی ئیداری هەیە بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە، هەروەها بە دیجیتاڵكردن دەبینم كەكەم وڵات هەیە لە ئێستادا پەروەردەی بە سیستەم كردبێت ئەمانە هەموو دەتوانن ببن بە هاوكارێك ،چونكە پرۆسەی پەروەردە پرۆسەیەكی زۆر دوورو درێژە وەك هەندێك پڕۆسە نییە تۆ بیكەیت و بەرهەمەكەی ساڵێكی ترببینیت بەرهەمی ئەم گۆڕانكاریانەی لەم چەند ساڵەدا كراوە لەوانەیە دەساڵی تر ببینرێت.
*كەواتە پێت وایە ئێمە ئەگەر نەگەینە وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان لە پەروەردەدا، بەڵام زۆرخراپ نییە؟ هەموو ئەو وڵاتانەی كە ئیرادەیەكی سیاسییان هەیە بۆ گواستنەوەی ئاستی پەروەردە لە ئاستێكەوە بۆ ئاستێكی تر چەند ساڵێكی ویستووە، نەك تەنها لە عێراقیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستێكی نزمدایە، بەڵام ئەم دەسپێكەو ئەم ئیرادەیەی كە ئێستا دەیبینم دەكرێـت بنەمایەكی باش بێت بۆ ئەوەی ئێمە هیوامان هەبێت و بڵێن ئێمە دەگەینە قۆناغێكی تر.
جەبار ئەمین بۆ خەبات دەدوێ