خەبات:بەرهەم شێخ عزەدین:- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەدیدارێكی میدیای لەگەڵ چین و توێژەكان وەڵامی پرسیار و پێشنیارەكانی دانەوەو گوێی لێی گرتن،لەو توێژانە هونەرمەندان بون كە قسەو باسی خۆیان دەربارەی ڕەوشی هونەرخستە ڕوو،لەو ڕووانگەیەوە هونەرمەندان بەبایەخەوە لە وتەكانی سەرۆكی حكومەت دەدوێن،هونەرمەند فەرهەنگ غەفور لەوەڵامی پرسیارەكانی خەبات بەم جۆرە بۆمان دوا:
*سەرۆكی حكومەت وتی هونەرمەندان مەغدورن هۆكارچییە؟
پیشەی توێژی هونەرمەندان و رۆشنبیران و نووسەران بریتییە لە بەرهەمی هزری و داهێنان و چالاكیی خۆیان، ئەوەی دەیكەن و دەینووسن و دەینوێنن، بێبەرامبەر پێشكەشی بینەر و خوێنەرانی دەكەن. واتە بەرهەمی ماندووبوون و رەنجی ئەوان بێ دەسكەوتی مادی، بۆ كۆمەڵگایە، رەنگە لە رووی مەعنەوییەوە ناو و ناوبانگ و خۆشەویستییەكیان لای جەماوەرەكەیان بۆ دروست بكات، بەڵام ئەوە لە ژیاندا بەتەنێ بەس نییە، ژیان بەتایبەت لەم رۆژگارە زۆر سەختە و پێداویستییەكانی ژیان زۆر گرانن. راستە هەندێ هونەرمەند، رۆشنبیر، نووسەر، وەرگێڕ هەن كە وەزیفەیان هەیە و لە ڕێی مووچەی وەزیفەوە ژیانێكی سادە و ئاسایی بەڕێ دەكەن، بەڵام هەموویان نیین، ئەوەی هەشیانە تێری ژیانیان ناكا و بواری ئەوەیان نابێ خۆیان بۆ كاری هونەری، نووسین، وەرگێڕان و چالاكییەكان تەرخان و یەكلا بكەنەوە. لەم روانگەوە، رێزدار سەرۆكی حكوومەت لە موعاناتی ئەو توێژە تێدەگا و دەزانێ كە مەغدوورن، بەتایبەت كە هونەرمەندان لە وڵاتان وێڕای باری مەعنەوی، باری دارایی و بژێویشیان لەوپەڕی باشیدایە و نەك هەر خۆیان بۆ پیشەكەیان تەرخان دەكەن، بەڵكوو هەوڵ دەدەن داهێنانی زیاتری تێدا بكەن، چونكە مادی و مەعنەوی تیایدا سوودمەند و بەهرەمەندتر دەبن.
*بۆ هەتا ئێستا یاسای پاراستنی بەرهەمی هونەرمەندان لەكوردستان نییە كێ هۆكارە؟
یاسای ژمارە ١٧ ی ساڵی ٢٠١٢ پەرلەمانی كوردستان كە بە یاسای مافی دانەر و مافە هاوسێكانی دەرچووە خۆی لەخۆیدا ئەهەمیەتی خۆی هەیە ، كە پێك هاتووە لە ٤٧ ماددەی تۆكمە ، بەڵام گرنگ یاسا نییە، بەقەد ئەوەی جێبەجێكردنی یاسا گرنگە، ئەشێ یاسای باش بۆ ڕێكخستن و چاككردنی هەر توێژێك هەبێ، بەڵام لە كاتی خۆیدا و لە شوێنی خۆیدا وەك پێویست جێبەجێ نەكرێ، ئەوكاتە هێزی یاساكە و گرنگییەكەی مانا و بەهایەكی وای نابێ. لەمەشدا هەموولایەك بەرپرسیارن، لایەنی یاسادانەر، لایەنی جێبەجێكاری یاسا، خودی كۆمەڵگە و تێڕوانینی بۆ یاساكە و بەهەندوەرگرتنی یاسا، خودی توێژەكەیش كە یاساكەی بۆ دانراوە، ئەمانە هەموویان بەقەدەر خۆیان ئەرك و بەرپرسیارییان لەسەر شانە و كەموكوڕی لە هەر یەكێكیان كار ئەكاتە سەر هێزی یاساكە و لێكەوتەكانی.
*چۆن دەتوانرێت وابكرێت هونەرمەندان خۆیان بەبەرهەمەكانیان بژێنن؟
بە یاسا، بە ڕێگەنەدان بە پێشێلكردنی یاسا، بە لێپێچینەوە و غەرامە و سزادان. هونەرمەند مافی ئەوەی هەیە لە بەرهەمەكەی خۆی سوودمەند بێ، بەرهەمی هونەرمەند ئەگەر بۆ سەرخانی كۆمەڵگە بەها و هێز و پاڵپشتییە، خۆ دەبێ بۆ ژێرخانی خودی هونەرمەندەكەش خێرێكی هەبێ. ڕێگریكردن لە كۆپیكردن و دزینی بەرهەم و رەنجی هونەرمەندان، دۆزینەوەی بازاڕی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان،گرنگە بۆیە بەڕێز سەرۆكی حكوومەت داوای پارساتنی مافی بەرهەمی هونەرمەندان دەكات، ، رەواجدان بە بەرهەم و كولتووری رەسەنی كوردەواری و پەسەندكردنی بەسەر كولتووری بیانی و لاساییكردنەوەی كوێرانەی تفتوتاڵی بێگانە، ئەمانە وا دەكەن دەروازەیەك و ئاسۆیەك لەبەردەم هونەرمەندی پیشەوەردا ببێتەوە و بەری رەنجی خۆیشی بخوات.
*تاچەند هاوڵاتیان بایەخ بەبەرهەمە كانی هونەرمەندانی خۆمان ئەدەن؟
هاووڵاتییانی كورد لە سەردەمی زوودا و تا چەند ساڵێك پێشتر، زۆر هۆگر و شەیدای هونەر و هونەرمەندە ڕەسەنەكانی كورد بوون، ئەمەش هۆكاری هەبوو، لەوانە، ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی، رەسەنایەتیی كولتوور و كەلەپووری كوردەواری، بەرهەمی دانسقە و بەهێز، كە لەگەڵ داب و هەستی خەڵكەكەدا دەهاتەوە، نەبوونی ئەو گەرەڵاوژەی سۆشیال میدیا و ئەو بەرەڵاییەی لەناو میدیا بەگشتی و سۆشیال میدیا بەتایبەتی، سایایینەكردنەوەی كوێرانەی بیانی، بەڵام ئەمڕۆكە، خەریكە مرۆڤ دەبێت بە ئامراز بەدەست تەكنەلۆژیا و سۆشیال میدیا و عەولەمەوە، منداڵی كەمتەمەن تا پیر و بەساڵاچوو، بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە سەری دەناو تەكنەلۆژیا و سۆشیال میدیا دایە، لەوێ رەسەنایەتی نا، بەڵكوو عاجباتییەكان دەبینێ، ئەو عاجباتییانەی پێی وایە لایەنە بەتاڵەكەی دەروونی بۆ پڕ دەكەنەوە، لە گەیشتن بە هەزار زڕەخەون، كە نەك پێیان ناگات، بەڵكوو زۆر لە خەونەكانی خۆیشی دوور دەكەوێتەوە، زۆر لە واقع دوور دەكەوێتەوە و هەستەكانی ون دەكا و سەرەنجام دەبێ بە ئامرازێك بەدەست ئامرازی سۆشیال میدیا و تەكنەلۆجیاوە.
*حكومەت چی كردووە بۆ بایەخ دان بەڕەوشی هونەرمەندان؟
ئێمە هەموومان دۆخی حكوومەتی خۆمان دەزانین، كە بەدەست ئەو هەموو تەنگژە و پیلانانەی لەسەری كران و دەكرێن چۆنە، لەگەڵ هەندێش ئەوەی لە توانایدا بووبێ، لە تەواوی سێكتەر و بوارەكان، بەگوێرەی توانا كردوویەتی، لە بواری هونەر و هونەرمەندانیش كاری باشی كردووە، ئەگەرچی لە ئاست داخوازیی هونەرمەندانیشدا نەبووبێ. حكوومەت لە رێی دامەزراوە تایبەتمەندەكانەوە، وەك وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، پەیمانگا و كۆلێژەكانی هونەر، سەندیكا و رێكخراو و سەنتەرەكان، چالاكی و فێستیڤاڵ و پێشانگا و كۆڕ و سمیناری كردوون و زۆر جار سپۆنسەری كار و چالاكییەكانی كردوون، بەڵام وەك گوتم، تواناكانی حكوومەتیش بەهۆی ئەو هەموو گەمارۆ و دۆخانەی هاتنە پێشی سنووردارە، ئومێد دەكەین دۆخەكە باشتر ببێ و كەموكوڕییەكان پێ بكرێنەوە، هۆڵ دروست بكرێن و نۆژەن بكرێنەوە، فێستیڤاڵ و كۆنسێرت و كۆڕ و پێشانگا و پێشكەشكردنی بەرهەمەكان باشتر بكرێن و پێداچوونەوەیەكی باشتر بە دۆخی هونەر و هونەرمەنداندا بكرێ.