هۆشیار زێباری*
ئەم پرسیارە لەگەڵ قەیرانەكەی ئەم دواییەی نێوان سەرۆكایەتی كۆمار و پێگەی پاتریاركی مەسیحی كلدانی لە عێراقدا، بە توندی خۆی ڕاپێش دەكات. پرسیارێكە كە ئەگەر هەر پۆلێنێكی گشتی هەبێت، شایەنی ئەوە بوو كە (پرسیارێكی سەروەریی)پەیوەیست بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە بێت، هاوشێوەی ئەو پێوەرە پێناسەیی و دامەزرێنەرانەی دەوڵەت، دەسەڵات و دامودەزگاكان لە عێراقی تازەدا بێت، كە عێراقییەكان لە پێشەكی دەستوورەكەیان دایانناوە و ئەو ئامانج، دیدگە و ڕێگەیانەیش دیاری دەكات، كە دەستوور بۆ هەموو دەسەڵات و دامودەزگایەكی حوكمڕانی لە وڵات، وەكو دیموكراسی، مەدەنییەت و فیدراڵیزم دەیەوێت و دیاری كردووە، لەگەڵ پابەندبوون بە بەها جیهانییەكان و ڕێكخراوی مافی مرۆڤ، دەست لێدانیشیان بە پێشێلكاری بۆ بنیاتی خودی عێراق دادەنرێت، مەسیحییەكان و ئامادەبوونیان بەشێكی دامەزرێنەرن لە كرۆكی دەوڵەتی عێراقی تازە، ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی ناوخۆیی و ناوچەییدا.
ڕێك هاوشێوەی ئەو ناوەڕۆكانە، مەسیحییەكان، پێشان و ئێستاش، بەهایەكی سیاسی، كۆمەڵایەتی، كولتووری، گەشەسەندن و گیانی زیادەی عێراقن، هەموو عێراق. بۆیە، هەر دامودەزگا یان دەسەڵاتێكی عێراقی، لەهەر پێگە و ئاستێكی هەژموونیدا بێت، پێویستە پارێزگاریی لەو ئامادەبوونەی مەسیحییەكاندا بكات، سەرەتا لە بەرژەوەندی مەسیحییەكان و خزمەتكردنیاندا بێت، بەو ئاكارەی هاووڵاتی عێراقین و بە گوێرەی دەستوور ئەم مافەیان هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی بەهای زیادكراویشیان، كە بە هەمیشەیی لە بەرژەوەندی عێراقدا بووە.
مەسیحییەكانی عێراق تەنها ژمارەیەكی دیمۆگرافی یان كەمینەیەكی دانیشتوان نین، ڕووبەرێكی پەراوێزخراویان لە بەرهەمهێنان، ژیانی گشتی و بزووتنەوەی سەرتاسەریی گەلی عێراق داگیر كردبێت. بەڵكو بزوێنەری هەر بزۆز و بەتوانا بۆ دەستپێشخەری، بەخشین، هێنانەدی گۆڕانكاری و كەڵەكەبوون لە چوارچێوەی تەشقی عێراق و بەرژەوەندییەكەیدا بوون.
لەم سۆنگەیەوە، پەلەقاژەی هەر دەسەڵاتێكی عێراقی بۆ تەڤلكردنی مەسیحییەكان، دامودەزگاكانیان و بژاردە باڵاكانیان بۆ ناو گێژەڵووكی ململانێی نێوانیان بە پێی هەندێك لێكدانەوەی كورتبین و كەم دانایی، لە ئاكامدا دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق، سامانی كۆمەڵایەتی و وزەی گەشەپێدانی زیاتری خۆی لەدەست بدات، بەبێ ئەوەی هیچ داهاتوویەكی هەنووكەیی هەبێت، بەتایبەتی لە داهاتوودا.
عێراق، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆرێك لە مەسیحییەكانی خۆی، بەهۆی شەپۆلی توندوتیژی مەدەنی ناوخۆیی و شكستی دامودەزگاكانی ئاسایش و سەروەرییمان لە پاراستنی هاووڵاتیانی، هێشتنەوەیان لە چنگی تیرۆری چەپەڵ لەدەستداوە. بەم شێوەیە ئەركی پاراستنی ئەوەی لە مەسیحییەكان مابوویەوە، بوونی دیمۆگرافییان و ڕۆڵی كۆمەڵایەتی و كولتووری و ئابووری و سیاسییانە، بۆیە ئەركی هێشتنەوەی ئەو مەسیحییانەی ماوەنەتەوە، ئامادەبوونی دیمۆگرافیان و ڕۆڵی كۆمەڵگەیی، كولتووری، ئابووری و سیاسییان بووەتە ئەركێكی نیشتمانی باڵا كە هەموو دامودەزگا و دەسەڵاتەكانی وڵات بە ڕەفتار و ستراتیژی باڵای ئەوانەوە دەپێورێت و هەڵدەسەنگێندرێت.
بنیاتنانی عێراقی تازە، تەنیا گۆڕانكاریی لە سەری دەسەڵاتدا نەبوو، بەڵكو پێش هەموو شتێك، گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە ناسنامەی قەوارەكە و شێوەی پەیوەندییەكەی لەگەڵ كۆمەڵگەی ناوخۆییدا بوو. وەكو چۆن عێراق لە دەوڵەتێكی تۆتالیتاری و سەربازی سەركوتكەرەوە، كە بازرگانی بە ئایین دەكرد و بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی فەرمانڕەواكان بەكاری دەهێنا گۆڕا، عێراقی تازەیش، پێویستە بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەوە بێت و وڵاتێكی دیموكراسی، مەدەنی و فیدراڵی بێت، گیانێكی فرەوانی هەبێت و لەسەر ئەو دەسەڵاتانەوە بنیات نرابێت، كە هەمیشە بەنیازی خزمەتكردنی كۆمەڵگە و لە پاراستنی فرەچەشنییەكەیدا بێت، بە هەر نرخێك بێت، نەوەكو پاڵ بە پێكهاتە هەر بژوێنەكانی بەرەو ناچاریی بنێت و بچێتە ناو شكاندنەوەیەكی سیاسیی بێ كەڵك و ئامانج، كە تەنها بڕێكی زیاتر لە نیگەرانی، بێ متمانەیی و ئارامی زیاتری ئەوانی بەرامبەر بە دەوڵەت، دامودەزگا و دەسەڵاتەكانی لێ دەكەوێتەوە.
هەموو دامودەزگاكانی دەسەڵات لە عێراق، یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەری بە یەكەوە، ناتوانن ئەم مەرجە بكەن و بەدی بهێنن، تەنها لە ڕێگەی پابەندی نەبێت بە دوو ئامێرایەتی دیاریكراوەوە: جیاكاری ئەرێنی بەرامبەر بە پێكهاتە مەدەنییەكانی (كەمتر لە ژمارە)دا، بە پێدانی ئامادەیی زیاتر، بەخشینی هەستی یەكسانی و شایستەیی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی عێراقدا. لەتەك بێ لایەنی لە كاروباری ناوخۆیان، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی كە تێكەڵاوی تەشقی گشتی نابن و كاریگەرییان بە سەرییەوە نییە، وەكو كاروباری كلًێسا و وەقفەكان و لێ گەڕانیان بۆ ڕۆڵەی پێكهاتەكان و دامودەزگا باوە/ مێژووییەكانیان.
ئەو دامودەزگایانەی كە بەهۆی ئەو متمانە و پەیوەندییە ویژدانییەی كە لەلایەن ئەو پێكهاتانەی عێراقەوە پێیان بەخشرا، چەندین سەدە مانەوە و خۆیان پاراست، ئەگەر دەسەڵات و دامودەزگاكانی عێراق ئەو دوو مەرجە جێبەجێ بكەن، عێراق دەكەنە وڵاتێكی هاوبەشیی، كە تێیدا ڕێگە بە هیچ لایەن و پێكهاتەیەك نادرێت، بۆچوون و دەسەڵاتی خۆی بەسەر پێكهاتەیەكی دیكە لە ڕێگەی هەر جۆرە زاڵبوونێكدا بێت بسەپێنێت، ئەگەر زاڵبوونەكەیش لەسەر بنەمای جۆرێك لە هێزی هاتوو لە زۆرینەیەكەوە هاتبێت سەرچاوەی گرتبێت، بە زۆرینەی دەسەڵاتداریەتی یان پەرلەمانیشەوە. هەروەها بەو مانایە دەبێت، كە هەموو دەسەڵاتێك لە وڵاتدا، هەرچییەك بێت، دەسەڵاتێكی بوار و هێزی سنووردار دەبێت، بە یاسا بەرزەفت دەكرێت و ملكەچی دەبێت، هەندێك دەسەڵاتی دیكەش هەن، بەتایبەتی ناوخۆیی، كە هیچ لایەنێك ناتوانێت پێیان بگات، چونكە تەنها مافی ئەو كەسانەیە، كە دەسەڵاتیان پێی بەخشیووە، واتە ڕۆڵەكانی پێكهاتەكە و متمانەیان بە دامەزراوەی كڵێساكەی خۆیان.
ئەم مەرجە كرۆكیانە، سەپاندن نین بەسەر عێراقدا، یان كەم كردنەوەی سەروەرییە گشتییەكەی نین، بەڵكو بەهایەكی زیادەن بۆی. مەسیحییەكان، وەكو زۆرێك لە پێكهاتە مەدەنییەكان، كە عێراق لە میانی مێژووی هاوچەرخەكەیدا، بەرە بەرە لەدەستی داون، ئامراز و دەربڕینی ساغڵەمی عێراق و توانای بنیاتنانی ئەون، لەسەر سەلامەتی كۆمەڵگەی ناوخۆیی و گەشەی مرۆیی بەردەوامی.
شتەكە هیچ داكۆكی لە دامودەزگا، یان كەسایەتییەكی گشتی مەسیحی، یان دژایەتیكردنی كەسێكی دیكەی تێدا نییە، بەڵكو داكۆكی كردنە لە خودی مەسیحییەكانی عێراق و عێراقیش. ئەو ڕێڕەوە باوەی دەسەڵات و دامودەزگاكانی عێراق، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوودا بەرامبەر مەسیحییەكان پەیڕەویان كردووە، بەسەر یەكێكی دیكەدا دێت و هەموو ئەوەی بۆیان دەمێنێتەوە لە ڕووی ئامادەبوون، ڕۆڵ و بەرهەمهێنانەوە. مەسیحییەكان لەژێر چەپۆكی تیرۆردا جێهێڵدران، دواتریش لە هەر یەكسانییەكی دەستووری و یاسایی لەگەڵ هاووڵاتیانی دیكەی عێراقدا بێبەش كران، بە پشتگوێ خستنی داواكارییەكانیان بۆ گێڕانەوەی جلوە، دروستكردنی قەڵای پاراستن، كەمكردنەوە و قۆرخكردنی ئامادەیی پەرلەمانی و حكومییان، بەپێی هەندێك لێكدانەوە و پشك پشكانێی تەسك ڕەت بوون، پاشان دەست لە كاروباری خۆیان و دامودەزگا هەرە تایبەت و بژوێنەكانیان وەردرا.
ئەمە دەگوترێ، لە خەیاڵی هەموو مێژووی هاوچەرخی عێراقیشدا، بەتایبەتی مێژووی پایتەختە شارستانییەت و تازەكانی، بەغدا، بەسڕە، هەولێر و موسڵ، و ئەو ڕۆڵانەی كە مەسیحییەكان لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، لە بەدیهێنانی هەموو تەرزێك و وێنەی تازەگەری و شارستانی ئەو ئامادەییەدا گێڕاویانە، نموونەكانیش زۆر لەوە زۆرتر و گەورەترن كە بە نووسینێك باس بكرێن.
وەكو كەسێك، كە ساڵانێكی درێژ لە هەموو ئەم ناوچانەی عێراقدا ژیاوە، یاوەر و بینەری ئەو ئەزموون و ڕۆڵانەی مەسیحییەكان بووە، هەست بە هەموو جۆرەكانی نیگەرانی دەكەم، كە دەوری مەسیحییەكانی عێراقی داوە. پێم باشە دیدگە و ئاراستەی هەموو سیاسەتمەدار و سەركردەكانی عێراق، لە لێكدانەوەی ورد و تەسكەوە بە دوور بێت، كە وا بكات عێراق، یەكێ لە سامانە هەر بە بەها و ماناكانی لە دەست بدات.
* ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان.
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ڕەمزی میرەكانی
سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوەسەت
ژمارە: 16305 لە 20/7/2023