خەبات: پەریهان عومەر:- هونەرمەند مەروە محەمەد لە ساڵی 1983 لە شاری هەڵەبجە لە دایكبووە ،لە ئێستادا لە شاری هەولێر نیشتەجێیە لە یەكێك لە قوتابخانەكانی ئەو شارە وانەی پەروەردەی هونەری دەڵێتەوە خاتوو مەڕوە محەمەد یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە توانیویەتی توانستی خۆی لە بواری نواندن بسەلمێنێت بەتایبەتی لە دراما تەلەفزیۆنەكاندا، بەشداری چەندین درامای كردوە.هونەرمەند مەروە محەمەد لە دیدارێكی تایبەت بە (خەبات) وەڵامی پرسیارەكانی ئێمەی دایەوە گوتی:

باسێك لەژیانی هونەری بكەیت بۆمان؟
– من هەر لەسەرەتای چوونم بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی لە بەشی شانۆ ،دەستمكرد بەكاری هونەری نواندن ،بە بەردەوامی لەهەموو قۆناغەكانی پەیمانگادا، بەسەركەوتویی بەشدار بووم لە چەندین كاری شانۆیی لەهەمانكاتدا بەشدارییم لە چەند درامایەك كرد وەكو (گەردەلول -وەسیەت نامە-نامەكانی ئەشرف-ڕێحان-سایە-ساتەكانی ژیان-خانەكەی حاجی ئاغا-فیلمی سینەمایی دانیشتوانی عەلیاوا، كورتە فیلمی كراسی سوور و باوكەكانم، شانۆی ئاوازیكی خەمناك.

ئایا چۆن دەڕوانیتە هونەری شانۆ؟
ــ بێگومان شانۆ بەباوكی هونەرناو زەد ئەكرێ ،چونكە ئەكتەر بە رۆح و جەستە راستەوخۆ لەگەڵ بینەران ئاوێزانی یەكتر دەبن لەهەمانكات دا چەندین هونەری تر وەكو موزیك و شێوەكاری لە خۆدەگرێت ، نواندن لەسەر تەختەی شانۆ چێژێ تایبەتی خۆی هەیە كاتێك ئەكتەر بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ بینەردا دەدوێت ، بینەریش زیاتر چێژ لەو هونەرە وەردەگرێت، نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت نواندن لەسەرتەختەی شانۆ زۆر زەحمەتر لەنواندن لەبەرامبەر كامیرادا.

ئایا بینەری شانۆ و سینەما چۆنە لە ئێستەدا لەچاو درامادا ؟
ــ لەبەر ئەوەی دراما بێ حەزو ویست جەماوەر ئەچێتە ماڵی هەموو كەسێك، بەڵام شانۆو سینەما دەبێ كاتی بۆ تەرخان بكرێت..بۆیەزیاتر ئەو كەسانە بینەریانن كە لەبوارەكە كار دەكەن ، نابێ ئەوەشمان لە یاد بیچێت نمایشی ئاست نزم كاریگەری نەرێنی دەبێت،ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بینەری كەم بێت و بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شانۆی باشیش هەبووە كە بینەرێكی یەكجار زۆری هەبووە.

ساڵانە فیستیڤاڵی شانۆیی لە شارەكانی كوردستاندا ساز دەكرێت، چۆن دەڕوانیتە ئەم فیستیڤاڵانانە؟
ــ من دەستخۆشی لەو هونەرمەندو لایەنانە ئەكەم كە ساڵانە فیستیڤاڵی شانۆ ئەنجامدەدەن ، كارێكی زۆر باشە كە هونەرمەندان ئەزموونی یەكتری ببینن ئاڵوگۆڕی بیروڕاییەكان بكەن، لەهەمانكاتدا توانستی هونەرمەندان نیشان دەدرێن بۆیەمن سازكردنی فیستیڤاڵەكان بەكارێكی زۆر باش دەزانم.

بۆچی لە هونەر دووری؟
بەداخەوە هیچ پرۆژەیەكی نوێم نیە و ماوەیەكی زۆرە بەشداریم لە هیچ كارێكی هونەری نەكردوە وەكو دراما.