بڕیارە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو یاسای بودجەی عێراق بچێتە بواری جێبەجێكردن، بەوهۆیەوە خەرجی و پشكی هەرێمی كوردستانیش دەبێ بنێرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 13ـی تەمووز، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عێراق بە میدیاكانی عێراقی راگەیاندووە، ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو یاسای بودجەی عێراق دەچێتە بواری جێبەجێكردن.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، لە سەرەتای هەفتەوە ڕێنوێنی بۆ جێبەجێكردنی دەردەچێت، بەمەیش كۆتایی بەهەنگاوەكان دێت و ئەو یاسایە بە تەواوی جێبەجێ دەكرێ.
هاوكات جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاندووە، ڕۆژی 18ـی تەمووز یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێكردن، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش چاودێر دەبێت لە جێبەجێكردنی.
لە 12ی حوزەیران، پەرلەمانی عێراق دوای چەند گفتوگۆیەك كە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام بوو، دەنگی لەسەر یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 دا.
بەپێی ناوەڕۆكەكەی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، 197 ترلیۆن و 828 ملیار دیناری عێراقییە كە دەكاتە نزیكەی 152.2 ملیار دۆلار، رێژەی كورتهێنانیش 63 ترلیۆن دینارە كە دەكاتە 48 ملیار دۆلار.