خەبات: عەلی بانیشاری:- سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت: پێنج خاڵمان وەكو داواكاری خستووەتە بەردەم سەرۆكوەزیرانی كوردستان و ئەویش لە ڕێگەی نوسینگەكەیەوە پەیوەندی پێوەكردووین تاوەكو لەگەڵ وەزیری تەندروستی لەسەر بەشێك لە داواكارییەكان گفتوگۆ بكەین. لە هەرێمی كوردستان 832 برینداری چەكی كیمیایی هەیە. یەكێك لە داواكارییەكانی كۆمەڵەكە (دووبارە گەڕاندنەوەی مینحەی مانگانەی بەركەوتووانی كیمیابارانە كە ماوەی سێ مانگە بەهۆی پڕۆسەی چاكسازییەوە ڕاگیراوە).

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان پەیوەندی بە كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەكات
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: پاش بەشداریكردنیان لە دانیشتنی (سەرۆكوەزیران و خەڵك) لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی و خستنەڕووی چەند داواكارییەك لەلایەن كۆمەڵەكەمانەوە كە پەیوەندی بە تەواوی چین و توێژەكانی قوربانیانی كیمیاباران هەبووە، لەلایەن نوسینگەی بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندیمان پێوەكرا تاوەكو لەگەڵ وەزیری تەندروستی دانیشتنێك ساز بكەین بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان و دانانی میكانیزم.

كۆمەڵەی قوربانیان پێنج داواكاری دەخەنەبەردەم سەرۆكوەزیرانی كوردستان
داواكارییەكانی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە كە ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان كراون بریتین لە (1- چارەسەركردنی بریندارانی كیمیاباران، كە لە ئێستادا لە بارودۆخێكی خراپدان و لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران چاودێری كەیسەكە بكرێت، هەروەها گەڕاندنەوەی مینحەی مانگانەی بریندارانی كیمیاباران كە بەهۆی پڕۆسەی چاكسازییەوە ڕاگیراوە. 2- پێدانی زەوی بە وارسی شەهیدان و چارەسەركردنی سولفەی خانووە خۆكردەكانی كەسوكاری شەهیدان. 3- پێدانی تایبەتمەندی بە تاقانەكانی جینۆساید. 4- دەستبەكاربوونی ئەو بۆردەی لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە دروستكراوە، بەشێوەیەك بۆردەكە نموونەی خوێن لە وارسەكانیان وەربگرێت و دەست بكات بە كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر منداڵە ونبووەكان. 5- بەخاوەنكردنی گۆڕی ئەو شەهیدانەی كیمیاباران كە لە ئێرانن و ساڵانە نۆژەنیان بكاتەوە).

تەنیا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 33 تاقانەی كیمیاباران هەیە
لوقمان عەبدولقادر باسلەوە دەكات، تەنیا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 33 تاقانەی كیمیاباران هەیە و تاقانەكان پێویستیان بەوەیە گوێیان لێ بگیرێت و حكوومەت خۆی بكات بە باوك و برایان و تایبەتمەندییان پێ بدات و ئەو بۆشاییەی لە بێكەسی بۆیان دروست بووە بۆیان پڕبكاتەوە. سەبارەت بە ڕاگرتنی سولفەی خانووی كەسوكاری شەهیدان؟ ئەو دەڵێت: بەهۆی قەیرانی داراییەوە سولفەی خانووە خۆكردەكانی ژمارەیەك لە كەسوكاری شەهیدان ڕاگیراوە، ئەوەش كەسوكاری شەهیدانی تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزانی كردووە و داوامان لە سەرۆكی حكوومەت كردووە بەپێی میكانیزمێك ئەو سولفانە خەرج بكرێنەوە. سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەشڵێت: بەهۆی پڕۆسەی چاكسازییەوە ماوەی سێ مانگی 400 هەزار دینار مینحەی بەركەوتووانی كیمیاباران ڕاگیراوە و داوامانكردووە چۆن تایبەتمەندی دراوە بە زیندانیانی سیاسی، وەهاش بدرێت بە بەركەوتووانی كیمیاباران مینحەكەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، چونكە ڕۆژانە بریندارەكان پێویستیان بە چارەسەرە و ئەو مینحەی وەریدەگرن بۆ خزمەت و چارەسەری خۆیانە، ناكرێت بەركەوتوو لە مووچەی خۆی كە بژێوی ماڵ و منداڵی لەسەرە، چارەسەر وەربگرێت. لوقمان عەبدولقادر داواشیكرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەولەویەت بدات بە بریندارانی چەكی كیمیایی و گەڕاندنەوەی مینحەی بەركەوتووانی كیمیاباران.

لە تاران، 25 گۆڕی شەهیدانی كیمیاباران مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە
بەپێی زانیارییەكانی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، لە تارانی پایتەختی ئێران 25 گۆڕی شەهیدانی كیمیاباران مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و لافاو ژمارەیەك گۆڕیشی بردووە. لوقمان عەبدولقادر دەڵێت: ژمارەیەكی زۆر گۆڕی شەهیدانی كیمیاباران لە شارەكانی ئێران مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و ئەگەری هەیە دەستكاری بكرێن، بۆیە داواكارین حكوومەتی هەرێم خۆی خاوەندارییەتی ئەو گۆڕانە بكات. لە ساڵی 1988 بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە ژمارەیەكی بەرچاو لە بەركەوتووانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە شارەكانی ئێران گیانیانلەدەستدا و هەر لەوێ بەخاكسپێردران. ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، تەنیا لە تاران نزیكەی 75 گۆڕی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە هەیە. زۆرینەی گۆڕەكانی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە ئێران كەوتوونەتە شارەكانی (پاوە، كرمان، كامیاران، كەنگاوەر، كرماشان و چەند شارێكیتر).

لە 2003ـەوە 117 برینداری كیمیاباران گیانیانلەدەستداوە
بەپێی ئاماری كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، لە 20 ساڵی ڕابردوودا، 117 بەركەوتووی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە گیانیانلەدەستداوە. سەرۆكی كۆمەڵەكە بە دڵێكی توندەوە دەڵێت: ساڵانە حەوت بۆ هەشت برینداری كیمیاباران گیانلەدەست دەدەن و لە ئێستاشدا ژمارەیەك بەركەوتوو باری تەندروستیان ناجێگیرە. ئەو دەشڵێت: بەركەوتووانی كیمیاباران تا ئەو ڕۆژەی دەمردن چارەسەری بەردەوامیان پێویستە. هێمای بۆ ئەوەشكرد، دۆسیەی بەركەوتووانی كیمیاباران بێ لەوەی كەیسێكی ئینسانییە، كەیسێكی نێونەتەوەیی و سیاسیشە.

نزیكەی 30 بەركەوتووی چەكی كیمیایی پێویستیان بە چاندنی چاو و گلێنەی چاوە
بەوتەی لوقمان عەبدولقادر ((بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشكییەوە، چوار بەركەوتووی چەكی كیمیایی پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەی چاندنی گلێنەی چاو، چاوەكانیان لە دەستداوە)). ئەو دەڵێت: نزیكەی 30 بەركەوتووی چەكی كیمیایی پێویستیان بە چاندنی چاو و گلێنەی چاوە. باسیشلەوە دەكات، ژمارەیەك لەو بریندارانە بەهۆی بێخاوەنداریەتیكردنیان لەلایەن حكوومەت و ئیدارەی خۆیان، چوون لەسەر گیرفانی خۆیان نەشتەگەری گلێنەی چاویان كردووە. سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بەپێویستی دەزانێت، حكوومەتی هەرێم هاوكاری ئەو بریندارانە بكات كە كێشە لە چاویاندا هەیە، بۆ ئەوەی بەردەوام چارەسەر وەربگرن، چونكە ((هەر یەك لەو بەركەوتووانە كاتێك نەشتەرگەری چاندنی چاو و گلێنەی چاو ئەنجام دەدەن، پێویست دەكات 8-10 جار سەردانی پزیشك بكەن)).

كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیاباران داوای پشتیوانی لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت دەكات
كاتێك دۆسیەی چارەسەركردنی بریندارانی چەكی كیمیایی لە سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ئیدارە دەدرا، هەر بەركەوتوویەك كە دەچووە ئێران و دەگەڕایەوە ئیدارەی خۆجێی هەڵەبحە سەردانی دەكرد و بەدەمییەوە دەبوو، بەڵام كاتێك دۆسیەكە پشتگوێخرا، لە خوارەوەش كەس لە قوربانییەكان ناپرسێتەوە، ئەمە بۆچوونی سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانە لەسەر كەیسی بریندارانی كیمیاباران. لوقمان عەبدولقادر، داوا لە بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی كوردستان دەكات ((هاوشێوەی زیندانیانی سیاسی، قوربانیانی كیمیابارانیش پشتیوانی بكرێن)). ئاماژەی بەوەشدا، بەركەوتووانی كیمیاباران هەندێك كێشەیان هەیە لە خودی وەزارەتەكاندایە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی پەیوەندی نییە بە (بڕینی مینحە و گۆڕەكانی ئێران و تاقانەكانی جینۆساید)، ناوبراو هەروەها داوایشیكرد، لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەك دروست بكرێت و گوێ لە كێشەكانی قوربانیانی كیمیاباران بگیرێت و بەپێی بەرنامە و قۆناغ چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و بەڕێز سەرۆكوەزیرانی كوردستانیش جدی بێت لەسەر دۆسیەكە.