خەبات: سولین سلێمان:- پاش هەوڵدانی ساڵێک بەرپرسانی پارێزگای هەولێر لە هەوڵداندا بوون بۆ ئەوەی شارەکە بکەنە دەستەخوشکی ناشڤیڵ، لە 6ی ئەم مانگە بە فەرمی ئەنجومەنی شاری ئەمریکا ناشڤیل بە کۆی دەنگ بڕیارێکی دەرکرد بۆ ئەوەی هەولێر بکرێتە دەیەمین شاری دەستەخوشکی خۆی.

نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لە لێدوانێکیدا تایبەت بە خەبات گوتی”هەموو رێکارەکانی بەدەستە خوشکبونی هەولێر لەگەڵ شاری ناشڤیل ی سەر بە ویلایەتی تێنسی ئەمریکا کە بە کوردستانی بچووک ناسراوە تەواو بووە، ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکرێت ساڵی رابردوو وەفدێک لە پارێزگای هەولێر سەردانی ئەو شارەی کرد و گفتوگۆیەکی تەواو کرا لە هەموو رویەکەوە لەگەڵ ئەوەش وەفدەکە سەردانی هەموو شوێنێکی کردبوو بە فەرمانگەکانیشەوە.

گوتیشی”هەر ئەو ساڵی وەفدێکی هاوشێوە لە شاری ناشڤیل سەردانی پارێزگای هەولێری کرد و گفتوگۆکان بەردەوامی پێدرا، لە 6ی ئەم مانگەوە بریارەکە لە ئەنجومەنی ئەو شارە بە کۆی دەنگ بریارەکە پەسەند کرد و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا وەفدێک لە هەولێرەوە سەردانی ئەو شارە دەکات بە فەرمی واژۆ بکرێت.

قایمقامی هەولێر لە بارەی سوود گرنگی بەدەستە خوشکبونی هەولێر و ناشڤیل گوتی”سودێکی زۆری هەیە بۆ هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر لە رووی بازرگانیەوە و یا لە رووی زانستیەوە و هەم لە رووی پەروەردەیشەوە دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆ لە هەولێر، هەروەها ئاڵوگۆرکردنی تیپەکانی وەرزش و هونەری ..هتد. هەموو ئەو بابەتانە گفتوگۆی لەسەر کراوە بە دڵنیاییەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەموو ئەمانە دەکەونە بواری جێبەجێکردن و خەڵک هەستی پێدەکات، ئاشکراشی کرد”ناشڤیل لەگەڵ 9 شاری تری جیهان دەستە خوشکە بەڵام هیچ کام لەو شارانە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نین هەولێر یەکەمین شارە کە بوەتە 10 شاری دەستە خوشک لەگەڵ ناشڤیل ی سەر بە ویلایەتی تێنسی ئەمریکا.