*فازڵ میرانی
ڕەنگە دوایین دیداری نێوانمان ڕۆژی یەكشەممە، لە 9ـی ئەم مانگەدا، گونجاو بێت بۆ قسەكردن بە پێچەوانەی ئەو وێنەیەی كە بۆ ڕاگەیاندنەكان دەركەوت، كە لە گرژییەكی شاراوە خاڵی نەبوو، گرژییەك كە ئێمە لێی تێدەگەین و دەیخەینە سنووری هەڵچوونەوە، هیواداریشین درێژە نەكێشێت و فراوان نەبێت، متمانەشمان لەمەیاندا ئەوەیە، سەركردایەتی یەكێتی لە مێژووی باوكە دامەزرێنەرەكانی دەرناچێت، ئەوانەی پێش دامەزراندنی یەكێتی سەركردە و كادیری پارتیمان بوون.
ئێمە كار لەسەر ئەو شتە هاوبەشانەدا دەكەین، كە بەرهەمهێنەری هاوكێشەیەكی بەسوود، كەتوار و پێویستن، گەلەكەشمان لە كردار و كاردانەوەكان دوور دەخەینەوە، كە بەرهەمێنەری ئەو شتانەن، كەپێچەوانەی سیستەمی یاسایی و ئەو چوارچێوانەی ژیان و سیاسین، كە هەموومان و هەریەكەو بە قورسایی خۆی كارمان لەسەر كردووە، بۆ ئەوەی كوردستان لە مەترسییەوە دوور بێت.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هاوبەشی ئێمەیە یان ئێمە هاوبەشی ئەوین، گرنگ نییە كێ لە ڕستەكەدا دەخەینە پێشەوە، ئەمە خەمی ئێمە نییە، بەڵكو خەمی ئێمە، كەپێمان وایە خەمی ئەوانیشە ئەوەیە، مێژوو بخەینە نێو تەرازووی بنیاتنان و ئەو دەستكەوتە گەورەیەش فەرامۆش نەكەین كە لە نەمانی ئەنجامدەرانی ئەنفال، دەربەدەركردن، كوشتن، وێرانكاری، پاشكۆیەتی و توانەوە، لە سایەی ویست و كاری هاوبەش لەگەڵ هێزەكان دیكە و هەوڵی نێودەوڵەتی بەدی هاتووە، با پەرە بە ئاسایش و بنیاتنانی بەردەوام بدەین، با مرۆڤ بە هاودەمییەكی سەردەمیانە، بە تامی گەلەكەمان و خاكەوە بنیات بنێین.
ئێمە بە هاوبەشی زیاتر لە هەشت دەیە، كەمێك كەمتر لە سەدەیەك، لە ڕاسپاردەی سەردەمیانە بۆ هەڵساندنەوەی نەتەوەكەمان خەرج كردووە، هیچ ماڵێك لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا، سڵی لە گێراو، یان شەهیدی سێدارە، یان گوللە، یان خنكان بە غاز، یان بێبەشی، یان ئاوارەیی یان بێ سەروشوێنی نەكردووەتەوە.
ئێمە ئەوەی بەدەستمان هێناوە، هەرگیز بە ئاسانی و بە خێرایی نەبووە، هەموو دەستكەوتەكانی گەلەكەمان بە نرخ بووە، خوێن و ئارەقەمان بۆی ڕشتووە و لە هەڵمەتەكانی چەواشەكاریی بێدەنگ بووین، كە لەلایەن كەسانی نزیكەوە بەرمان كەتووە. بێدەنگ بووین بۆ ئەوەی وەكو شاعیر، عەبدولغەفار ئەلئەخرەس دەڵێت: بۆ ئەوەی هەموومان بە هەندێكمان نەفرۆشرێین.
من وەكو خۆم، زۆر پشت بە زیرەكی برایانمان لە سەركردایەتی یەكێتی و یادگەی چالاكیان لە لەبەرچاوگرتنی دانایی خوالێخۆشبوو مام جەلال و متمانەیان بە مامی خۆیان، سەرۆك مەسعوود بارزانی دەبەستم، هەموومان لەبەردەم كەتوارێك داین، كە بەرگەی پەرتەوازەیی یان سەرقاڵبوون بە ململانێیەك ناگرێت، كە لەسەر هەنجەت گرتن لە لێدوانێك بەرپابووبێت، كە هیچ كاریگەریی لەسەر تێكدانی نێوماڵی كورددا نییە.
* بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ڕەمزی میرەكانی