خەبات: عەلی بانیشاری:- دوورخستنەوەی سەگی بێلانە لە هەولێر دەستیپێكردووە و سەرۆكی شارەوانی شارەكەش ڕایدەگەیەنێت، كۆكردنەوەی سەگەكان قۆناغ بە قۆناغ دەبێت و لە قۆناغی یەكەمدا ژمارەیەكی دیاریكراویان دەبردرێنە ئەو شێڵتەرەی كە بۆیان دروستكراوە. ئەگەرچی ئامارێكی فەرمی لەسەر سەگی بێلانە لە شاری هەولێر بەردەست نییە، بەڵام وا مەزەندە دەكرێت زیاتر لە 20 هەزار دانە لەسەر شەقام و نێوبازاڕ و گەڕەكەكان هەبن. عەبدولواحید ئەحمەد دەڵێت ((ئەو سەگانەی دەگوازرێنەوە بۆ شێڵتەرە تایبەتەكە، لەلایەن پزیشكانی ڤێتەرنەرییەوە ڤاكسین دەكرێن)).
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانی هەولێر بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: هەڵمەتی كۆكردنەوەی سەگی بێلانە و گواستنەوەیان بۆ شێڵتەرێكی تایبەت لە شەقام و گەڕەكەكان لە ڕۆژی شەممە 8ی تەمووزی 2023 دەستیپێكردووە. گوتیشی: كۆكردنەوەی سەگەكان قۆناغ بە قۆناغ دەبێت و لەسەرەتادا ژمارەیەكی دیاریكراویان دوردەخرێنەوە و دواتر ژمارەكە زیاد دەكرێت. ئاماژەی بەوەشدا، دورخستنەوەی سەگی بێلانە پێویستی بە كاتە و ڕەنگە چەند مانگ و ساڵێك بخایەنێت.
ڕاشیگەیاند: هیچ كاتێك بۆ كۆكردنەوەی تەواوی سەگی بێلانە دیارینەكراوە، چونكە كارەكە ئاسان نییە و ژمارەی سەگەكان زۆرن. بەوتەی عەبدولواحید ئەحمەد، لەسەرەتادا كە سەگەكان دەبردرێنە شێڵتەرە تایبەتەكە و لەلایەن تیمی پسپۆڕی ڤێتەرنەری ڤاكسین دەكرێن دژی نەخۆشییە گواستراوەكان و دواتر بە وردی لەلایەن ڤێتەرنەری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشیتی تەندروستی چاودێری دەكرێن.
پارێزگای هەولێر سەرپەرشتی كۆكردنەوەی سەگی بێلانە و گواستنەوەیان بۆ شێڵتەری تایبەت دەكات و چەند فەرمانگەیەكی شارەكەش لە پڕۆسەكەدا بەشدارن لەوانە: (بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی، بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری، بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی سەر بە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی ژینگە، كوشتارگەی هەولێر، كۆمپانیای زاگرۆس).
سەرۆكی شارەوانی هەولێر دەڵێت: دورخستنەوەی سەگی بێلانە لەناو بازاڕ و شەقام و گەڕەك و شوێنە گشتییەكان دەبێتە هۆی ئەوەی چیدیكە خەڵك تووشی پەلاماردان نەبن لەلایەن ئەو سەگانەوە. دەشڵێت: سەگی بێلانە لە شێڵتەرەكەی هەولێر خزمەتێكی باش دەكرێن و خواردنیان پێدەدرێت و مافیان پارێزراو دەبێت.
سەرچاوە تەندروستییەكان باسلەوەدەكەن، مانگانە دەیان حاڵەتی پەلاماردانی سەگ لە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێت. بەپێی ئامارێك كە دەست (خەبات) كەوتووە، تەنیا لە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵدا لە دوو گەڕەكی شاری هەولێر، 14 حاڵەتی پەلاماردانی سەگ تۆماركراوە و كچێكی تەمەن پێنج ساڵانیش بەو هۆیەوە گیانیلەدەستداوە.
عەبدولواحید ئەحمەد باسیلەوەشكرد، پارچە زەوی شێڵتەری تایبەت بە سەگی بێلانە كە ڕووبەرەكەی 20 دۆنمە لەلایەن شارەوانی هەولێرەوە دابینكراوە و پارێزگای هەولێریش سەرپەرشتی دروستكردنی شێڵتەرەكەی كردووە. سەرۆكی شارەوانی هەولێر جەختیلەوەشكردەوە، لە ئێستادا دروستكردنی شێڵتەرەكە تەواو بووە و ئامادەیە بۆ وەرگرتنی سەگەكان.
(خەبات) زانیوویەتی، بۆ گواستنەوەی سەگی بێلانە بۆ شێڵتەرەكەی هەولێر چەندین ئۆتۆمبێلی تایبەت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی و كۆمپانیای زاگرۆس و چەند فەرمانگەیەكی تر ئامادەكراوە. شێڵتەری سەگی بێلانە 15 كیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەولێرەوە دوورە و كەوتووەتە سەر رێگای هەولێر-گوێر، تێچووی پڕۆژەكە 455 میلۆن دینارە و شێڵتەرەكە لەسەر ڕووبەری 50 هەزار مەتر دووجا دروستكراوە. بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، زیاتر لە 60 هەزار سەگی بێلانە لە هەرێمی كوردستان هەیە.