خەبات: هەندرێن شێرزاد:- هاوكات لەگەڵ تێپەڕبوونی 500 رۆژ بەسەر هێرشەكەی رووسیا بۆ سەر خاكی ئۆكراینا ، ڤلادیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئەو وڵاتە بە سەردانێك گەیشتە دوورگەی بچووكی “مار” لە دەریای ڕەش ، ئەو دوورگەیەی كە لە سەرەتای جەنگدا سوپای ئۆكراینا رێی لە كەشتییەكی جەنگی ڕووسی گرت.
زیاتر لە 9 هەزار كەسی سڤیل كوژراوە
بە گوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی ناوخۆی ئۆكراینا ، رۆژی شەممەی رابردوو لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكراینا لانیكەم هەشت كەس لە شاری لیمان بەهۆی موشەكبارانی سوپای ڕووسیا كوژران ، هەر لەو بارەوە پارێزگاری ناوچەی دۆنیتسك، لە سۆشیال میدیادا ڕایگەیاند : ڕووسەكان شاری لیمایان بە چەندین مووشەكی جۆراوجۆر بۆردومان كردووە. لە لایەكی دیكە و بە مەبەستی یادی تێپەڕبوونی 500 ڕۆژ بەسەر ئەو شەڕەدا كە تا ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی، سەرۆكی ئۆكراینا سەردانی دوورگەی ماری كرد و لە وتەیەكدا وتی: ئەمڕۆ ئێمە لەو دوورگەیین، كە داگیركەران هەرگیز ناتوانن وەك هەموو ئۆكراینا داگیری بكەن، چونكە ئێمە وڵاتی پیاوە ئازاكانین. هەروەها وتی: دەمەوێ سوپاسی سەربازەكانمان بكەم بۆ ئەم 500 ڕۆژە و ئەو خۆڕاگریە. ئەم دوورگەیە بۆتە هێمایەك بۆ بەرگریی ئۆكراینا ، چونكە هەر لە رۆژی یەكەمی شەڕدا رووسەكان هێرشیان كردە سەری ویستیان داگیری بكەن، لە وتەیەكدا لە رێگەی ئامێرە بێتەلەكانەوە سەبازانی سنووری ئۆكراینا لەو دوورگەیە گوێبیستی رووسەكانی سەر كەشتی مۆسكۆڤا دەبن كە داوای خۆبەدەستەوەدانیان لێ دەكەن و لە وەڵامدا پێیان دەڵێن : بڕۆن بۆ دۆزەخ . دواتر ئەو سەربازە ئۆكراینیانە دەستگیر كران ئینجا لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەكاندا ئازاد كران.
بۆمبی هێشوویی
رۆژی هەینی رابردوو، جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند بڕیاری بەخشینی بۆمبی هێشوویی بە ئۆكراینا بڕیارێكی زۆر زەحمەت بوو ، بەڵام ئۆكراینا پێویستی بەم چەكە هەیە ، بە لەبەرچاوگرتنی كەمبوونەوەی ئاستی چەك و تەقەمەنی لە بەرامبەر هێرشی ڕووسیادا. بایدن لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێن وتیشی: خەریكە ئۆكراینیەكان تەقەمەنیان نامێنێ ، ئەمەش شەڕی تەقەمەنیە ، هاوكات جەختی لەوەش كردەوە كە لە كۆتاییدا بڕیاری داوە بە گوێی راسپاردەكانی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەكەی بكات و ئەو چەكە هێشوییە بۆ ماوەیەكی كاتی بە ئۆكراینا بدرێ. باسی لەوەش كرد كە بابەتی سەرەكی بریتیە لەوەی یان ئەوان ئێستا دەبن بە خاوەنی ئەو جۆرە چەكە بۆ ئەوەی بەهۆیەوە هێرشی رووسەكانی پێ بوەستێنن یان نا ، پێم وایە ئەوان پێویستیان بەو جۆرە چەكە هەیە. بایدن نەشیشاردەوە كە پێی وایە كۆدەنگیەك لەناو ناتۆ نیە سەبارەت بە بەخشینی سیفەتی ئەندامێتی ئەو رێكخراوە بە ئۆكراینا ، بە تایبەتیش لە سایەی بەردەوامی كردەوە سەربازیەكاندا.
ئۆكراینیەكان بەڵێنیان داوە
جێك سۆلیڤانی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا رایگەیاند بڕیاری بەخشینی چەكی هێشوویی بە ئۆكراینا یەكێك بوول ە بڕیارە قورسەكان و بۆ ماوەیەك دوامانخست ، سەرۆك بایدنیش دوای راوێژكردن لەگەڵ هاوپەیمانان و رەزامەندی هەموو ئەندامانی ئیدارەكەی ئەو بڕیارەی دا. سۆلیڤان باسی لەوەش كرد كە ئۆكراینیەكان بەڵێنیان داوە كە ئەو چەكانە چۆن بەكار بێنن و تا بكرێ هەوڵ بدەن نەبنە مایەی دروستكردنی مەترسی لەسەر گیانی خەڵكی سڤیل. شایەنی باسە ئەو جۆرە چەكە بەشێكە لە بڕێكی دیكەی كۆمەكی سەربازیی بە بڕی 800 ملیۆن دۆلار ، بەمەش بڕی ئەو یارمەتیە سەربازیانەی كە لە سەرەتای شەڕەوە لەلایەن واشنتۆنەوە پێشكەشی كیێڤ كراوە دەگاتە زیاتر لە 41 ملیار دۆلار. هاوكات لەگەڵ چەكی هێشووییدا بڕیار وایە ژمارەیەك تانك و تەقەمەنی و تۆپ و چەكی دژە زرێپۆش رەوانەی ئۆكراینا بكرێ.
چەكی قەدەغەكراو
وشەی تەقەمەنی یان چەكی هێشوویی ئاماژەیە بۆ جۆرە چەكێك كە لەدوای تەقاندنی تەقەمەنی بچووكتری لێ دەكەوێتەوە و ئاراستەی ئامانجێكی دیاریكراو دەكرێ و ئەو جۆرە چەكە بە شێوەیەكی وا دروست كراوە كە بەر لە بەركەوتن یان دواتر دەتەقێتەوە . دەشكرێ ئەو جۆرە تەقەمەنیە لە رێگەی گوللەی تۆپ یان بۆمبی فرۆكەوە بەكاربهێنرێ و ژمارەی ئەو بۆمبانەش لە نێوان 10 یان 100 بۆمبە. بە گوێرەی رێككەوتنی ساڵی 2008 ی ئۆسلۆش ، چەندین وڵات بەكارهێنانی ئەو جۆرە چەكەیان قەدەغە كردووە ، بەڵام چەند وڵاتێكی وەك ئەمەریكا و ئۆكراینا واژۆیان لەسەر رێككەوتنەكە نەكردووە.
رەخنە
ئەو بڕیارەی ئەمەریكا كۆمەڵێك رەخنەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێ كەوتەوە ، لەو بارەوە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێشی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند كە ناخوازێ ئەو جۆرە چەكانە ببینێ لە گۆڕەپانەكانی شەڕ بەكار بهێنرێن. هاوكات رێكخراوی هیومان رایتس وۆچیش دووپاتی كردەوە كە گواستنەوەی ئەو چەكانە بۆ ئۆكراینا لە مەودایەكی دوورودرێژدا دەبێتە مایەی خولقاندنی ئازارێكی زۆر بۆ خەڵكی سڤیل و كوژرانی ژمارەیەكی زیاتر. بەو پێیەی چەكە هێشووییەكان چەكی هەڕەمەكین و تەنانەت دوای تەواوبوونی شەڕیش مەترسیان دەمێنێ ، هەروەها لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیشدا ناگونجێ.
پوتن سەردانی توركیا دەكات
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئۆكراینیەكەی لە ئەستەنبوڵ ،رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆككۆماری توركیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند: ئۆكراینا شایەنی ئەوەیە ببێتە ئەندامی ناتۆ. بەڵام هەر لەو رۆژەدا ئەمەریكا هۆشداری دا لەوەی ئۆكراینا دوای لووتكەی داهاتووی ناتۆ لە ڤیلنیۆس نابێتە ئەندامی ناتۆ. لە لایەكی دیكە، ئەردۆغان رایگەیاند بڕیار وایە مانگی داهاتوو ڤلادیمێر پەتنی سەرۆكی رووسیا سەردانی توركیا بكات ، هاوكات جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە رووسیا و ئۆكراینا دەست بە گفتوگۆی ئاشتی بكەن. وتیشی ئەو لەگەڵ زیلینسكی باسی لە ئاڵوگۆڕی دیلەكانی نێوان ئۆكراینا و رووسیا و درێژكردنەوەی رێككەوتنی هەناردەكردنی دانەوێڵە كردووە.
ئەڵمانیاش ناڕازیە
لە میانی كۆنگرەیەكی تایبەت بە كوشوهەوادا لە ڤیەنا ،خاتو ئەنالینا بیربۆكی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند كە وڵاتەكەی رازی نابێ چەكی هێشوویی بە ئۆكراینا بدرێ ، هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی لەنێو ئەو 111 وڵاتە دایە كە دژایەتی بەكارهێنانی چەكی هێشوویی دەكەن ، بەڵام ئەمەریكا بەشێكی ئەو رێككەوتنە نیە.
هەڵوێستی رووسیا
وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە ناردنی چەكی هێشوویی بۆ ئۆكراینا، دیمتری میدڤێدیڤی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا سەركۆنەی بڕیارەكەی واشنتۆنی كرد و هێرشێكی توندیشی كردە سەر سەرۆكی ئەمەریكا. لەو بارەوە میدڤێدیڤ لە تێلیگرام نووسیویەتی: دوو ساڵ لەمەوبەر، سەرۆكە بەتەمەنداچووەكەی ئەمەریكا رازی نەبوو بەڵێن بە سەرۆكی رووسیا بدات كە ئۆكراینا نابێتە ئەندام لە ناتۆ، ئەمەش بە مانای ئەوەی كە ناچێتە ژێر باری رووسەكان، دواتر بایدن بە شێوەیەكی ئابڕووبەرانە لە ئەفغانستان رایكرد و بە مەبەستی شاردنەوەی ئەو شەرمەزاریە، ئابووری ئەوروپای وێران كرد، دواتر سەدان تۆن چەكی رادەستی ئۆكراینا كرد و دەرگای لەبەردەمی كێشەیەكی درێژخایەن و مەترسیدار لەگەڵ رووسیا واڵا كرد. ئێستاش دوای ئەوەی بایدن هەموو داهاتەكانی بەفیڕۆ دا، پەیمان بە نازیە تازەكانی كیێڤ دەدات كە بۆمبی هێشووییان بۆ بنێرێ . لە كۆتاییدا میدڤێدڤ دەڵێ: بایدن كەسێكی بەتەمەنداچوو و نەخۆشە و پێدەچێ ئاگاداری ئەوە نەبێ كە دەیكات.
بەكارهێنانی پارە بلۆككراوەكانی رووسیا
لە كاتی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆكی ئۆكراینا لە پراگ، پیتەر ڤالای سەرۆكوەزیرانی چیك رایگەیاند یەكێتی ئەوروپا سەرقاڵی گەڕانە بەدوای چۆنیەتی بەكارهێنانی پارەی بلۆككراوی رووسیا بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئۆكراینا، ڤالا وتیشی: ئەمە بابەتێكی ئاسان نیە ، هەم لە رووی یاساوە هەم لە رووی ترەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرقاڵی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی چڕین بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوازێكی گونجاو ئەو كارە بكەین. هەر لەو دیمانەیەدا سەرۆكوەزیرانی چیك رایگەیاند كە وڵاتەكەی ژمارەیەك فرۆكەی هێلیكۆپتەری شەڕكەر بە ئۆكراینا دەدات و مەشقیش بە فرۆكەوانانی ئەو وڵاتە دەكات لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنانی فرۆكەی جۆری ئێف 16.
تەقینەوەیەكی بەهێز
بە گوێرەی ئاژانسی “تاس” ی رووسی، تەقینەوەیەكی بەهێز لە یەكێك لە كارگەكانی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی لە شاری چابایڤسك لە ناوەڕاستی رووسیا روویدا و لە ئەنجامدا شەش كەس گیانیان لەدەست داو دوو كەسی دیكە بریندار بوون. كارگەكە دەكەوێتە دووری نزیكەی 30 كیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری ڤۆڵگا و لەلایەن كۆمپانیای پرۆمسینتزەوە سەرپەرشتی دەكرێ و یەكێكە لە كۆمپانیا گەورەكانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی تەقەمەنی بۆ مەبەستی پیشەسازی لە رووسیا. بە گوێرەی زانیاریەكان، تەقینەوەكە لەكاتی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێكی بۆری تایبەت بە كارگەكە روویداوە.
كرێملین لە توركیا توڕەیە
دیمتری پیسكۆڤی وتەبێژ بەناوی كرێملین رایگەیاند توركیا پێشێلی رێككەوتنەكانی ئاڵوگۆڕی دیلەكانی كردووە دوای ئەوەی ژمارەیەك سەركردەی بەندكراوی سەر بە یەكەیەكی سەربازی ئۆكراینی ئازاد كرد كە بۆ چەندین هەفتە بەرگریان لە كارگەی ئاسن كرد لە شاری ماریۆپۆل. پیسكۆڤ وتیشی: بە گوێرەی رێككەوتنەكانی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی دیلەكانی جەنگ ، دەبوایە تا كۆتایی شەڕ ئەو دیلانە لە توركیا بهێڵرێنەوە و توركیا پێشتر بە رووسیای رانەگەیاندووە كە بەنیازە ئازادیان بكات.
دەربارەی رێككەوتننامەی ئۆسلۆ
– رێككەوتنی تایبەت بە قەدەغەكردنی بۆمبە هێشووییەكان كە بە رێككەوتنی ئۆسلۆش ناسراوە، لە ئابی 2010 چووە بواری جێبەجێكردن.
– تا ئەمڕۆ نزیكەی 107 وڵات بڕگەكانی رێككەوتنەكەیان واژۆ كردووە.
– لە بنەڕەتدا ئەو رێككەوتنە لە 30 ئایاری 2008 لە دبلن مۆر كرا و سەرەتا تەنیا 46 وڵات پێی رازی بوون ، دواتر لە 3 و 4 ی كانونی یەكەمی 2008 لە ئۆسلۆ واژۆی كۆتایی لەسەر كرا.
– لەنێو ئەو وڵاتانەدا 22 دەوڵەت ئەندامی ناتۆ بوون ، لەنێویاندا بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا هەن كە هەریەكەیان خاوەنی نزیكەی 50 ملیۆن بۆمبی لەو جۆرەن.
– بە گوێرەی زانیاریەكانی هاوپەیمانی دژی چەكی هێشوویی، لە سەرتاسەری جیهاندا زیاتر لە ملیارێك بۆمبی لەو جۆرە هەیە و چین و رووسیا و ئەمەریكا و ئیسرائیل خاوەنی یەدەگی گەورەی ئەو چەكانەن و تا ئێستا واژۆیان لەسەر رێككەوتنەكە نەكردووە.
سەرچاوە : ئێندیپێندێنت ، سكای نیوز ، رۆیتەرز
