ئەمڕۆ هەینی هەردوو شاری هەولێر و ناشڤیل بە فەرمی بوونە دەستەخوشک و بڕیارەکەش بە زۆرینەی دەنگ لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانیی شارە ئەمریکاییەکەوە پەسەند کرا.
بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا رای گەیاند ئەنجوومەنی شارەوانیی ناشڤیل بە زۆرینەی دەنگ شاری هەولێری وەک دەستەخوشکی شارەکەیان پەسەند کرد.
لە کۆتایی مانگی ئایاری رابردوودا، شاندێکی شارەوانیی ناشڤیل سەردانی شاری هەولێریان کرد و چەندین دیدار و بەسەرکردنەوەیان بۆ شوێنە جیاوازەکانی هەولێر ئەنجام دا.
لای خۆیەوە جۆن کووپەر سەرۆکی شارەوانیی شاری ناشڤیل، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی (کوردستان24)دا رای گەیاندبوو كە دەیانەوێت پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ هەولێر دروست بکەن و چاویان لەوەیە لە بواری کولتووری، رۆشنبیری و بازرگانی، هەماهەنگی زیاتر دروست بکەن.
جێی باسە 25 هەزار کورد لە شاری ناشڤیلی ئەمریكا دەژین.