خەبات: ڕەمزی میرەكانی:- لە توێژینەوەیەكی نوێدا، توێژەران پێشنیاری كەم كردنەوەی خواردنی شەكری زیادكراو و سنوورداركردنی خواردنەوە شیرینكراوەكان بە شەكر دەكەن. ئەمەو ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، پێشتر پێشنیاری كەم كردنەوەی بەكارهێنانی شەكرە زیادكراوەكانی بۆ كەمتر لە دە لە سەدی كۆی وزەی ڕۆژانەی كردبوو، دوای ئەوەی توێژینەوەكان دەریانخست كە زیادەڕۆیی لە خواردنی شەكر، ڕەنگە كاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستیدا هەبێت.
پێداچوونەوەی نوێی توێژینەوەكە، ڕێنمایی سنوورداركردنی بەكارهێنانی شەكری زیادكراو بۆ نزیكەی شەش كەوچكی چا لە ڕۆژێك و سنوورداركردنی خواردنەوە شیرینكراوەكان بە شەكر بۆ كەمتر لە یەك ژەم لە هەفتەیەكدا دەكات. توێژینەوەكە، پەیوەندییەكی زیانبەخشی بەرچاوی لە نێوان خواردنی شەكر و چەند دەرئەنجامێكدا دۆزیوەتەوە، لەوانە تەنگەنەفەسی، شەكرە، قەڵەوی، نەخۆشییەكانی دڵ، خەمۆكی و هەندێك جۆری شێرپەنجە. توێژەران لەنێویاندا ئەوانی زانكۆی سیچوان لە چین، پێداچوونەوەیەكی گشتگیرییان بەو توێژینەوەیانەدا كرد، كە پێشتر شیكارییان بۆ كراوە.
زانایان ڕوونیان كردەوە كە ئەم جۆرە پێداچوونەوەیانە، داباشی توێژینەوەیی پێشوو بۆ پێشكەش كردنی پوختەیەكی ئاست بەرزی توێژینەوەكەكان لەبارەی بابەتێكی دیاریكراو بە یەكەوە كۆ دەكاتەوە. دوایین شیكاركاری، 73 پێداچوونەوەی توێژینەوەیی لە 8601 گوتاردا لەخۆگرتبوو، كە ڕووماڵی 83 دەرئەنجامی تەندروستی لەلای پێگەیشتووان و منداڵانی دەكرد. توێژەران پەیوەندییەكی زیانبەخشی گەورەیان لە نێوان خواردنی شەكری خۆراك و 18 دەرئەنجامی پەیوەست بە نوێنەرایەتی خۆراكیان دۆزیەوە، لەوانە نەخۆشی شەكرە، هەوكردن و قەڵەوی.
هەروەها پەیوەندی زیانبەخشیان لە نێوان خواردنی شەكر و 10 دەرئەنجامی تەندروستی دڵدا دۆزیەوە، لەوانە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك، سەرباری 7 دەرئەنجامی شێرپەنجە، لەوانە شێرپەنجەی مەمك، پرۆستات و پەنكریاس. هەروەها شیكارییەكە پەیوەندی 10 دەرئەنجامی دیكەی وەكو تەنگەنەفەسی، كلۆربوونی ددان، خەمۆكی و مردنی دۆزیەوە. هەروەها خواردنەوەی خواردنەوە شیرینكراوەكان بە شەكر، بە شێوەیەكی بەرچاو بە زیادبوونی كێشی جەستە بەستراوەتەوە. دەرەنجامە نوێیەكان، بە هاوشانی لەگەڵ ڕێنماییەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، سندوقی جیهانی توێژینەوەی شێرپەنجە و پەیمانگای ئەمریكی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە، پێشنیاری كەم كردنەوەی خواردنی شەكرە زیادكراویان بۆ كەمتر لە 25 گرام لە ڕۆژێكدا كردووە. زاناكان ڕێنمایی كەم كردنەوەی سنوورداركردنی خواردنی شەكری ئازاد، یان شەكری زیادكراو بۆ كەمتر لە 25 گرام لە ڕۆژێكدا (نزیكەی 6 كەوچكی چا/ڕۆژانە)دەكەن، سەرباری سنوورداركردنی خواردنەوە شیرینكراوەكان بە شەكر بۆ كەمتر لە یەك ژەم لە هەفتەیەكدا (نزیكەی 200-355 مل لە هەفتەیەكدا)، ئەوەش بۆ كەم كردنەوەی كاریگەرییە زیانبەخشەكان بۆ سەر تەندروستیی.
سەرچاوە: ئیلاف