خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- خانمە شاعیری رۆژهەڵات خاتوو شیبا مەریوانی لەبارەی نووسینی شیعر و رەنگدانەوەی لە باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەو بەربەستانە و چاپ كردنی كتێبێكی شیعری تایبەت بە خۆیان، لە دیدارێكدا بۆ خەبات وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەند پرسیارێكی تایبەت بەشیعر دەداتەوە.
-پێناسەیەك بۆ شیعرو شیعریش لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
شیعر ، نووسینەوەی ناخی دڵی شاعیرو هاوكات تێگەیشتن لە ژیان و هەژاندنی هەست و رۆحی مرۆڤەكانە.
– بۆچی شیعرت هەڵبژاردو سەرەتای نووسینی شیعر كێ هاوكارو هاندەرت بووە و هاوكات كەس ڕێگرت نەبووە لە نووسیندا؟
سەرەتا لە باوكمەوە خولیای خوێندنەوەو نووسینم پەیدا بوو ، كە ئەویش خوێندنەوەی كتێبی ئەدەبی و شیعربوو ، هەڵبەتا منیش لە باوكمەوە پێم خۆشبوو بخوێنمەوەو بنووسم، بۆیە هەوڵمدا بەردەوام بم لەخوێندنەوەو نووسین.
ـ شیعر بۆ كێ دەنووسیت و ئامانجت چییە لە نووسینی شیعردا؟
شیعر لای من بۆ كەس نووسین نیە تەنها نووسینێكی ئەدەبیە مرۆڤ كاتێ تێدەگات ئیلهامێكی شیعریی شاعیرانەی لە دڵدایە ، دێت و دەیخاتە سەر كاغەز و لەوێوە خۆی ئەدۆزێتەوەو هەست بە ئارامی رۆح دەكات.
– تۆ وەك شاعیرێكی ئافرەت ، پیرۆزیی خاكی نیشتیمان لە كوێی شیعرەكانی تۆدان ؟
پیرۆزیی هەر ئەوە نیە شیعرەكانت تایبەت بكەیت بە پیرۆزیی ئاو وخاكی نیشتمانەوە هاوكات گرنگە بتوانیت وەك كوردێك وشەی كوردی زیندوكەیتەوە و لەشیعرێكدا ئاماژە بەو پیرۆزییە بكەیت ، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئیفتخارێكە بۆ میللەتی كورد
– وەك ئاگادارم شیعرەكانت زیاتر ڕۆمانسین؟ ئەدی شیعرت بۆ ڕەگەزی بەرامبەر نووسیوە؟
بەڵێ.. من زۆرتر شیعری ڕۆمانسی دەنووسم و هاوكات چەند شیعرێكیشم هەیە بۆ دایك و باوكم و كچە تاقانەكەم و جگە لەوەش هەر كارەسات و رووداوێكی خۆش یان ناخۆش كە سەرنجم رابكێشێت شیعرم بۆنووسیووە.
– ئەمڕۆ شیعری كوردی لە چ ئاستێكدا دەبینی؟
بە ڕای من شیعری كوردی بەتایبەتی لە باشوور زۆر باشە، هاوكات لە رۆژهەڵاتیش قۆناغێكی باشی بڕیوە، بۆیە زۆر حەز دەكەم و جێی ئیفتخارە بۆمن كە شاعیرانی زۆر لە وڵاتەكەمدا هەن، پێم خۆشە شیعری كوردی بە جوانترین شێوە بنووسرێ و بەرەو پێش بچێت.
ـ ڕات چیە لەگەڵ ئەو زۆرو بۆریەی شیعر؟
هەڵبەت خوێنەری ئەمڕۆ دەتوانێ حوكمی ئەو زۆرو بۆریەی كە هەیە بدات ، واتە دەتوانێ شیعری چاك و خراپ لێك جیا بكاتەوە.
– ئاشنایەتیت چۆنە لەگەڵ كتێب وخوێندنەوە دا؟
من زۆر دەخوێنمەوە و زۆرجاریش كە كاتم هەبێت هەوڵدەدەم بە خوێندنەوە كاتەكانم پڕ بكەمەوە.
– قەڵەمی ژن ، لە نووسین و شیعردا چۆن دەبینی و تاچەند ئەوقەڵەمە بۆتە چەكی داكۆكیكار لە مافەكانیان و چارەسەری كێشەكانیان؟
كەم تا زۆر توانیویانە پەیامی خۆیان لە رێگای نووسینەوە بگەیەنن، ئافرەتانی وڵاتەكەم بە هێزن لە هەر بوارێكدا كاری بۆ بكەن وئێستاش بە شیعرو نووسینەكانیان توانیویانە جێگەی خۆیان لە ناو كایەی ئەدەب و كۆمەڵگای كوردیدا بكەنەوە.
– شیعرەكانت دەبینم ، زیاتر بە شێوازی كلاسیك شیعر دەنووسیت؟ ئەی ڕات چییە لەسەر شیعری ئازاد (شیعری سپی)؟
من بە هەر دوو شێوە شیعر دەنووسم ، بەڵام هەستم وایە لە نووسینی شیعری كلاسیكدا خۆم بینیبێتەوە ، پێموایە بە كلاسیك جوانتر دەنووسم وهاوكات زیاتر تەشویقی (مامۆستا عومەر) منی هاندا بۆ نووسینی سەمتی شیعری كلاسیك.
ـ بوونی فەیسبوك و ئەنتەرنێت نەبۆتە ڕێگر لەبەردەمی خوێندنەوە و پیرۆزیی كتێبدا؟
جاران زۆرتر كتێبمان دەخوێندەوە ، بەڵام ئێستە زۆربەمان زیاتر بە فەیسبووكەوە سەرقاڵین، بەس من لەلای خۆمەوە هەر كات ، كاتم بێت خۆم لەو خوێندنەوە پیرۆزە ناشارمەوە.









