خەبات: عەلی بانیشاری:- گەشتووگوزاری هەڵەبجە پێشبینی كردبوو لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا، 100 هەزار گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بكەن. بەڕێوەبەری گشتیی گەشتووگوزاری هەڵەبجە دەڵێت: ئەگەر هەر گەشتیارێك 15-20 هەزار دینار بۆ نانخواردن و شتوومەك كڕین خەرج كردبێت، لە ڕۆژانی جەژندا، نزیكەی 2 ملیار دینار داهاتی شوێنە گەشتیارییەكان بووە. چیا قاسم دەشڵێت: لە ڕۆژانی جەژندا، هیچ گەشتیارێك پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی گەشتووگوزاری هەڵەبجەوە نەكردووە و گەشتیاران گلەییان لە هیچ شتێكی ناوچە گەشتیارییەكان نەبووە.

بەپێی داتاكانی گەشتووگوزاری هەڵەبجە، هەر لە ڕۆژانی جەژندا بێ لە هاووڵاتیانی باشووری كوردستان، گەشتیار لە ئەوروپا و ئیمارات و ڕۆژهەڵاتی كوردستان و خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجەیان كردووە. بەڕێوەبەری گشتیی گەشتووگوزاری هەڵەبجە ئاشكرایدەكات، لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا، زۆرترینی ئەو گەشتیارانەی سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجەیان كردووە دانیشتووی هەولێر بوون.

چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیمان كە لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە دانراون، پێیان ڕاگەیاندووم لە مێژووی ناوچەكەدا هێندەی ئەمساڵ گەشتیار سەردانی هاوینەهەوارەكانی سنوورەكەی نەكردووە. گوتیشی: ژمارەیەكی زۆری گەشتیار سەردانی ناحیەی بیارە و هاوینەهەواری ئەحمەدئاوایان كردووە و بە تەنیا لەو دوو شوێنە ریكۆردێكی نوێ تۆماركراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەم جەژنە، نرخی كەپرێكی گەشتیاری كە ڕووبەرەكەی (4×4) بوو بە 25 هەزار دینار دیاریكرابوو، نرخەكان بە كەپرەكانەوە هەڵواسرابوون، بۆ ئەوەی هەر خاوەن كەپرێك ئەگەر داوای زیاتر لەو نرخەی لە گەشتیار كرد، ڕاستەوخۆ لە رێگەی هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی گەشتووگوزاری هەڵەبجەوە گەشتیارەكە ئێمە ئاگادار بكاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە خاوەن كەپرەكان هیچ سەرپێچییەكان لەو نرخە نەكردووە كە ئێمە بۆمان دیاریكردوون.

زیاتر گوتی: گەشتیاران گلەییان لە هیچ شتێكی ناوچە گەشتیارییەكانی ناوچەكە نەبووە و بۆ ئەو مەبەستە هیچ كەسێك پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتووگوزاری هەڵەبجەوە نەكردووە. ڕاشیگەیاند: لە ڕۆژانی جەژندا، هیچ حاڵەتێكی نەخوازراوی وەكو شەڕكردن و تەقەكردن و خنكان لە ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە ڕووینەداوە.

چیا قاسم باسی لەوەشكرد، لە وەرزی گەشتیاریدا لە سنووری هەڵەبجە هۆتێلێكی وەها نییە كە گەشتیار تێیدا بمێنێتەوە، بەڵام توانیوویانە تاڕادەیەك لە كەپر و كوخ و كابینەی گەشتیاری و ئەو ماڵانەی لە بیارە و تەوێڵە هەیە شوێنی میوانەكان بكەینەوە. ناوبراو ئەوەشی گوت: ئەو گروپە گەشتیارییانەی لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە ڕوو لە هاوینەهەوارەكانی ناوچەكە دەكەن، بەشەودا لە سلێمانی پشوو دەدەن و لە هەڵەبجە نامێننەوە.

ساڵانە لە مانگی حوزەیران تاوەكو تشرینی یەكەم زۆرترین گەشتیار ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و لەو ماوەیەدا هاوینەهەوارەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەش جمەیان دێت لە گەشتیار. بەڕێوەبەری گشتیی گەشتووگوزاری هەڵەبجە دەڵێت: بۆ هەڵەبجە و ناوچەی هەورامان قورسە پێشوازی لەو هەموو گەشتیارە بكات كە لە مانگی 6-10 سەردانی ناوچەكە دەكەن.