خەبات- سەید فاتیح بەرزنجی:
هەڵگورد شێخ نەجیب سەرۆكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە دیمانەیەكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات، دەڵێت: یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووژاندنەوەی كوردستانە لە هەموو ڕوویەكەوە، ئەویش بە ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان. سەرۆكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو دیمانەیەیدا دەشڵێت: ئێمە وەك ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەچوارچێوەی پڕۆژەكاندا كارو بەرنامەو پلانی خۆمان هەبوو، تا بتوانین كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو دەڤەرە بەئەنجام بگەیەنین لە زۆربەی سێكتەرەكان وەك تەندروستی و ڕێگاوبان و كشتوكاڵ و پەروەردەو چەندین كاری دیكەی خزمەتگوزاری لەبەر ئەوەی ڕووبەری دانیشتووانی دەڤەرەكە زیادی كردووە.
تەواوكردنی دوو نەخۆشخانە لەو سنوورە
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: جگە لەوەش كەمترین خەڵك سەردانی دەرەوەی ئیدارەی سۆران و هەولێر دەكات بۆ نەخۆشی بەتایبەتی كردنەوەی نەخۆشخانەكان لەماوەی ساڵانی ڕابردوو وای كردووە كە كەرتی تەندروستی لێرە پێشكەوتووە و ڕۆژانە چەندین نەشتەرگەری لەو نەخۆشخانانە لەسەر دەستی پزیشكانی پسپۆڕو چارەسەر وەردەگرن و چەندین جار لەمیانەی كۆبوونەوەمان لەگەڵ ستافی نەخۆشخانەكان پێمان ڕاگەیاندوون، كە پێویستە لەخزمەتی خەڵكیدا بن وزۆرترین خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش بە خەڵكی دەڤەری سۆران بكەن ئامانجی سەرەكیتان خزمەت كردن بێت هەوڵ بدەن ئیحالەكان هەفتانە كەم بكەنەوە، واتا كەمكردنەوەی ئیحالەكان بۆ 40% لەماوەی شەش مانگدا هەروەها خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان فراوانتر بكەن و نەخۆشان كە دێنە لاتان باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش بكەن تا نەخۆش لای خۆمان چارەسەر بكرێت و كەمترین خەڵك بۆ چارەسەر سەردانی هەولێر بكات ئەو ئامانجی سەرەكی ئێمەیە هەوڵ دەدەین لێرە و لەنەخۆشخانەكانمان بە سیستەماتیك كار بكەین و دەمانەوێت لە زۆر كار دست پێشخەربین ئەوەتا لە نەخۆشخانەی ئاشتی سیستەمێكمان داناوە تا ئەوانەی كە دێنە ئەو نەخۆشخانەیە هەست بكات كە چارەسەر لە نەخۆشخانەكە بەپێی سیستەماتیكە و سیمای نەخۆشخانەكەمان گۆڕی جگە لەوەش دانانی ئالیەتێك بۆ سەرەی نەشتەرگەری و سەرەی نەخۆش و پلانمان كاركردنە بەپێی سیستەماتیك و نەهێشتنی ڕۆتین لە هەموو دامودەزگاكان لەهەمووی گرنگتر هاوكاری و هەماهەنگیمانە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان تا بەهاوكاری ئەوان بتوانین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەموو سێكتەرەكان بۆ سنووری ئیدارەی سۆران بەئەنجام بگەیەنین ئەوەتا دوو پڕۆژەی گرنگی وەك دروستكردنی دوو نەخۆشخانە لە سیدەكان و پیران، كە پڕۆژەی ستراتیژین لەبەر ئەوەی ئەو شوێنانە دوورە دەستن لەگەڵ تەواوكردنیان كێشەی چارەسەركردن لەو دوو دەڤەرە چارەسەر دەكەن.
سەرۆكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەشڵێت: ئەگەر زووتر ئەو نەخۆشخانانە دروست بكرابووایە ئەوا گیانی زۆر لە هاووڵاتیانیان ڕزگار دەكرد، دیارە دەڤەری سیدەكان لە سەردەمی زوو ناوچەیەكی سەربازیی بووەو لەماوەی چەندین ساڵی جەنگی نێوان عێراق- ئێران جگە لەوەی ناوچەیەكی سەربازی بووەو پڕ بووە لە مین و تەقەمەنی و ئێستا ئاوەدانی لە دەڤەرەكەدا هەیەو پێویست بوو نەخۆشخانەی سیدەكان زووتر تەواو بكرابووایە بەهەمان شێوە نەخۆشخانەی پیرانیش زۆر گرنگە بۆ خەڵكی ئەوێ و ساڵانێكە نەخۆشخانەكە كاری بۆ كراوە، بەڵام بەداخەوە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی نەیهێشت كاری پڕۆژەكە لەكاتی خۆیدا تەواو بكرێت و لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارەبوونی سۆرانیش ئەو دوو پڕۆژانە دەستیان بە كاركردن كردەوەو كاری پڕۆژەی نەخۆشخانەی سیدەكان 55%ی تەواوكراوەو كاری نەخۆشخانەی پیرانیش لە95%ی تەواو كراوەو ڕۆژانە ئەندازیارانی تەندروستی هەولێر لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەسەر هێڵە بۆئەوەی كاربۆ زوو تەواوكردنی هەردوو نەخۆشخانەكە بكرێت و لەكۆبوونەوەی ڕۆژی 14ی ئەو مانگەش بەتێرو تەسەلی لەگەڵ بەرێوەبەری ئەندازەی تەندروستی هەولێرو هەموو ئەندازیارانی تەندروستی باس لە هەموو ئاستەنگ و بەربەستەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنیان تاوتوێكران و یەكەیەكەی بەشەكانی ئەو دوو نەخۆشخانەیەو قۆناغەكانی كاركردن و دانانی ئالیەتێكی تۆكمە و دارێژراو بۆ زوو تەواوكردنیان باسی لێوەكراو دووپاتی ئەوەش كرایەوە، كە پێویستە بەڵێندەرەكان بە كوالیتییەكی بەرز كار لەسەر هەردوو نەخۆشخانەكە بكەن. هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: بڕیار وایە هەردوو نەخۆشخانەكە پەلەی لێ بكرێت تا لەئایندەیەكی نزیكدا بەڕووی هاووڵاتیاندا بكرێتەوەو ئێمە بە بەردەوامی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چاودێرمان هەیە، نەوەك تەنیا چاودێری پڕۆژەكانی ئیداەی سۆران، بەڵكو چاودێری پرۆژەكانی وەزارەتەكانیش دەكەین لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و چاوپۆشی لە هیچ پڕۆژەیەك ناكەین، كە كەموكوڕی تیا هەبێت و ڕێگە لەهەموو كەموكوڕیەك دەگرین و هەر كۆمپانیایەك كاری خۆی بەڕێكوپێكی ئەنجام نەدات ئەوا ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵدا دەكەین و ئەوانەی كە كەمتەرخەمیان كردووە دراونەتە دادگا تا ئیجرائاتیان لەگەڵدا بكرێت، هەوڵ دەدەین كە پڕۆژەكان بەبێ كەموكوڕی تەواو بكەین، زۆر سوپاسی ئەندازیارانی تەندروستی هەولێر دەكەین كە هەمیشە پاڵپشتی تەواو لەهەردوو پڕۆژەی نەخۆشخانەی سیدەكان و پیران دەكات بۆ ئەوەی بەزووترین كات پڕۆژەكان بەپێی ستانداردو بە باشترین كوالیتی تەواو بكرێت و داواش لەكۆمپانیان دەكەین كە باشترین كەل و پەل بۆ تەواو كردنی هەر دوو نەخۆشخانەكە بەكاربێنن لەبەر ئەوەی ئەو دەڤەرە دوورە دەست و زۆر ساردە بۆیە پێویستە كارەكان بە كوالیتیەكی بەرز كاری بۆ بكرێت.
ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری
دواتر هەڵگورد شێخ نەجیب سەرۆكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەربارەی ژمارەیەك پڕۆژەی دیكە بە ڕۆژنامەی خەباتی ڕاگەیاند: لەبەر ئەوەی سۆران ناوچەیەكی ستراتیژی بازرگانی و ستراتیژی گەشتیاریشە و كاری دیكەیش هەربۆ ئەو سنوورە كە گرنگ و پڕلەبایەخ بریتییە لە پڕۆژەی ڕێگاوبان و بۆ هەردوو ئەو كەرتەش ڕێگاوبان شادەماری ئەو دوو كەرتەیە بۆیە گرنگی پێ دەدەین تا ئاستی جوڵەی بازرگانی زۆر بەرز بكەینەوەو بیبەینە قۆناغێكی پێشكەتوو ئێستا خەریكی دروستكردنی ماستەرپلانێكی گەشتیارینە و لەتەواوبووندایەو بریتیە لە ستانداردی نێو دەوڵەتی تا بابەتی گەشتیاری بخەینە بواری جێبەجێكردنەوەو خودی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیەكی تایبەتی بەو بابەتە داوەو هەمیشە ئامانجە سەرەكییەكانی ئێمە وەكو كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم هێشتنەوەی ئاوەدانی گوندەكانە و ئەمساڵ بۆ یەكەمین جارە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان زیاتر لە30%ی بودجەمان بۆ گوندەكان تەرخانكردووە واتا هەرگوندێك ئەگەر پێویستی بەڕێگاوبان بێت وگوندەكە ئاوەدانی لێ بێت دەمانەوێت وەكو خۆی بمێنێتەوەو هەرگوندێكیش هەر كەموكوڕیەكی هەبێ پێویستە بۆی ئەنجام بدرێت لە هەمووی گرنگتر هەوڵ دەدەین كۆچی پێچەوانە بۆ گوندەكان دروست بكەین و پڕۆژەی كشتوكاڵی بۆ خەڵكی گوندەكان زۆر گرنگە وەك گەڕاندنەوەی گەنجەكانی گوندەكان بۆ كاری كشتوكاڵی.
سەرۆكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت: دەمانەوێ دیراسەتێكی باش لەسەر كەشوهەوای گوندەكان بكەین تا بۆ ئایندە خەڵكی گوندەكان بگەڕێنەوە بۆ گوندەكانیان و لەگوندی خۆیاندا كاری كشتوكاڵی بكەن و كاری وەبەرهێنان بكەن و هەوڵیش بدرێت دامەزراندن بەشێوەی جوگرافی بێت تا هەر كەسەو لە شوێنی خۆی دامەزرێ و هەوڵی ئەوەش بدرێت پڕۆژەكان یەكەیەكە بۆ گوندەكان ئەنجام بدرێت، وەك ڕێگاوبان و ئاو و كارەبا تا خەڵكی گوندەكان بەئاسانی بگەڕێنەوە بۆ گوندەكانیان، سنووری ئێمە فراوانەو ژمارەی گوندەكانیش زۆرن، گرنگە كاری بۆ ئەنجام بدەیت و پلانمان وایە كە گوندەكان هەمیشە بەئاوەدانی بمێننەوە، جگە لەوە هەوڵ دەدەین هەموو ئاسانكارییەك بۆ وەبەرهێنەران بكەین لە ڕووی بازرگانی و گەشتیاری تا لێرە وەبەرهێنان بكەن و لیستێكی پڕۆژەكانیشمان واخەریكە ئامادە دەبێت و هەوڵ دەدەین كۆنفراسێكی وەبەرهێنانیش بكەین لە داهاتوودا تا هەموو ئەو پڕۆژانەی كە لەو سنوورەدا هەیە بە وەبەرهێنەرانیان بناسێنین تا كاری وەبەرهێنان لەو سنوورەدا ئەنجام بدەن لێرەوە سوپاسی خودی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە هەمیشە پاڵپشتی لە ئێمە كردووەو ئێمەش درێغی ناكەین لەخزمەتكردن و هەوڵی بووژاندنەوەو ئاوەدانی زیاتری ئیدارەی سۆران دەكەین و ناوچەكە زیاتر گەشە پێ دەدەین.











