رۆژی هەینی، سەرۆکی گرووپی “ڤاگنەر” داوای راپەڕینی کرد دژی سەرکردایەتی سوپای رووسیا، دوای ئەوەی تۆمەتباری کردن بە بۆردومانکردن و کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ڤاگنەر کە لە ئۆکرانیا کرانە ئامانج، هەروەها مۆسکۆ ئەو قسانەی رەتکردەوە و داوای لە چەکدارانی یڤگنی پریگۆژین کرد بە تۆمەتی “داوای یاخیبوونی چەکداری” دەستگیری بکەن.
سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەڵێت، هێزە چەکدارەکانی گەیشتوونەتە نێو شاری رۆستۆڤ لە باشووری رووسیا و بنکە سەربازییەکانی ئەو شارەیان کۆنترۆڵکردوون.
رۆژی شەممە 24-6-2023، یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند، خۆی و هەزاران چەکداری بە مەبەستی لابردنی فەرماندە سەربازییەکانی رووسیا لە پۆستەکانیان بەرەکانی جەنگیان جێهێشتووە و چوونەتە نێو رووسیا.
پریگۆژین لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، “ئێستا لە نێو فەرماندەیی سوپاداین؛ ئێستا کاژێر 7:30 خولەکی بەیانییە”؛ گوتیشی، بنکە سەربازییەکانی رۆستۆڤ و فڕۆکەخانەیەکی سەربازی کۆنترۆڵکراون.
یێڤگینی پریگۆژین بە توڕەییەوە لە پەیامێکی دەنگیدا کە نووسینگەکەی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: “هێرشیان کردووە، هێرشی مووشەکی، بۆ سەر کەمپەکانی دواوەمان، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانمان کوژران”.
پریگۆژین بەڵێنیدا کە وەڵامی ئەم بۆردومانە بداتەوە کە وەزیری بەرگری رووسیا سێرگی شۆیگو ئەو کەسەیە کە فەرمانی جێبەجێکردنەکەی دەرکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرکردایەتی گرووپی ڤاگنەر بڕیاریدا ئەوانەی بەرپرسیارێتی سەربازی لە وڵاتەکەدا هەڵدەگرن پێویستە بوەستێنرێت.