بەختیار وەیس – لەندەن
گوومان لەوەدانییه بەوەی مێژوو سەرچاوە و فاکتەرێکی گرنگه بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی گەل، ئەگەر ئەم دەستەواژەیە بۆ گەلان و قەوارەکانی دیکەی جیهان ڕاست بێت، ئەوا بۆ ئێمەی کورد، بە درێژایی مێژووی دێرین و هاوچەرخ، جگە لە ماڵوێرانی و پەرتەوازەیی و پەرتبوون و دوو بەرەکی، مانایەک و بوارێک و ساتێکی بۆ ئاشتی و تەبایی و یەکگرتوویی و یەکبوونی تێدا نەهێشتۆتەوە، لەم چوارچێوەیەدا لە ئاڵۆزی و نەهامەتی هیچیترمان بەرچاو ناکەوێت. بەچاوخشاندنەوەیەکی خێرا بە مێژووی پێنج سەدە بەر له ئێستادا، بەتایبەتی ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی شازدەهەم و بەرپابوون و روودانی شەڕی چاڵدێران لە ساڵی 1514 زاییندا، لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆریەتی فارسی شیعە مەزهەب لەلایەك، لەلایەکی دیکەوە عوسمانی سوننە مەزهەب، لەم چوارچێوەیەدا کورد بەسەر دوو بەرەی جیاواز و لە دوو دابەشبوونی جوگرافی جیاواز و ئاڵۆز و دژ بەیەکتردا دابەشبوون!، ئەم دابەشبوون و دابڕانە جوگرافی و مێژووییە کاریگەری گەورە و نەرێنی لەسەر مێژوو و ئێستا و ئەگەر بەمشێوازە ناتەندرووستە بەردەوام بێت بۆ داهاتووشمان شێوازە نەرێبیەکه جێ دەهێڵێت!، که تا ئێستاش ئەم کاریگەرییە لەسەر تەواوی ستراکتۆری نەتەوەیی کورد ماوە، بەتایبەتی له ڕووی سایکۆلۆژی ڕووگەشدا!، ئەگەر مێژوو بۆ گەلانی ئەم گەردوونه هۆکارێکی گرنگ و رێکخەر و یەکگرتن و یەکێتیی ریزەکانی بووبێت، لەبەرانبەر ئەم خاڵەدا و لە بێ بەختی کورددا ئەم چەمکە بە دیوە گونجاو و رێکارە مێژووییەکەی خۆیدا بۆ ئێمە ڕاست وەرنەگەڕاوە، مێژووی ئەم چەند سەدەیە تا ئەمڕۆش هەمان بۆچوونی تەسک و دووبەرەکی و کێشمە کێشمی زیانبەخش و ململانێیەکان دووبارە و درێژەیان هەیه!، هەمان دابەشبوونی مێژوویی و جوگرافی و دونیابینی و دووبەرەیی لەنێو سەرکردایەتی و فەرمانبەدەستانی کورد به نەرێنییەکی ڕوون بەرچاوخراوە، کورد نەک هەر دوژمنەکانی لێی دوور نین، بەڵکو لەگەڵ ساتەکانی دەروونی ژیانیدا دەژین! .. بۆیە دەبینین بەردەوام لە هێرش و پەلاماری بەردەوامدان بۆ پەرتبوونی سیاسی و تۆخبوونەوەی هێڵی جیاکاریی جوگرافی له نێو چەند زۆنێکی تەسکی جوگرافیدا، ئەمەش له سوونگەیەکی نەرێنیدا جیاکاری و جیاوازی بەرهەم هێناوە و بواری ترازان و دوورکەوتنەوەی فراوانتر و گەورەتر کردووە، هەربۆیە ئەم پەرتەوازەیی و داخرانە ڕەنگدانەوەی نەرێنی و نابەجێی لە سەرجەم بوارەکانی تری هزری و سیاسی و بۆچووندا بەرجەستە بووە، لێرەدا نەبوونی یەکگرتوویی، هەڵوێستی لە کرداردا لێکەوتۆتەوە، نەوەک هەر ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی، بەڵکو خودی جەستەی نیشتمان و سەرتاپای نەتەوەی دووچار و تووشی مەترسی و لێواری مەرگ کردۆتەوە. لەم چوارچێوەیەدا پێویستە هەموومان بەرژەوەندیی خۆمان و حزبەکانمان بەلاوە بنێین، لەخۆبردووانە لە بەرژوەندیی تەسک ببوورین و تەنیا هەر هەوڵی یەکڕیزیی نەتەوەیی و بەهێزکردنی هەستی نەتەوایەتی بدەین. پێویستە لەم هەوڵەدا جەخت لەسەر بنیاتنانی پتەویی گەنجەکانمان بکەینەوە، چونکە هێزمان لە تەبایی و یەکبوونماندایە و یەکڕیزیش زامنە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و بەرگری لەو دەستکەوتانەی بەدەستهاتوون. خاڵێك که پێویستە ئاماژەیەکی بەرپرسیارانەی بۆ بکەین، ئەو پەیچ و کەناڵانه، نەخاسمه تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاكان خۆیان لەم ململانێ سیاسییانه بە دوور بگرن، لەهەر بڵاوکراوەیەكی ناتەندرووستدا هەڵوێستی کوردانه دەرببڕن، چونکه ئەم بابەتانه كرانەوەیەکی نەرێنییه و بەشێوەیەکی ناتەندرووست و نەرێنی دەخزێتە نێو کۆمەڵگا. ئەمەی لەم میانەدا پێویست و گرینگه ئاماژەی ئەرێنی بۆ بکەین، ئێستاش کاریزمایەکی وەک مەرجەعی باڵای كورد سەرۆک مەسعود بارزانی بە لەخۆبردنەوە لە هەوڵ و کۆششدایە بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی و تەباییی کورد، ئەم دەستپێشخەرییانەی بەڕێزیان ئەگەرچی نوێ نین، چونکه هەرجار دەستپێشخەری بۆ یەکڕیزی نیشانداوە، بەڵام گرینگە هەموو بەیەک دەست بۆ دەستپێشخەری سەرۆک مەسعود بارزانی هەنگاو بنێن.