سەدیق سەعید ڕواندزی
دوای زەمەنێكی درێژ لە ململانێی سیاسی و مەزهەبی، سەرەنجام لە سەر دەستی چین، پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئێران، دوای ساڵانێكی زۆر لە گرژی و ئاڵۆزی ئاسایی بووەوە. بێگومان ئێران لە ڕابردوودا، یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە هەمیشە سعودیە وەك نەیار سەیری دەكرد و بە پاڵپشت و درێژەپێدەری جەنگی نێوخۆیی یەمەن و حوسییەكانی دەناساند و تا ڕادەیەكی زۆر، لە كۆنەست و تێگەیشتنی خەڵكی وڵاتەكەی، ئەو دنیابینییەی دروست كرد كە ئێران دوژمنیانە. كەچی بە شێوەیەكی زۆر دراماتیكی و خێرایانە و بە ئاراستەی سەد و هەشتا پلەی پێچەوانە، گۆڕانكاری لە هەڵوێست و تێگەیشتنی سیاسییانەی سەرانی سعودیە هات و پەیوەندییەكانییان ئاسایی بووەوە و ئێستا لە سەروبەندی كرانەوەی باڵوێزخانەن لە وڵاتەكانییان. پرسیار ئەوەیە، چی وایكرد ئەم گۆڕانكارییە كوت و پڕە لە هەڵوێستی سعودیە نەك ئێران بێتە ئاراوە؟ ئەم گۆڕانكارییانە دەرەنجامی چی بوون؟ بێگومان ئەم گۆڕانكارییانە، لە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتدا، دەرەنجامی ئەو گۆڕانكاری و ئاریشە سیاسییە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەن كە ناوچەكە و جیهانیش بە خۆیەوە دەبینێت و كاریگەرییان لە سەر پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتە هەبوو، كە دەكرێ لێرەدا ئاماژەیان پێ بدەین:
یەكەم: نزیكەی دە ساڵە، سعودیە لە دژی حوسییەكانی یەمەن، كە ئێران پشتگیرییان دەكات، سەركردایەتی هاوپەیمانەتییەكی عەرەبی دەكات، كە دە وڵات لە خۆ دەگرێت. وێرای ئەو توانا لۆجستی و سەربازییەی سعودیەكان و بەكارهێنانی پێشكەوتووترین كەرستە و ئامێری پێشكەوتووی جەنگی لە دژی حوسییەكان، كەچی نەیتوانی پێشكەوتنێك لە زەمینەی واقیع بێنێتە ئاراوە. ئەم جەنگە، بە هەموو پێوەرێك، زۆر قورس لە ڕووی لۆجستی و مرۆیی لە سەر سعودیە دەكەوت، بۆیە بەدوای دەرەچەیەكدا دەگەڕا خۆی لەو شەڕە ڕزگار بكات و ئەمەش بێ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران مەحاڵ بوو، بۆیە دوای ئەو پەیوەندییانە، پاساو و ڕەوایەتییەك بۆ درێژەدان بەو شەڕە نامێنێتەوە و یەمەنییەكان بە تەنها دەمێننەوە. بێگومان حوسییەكان زۆرینە نین لە یەمەن، بەڵام خۆشەویستن، بە دژە ئەمەریكا و ئیسرائیل ناسراون، پێگەیەكی جەماوەری یەكجار گەورە و بەهێزیان هەیە و هەرچی دامەزراوەی دەستووری وڵاتە لە دەستیانە، بۆیە ئەو هێزە ئاسانە نین وەك ئەوەی سعودیە پێشبینی كردبوو. بە تایبەتیش كە زۆرتر لە جارێك ناوچە گرنگە پیشەسازییەكان و فرۆكەخانە و بیر و پاڵاوگە نەوتییەكانی سعودیە، لەلایەن حوسییەكانەوە دەكرانە ئامانج. ئەمانە، بوونە فاكتی ئەوەی كە سعودیە بیر لە هەڵوێستێكی دیكەی جیاواز بكاتەوە، كە نە بە دۆڕاویی نە بە سەركەوتوویی لە شەڕەكە بێتەدەر. بۆ ئەم مەبەستەش، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران، باشترین ڕێگەی دەرچوون بوو لەو شەڕە.
دووەم: جەنگی ڕوسیا و ئۆكرانیا، هۆكارێكی دیكەی ئەو پەیوەندییانە بوو. بێگومان دوای ئەوەی ئۆكرانیا بە تەنها چووە شەڕ لەگەڵ وڵاتێكی زلهێزی دنیا و هیچ كام لە وڵاتانی ئەوروپا و هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمەریكاش، بە هیچ شێوەیەك بەرگرییان لە ئۆكرانیا نەكرد و پاڵپشتییان نەكرد( هەڵبەت ئەوجۆرەی وڵاتان چاوەڕوانیان دەکرد)، ئەمە ترسێكی لای سعودییە دروست كرد، كە ئەگەر لەگەڵ ئێران بچێتە شەڕ، ئەوا ڕووبەڕووی هەمان ئەزموونی كوشندە دەبێتەوە. ساڵانێكی درێژە، سعودیە، ئەمەریكا وەك هاوپەیمانی سەرەكی و بەهێزی خۆی دەبینێت، بەڵام ئەگەر ئەمەریكا بەرگری لە ئۆكرانیا نەكات، كە دەیان بنكەی سەربازیی خۆی لەو وڵاتە هەیە، ئایا بەرگری لە سعودیە دەكات؟ ئەورووپییەكان ئەگەر بەرگری لە نەتەوەی ئۆكرانی نەكەن، كە هاوڕەگەزی یەکترن و جوگرافیا و سنوری هاوبەشیان هەیە، بەرگریی لە عەرەبەكانی كەنداو دەکەن؟ بێگومان نەخێر.
سێیەم:_عەرەبەكان بە گشتی، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، ئیسرائیل بە دوژمنی سەرەكی و مێژوویی خۆیان دەزانن و لە ئێران زیاتر وەك نەیار سەیری دەكەن. كەچی زۆر بە ئاسانی، میرنشینی یەكگرتووی عەرەب پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردەوە و پشتی كردە برا عەرەبەكانی لە فەلەستین و ڕۆژانەش چاو لەو كوشتن و وێرانكارییانە دەپۆشێت، كە ئسرائیل بە سەر كەرتی غەزەی دەهێنێت.
چوارەم: هەڵكەوتەی جیۆستراتیژی و جوگرافیای ئێران و سعودیە، بە جۆرێكە كە لە نێو یەك نەخشە و جوگرافیای هاوبەشدان و دوو وڵاتی زۆر نزیكن لە یەكتری و تەنها كەنداوی عەرەبی لە یەكتریان جیا دەكاتەوە. ئەم دیفاكتۆجوگرافییە، ئەو هەڵومەرجە سیاسییە دێنێتە پێشەوە، كە دەبێ هەردوو وڵات وەك دوو وڵاتی دراوسێ و نزیك لە یەكتری مامەڵە لەگەڵ یەكتری بكەن بە بەراورد لەگەڵ ئەمەریكا، كە هەزاران كیلۆمەتر لە وڵاتی سعودیە دوورە. چونكە هەر گۆڕانكارییەكی هەرێمی بە ئاراستەی ئەڕێنی یان نەرێنی، ڕەنگدانەوەی لە سەر هەردوو وڵات دەبێت.
پێنجەم: بەر لەئێران، سعودیە لە ڕێگەی ئیماڕاتەوە، پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل بەجۆرێک ئاسایی كردەوە، كەواتا بۆچی لەگەڵ ئێرانیش ئاسایی نەكاتەوە؟ ئەمەش هۆكارێكی دیكەی ئەو گۆڕانكارییانە بوو.
هەرچییەك و هەرچۆنێك بێت، پەیوەندیی تەندروستانەی ئەم دوو وڵاتە، كاریگەری گەورەی بە ئاراستەی هێمنی و تەناهی ناوچەكە بەگشتی و عێراقیش بە تایبەتی دەبێت. بۆیە گرنگە پەیوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاسایی بێ.