خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- کاتژمێر :(٣٠ : ٥ ) ی ئێوارەی دووشەممە ٢٠٢٣/٦/١٩ وەزارەتی ڕۆشنبیری ــ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری وهونەری هەولێر، بەهامەهەنگی پاریزگای هەولێر، رێوەرەسمی یاد و وەفا بو نووسەرو چیرۆکنووس و وەرگێڕی ناوداری کورد مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل لە ژێر ناونیشانی(ئەحمەد محەمەد ئیســماعیل تـریفەی خەیـاڵ و زایــەڵەی زمان) لە هۆڵی ڕۆشنبیری سازدەکات.

ژیاننامەی مامۆستا ئەحمەد
مامۆستای نووسەر وەرگێڕو جیرۆکنووسی گەورەی کورد ناوی تەواوی (ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل) ــە و لە ساڵی 1943 لەگوندی حەفتەغاری سەربە قەزای خورماتووی سنووری پارێزگای کەرکوکی دڵی کوردستان چاوی گەشی بۆ ژیان کردۆتەوە ، مامۆستا قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی ناوەندی لە کەرکوک تەواو کردووە.
لەساڵی 1962 خانەی مامۆستایانی لە کەرکوک تەواو کردووە.
مامۆستا لەساڵی 1962 تا ساڵی 1987 لەقوتابخانەکانی (دووزخورماتوو ، کەرکوک ، سلێمانی ، دهۆک ، تکریت ، کەلار ) کاری مامۆستایەتی کردووە
لەساڵی 1965 دا بۆ یەکەمجارلە ڕوژنامەی دەنگو باس وەک نووسەرو ڕۆژنامەنووسێک کاری ڕوژنامەوانی کردووە
لەنێوان ساڵانی 1988ــ1989 لە گۆڤاری بەیان کاری ڕۆژنامەوانی کردووە، لە بەغدا.
لەنێوان ساڵانی1998ــ 2004 ئەندامی دەستەی نووسەرانی( ئەدەب و هونەر)ی ڕۆژنامەی برایەتی بووە لە شاری هەولێر.
لەنێوان ساڵانی 2008ــ2012 لەگۆڤاری بارش کاری کردووە.
ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی بووە.
مامۆستا زمانی کوردی (دایک) و هەردوو زمانی عەرەبی و تورکی زانیوە و بەهه رسێ زمان کاری وەرگێڕانی کردووە.
مامۆستاخاوەنی زیاتر لە 50 بەرهەمی چاپکراوە.
سەد حەیف و مخابن ️ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٣/٤/٢٦ دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیەکەیدا ماڵاویی لێکردین و جێی هێشتین ، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە گۆڕستانی کەسنەزان لەشاری هەولێر بە خاک سپێردرا.