خەبات: شلێر سەعید:- هەركە وەرزی هاوین دێت كشتوكاڵ و دارستانەكان دەكەونە ژێر مەترسی ئاگركەوتنەوە، بۆیە ساڵانە بەسەدان دۆنم زەوی كشتوكاڵی و ودارستان دەسووتێن، بەوەش جگە لەزیانی مادی زۆر كە بەر هاووڵاتیان دەكەوێت، زیانی زۆر بەر ژینگە دەكەوێت، لە ماوەی ڕابردوودا لە سنووری ناوچە جێناكۆكەكان بەهۆی ئاگر كەوتنەوەوە دەغڵودانێكی زۆری جوتیارە كوردەكان سووتێنران و زیانێكی زۆریان بەركەوت، دەكرێ ئەمە بۆ دەستی دوژمنان و ناحەزانی كورد بگەڕێنینەوە، بەڵام بەداخەوە ماوەی چەند هەفتەیەكە لە هەرێمی كوردستان ئاگرێكی زۆر دەكەوێتەوە و وێڕای سووتانی دەغڵودان بۆتە هۆكاری سووتاندنی پووش و پاوان و دارستانەكانیش، كە ئەو كارە مەترسی زیاتریشی لێدەكرێت، ئەوەی مایەی نیگەرانییە، سەدا سەدی ئاگرەكان هۆكارەكەی مرۆڤەكانن، بەهۆی نابەرپرسیارێتی یان نەبوونی هۆشیاری ژینگەییەوە.

بەهۆی بارانبارینی ئەمساڵەوە زۆرترین پووش و پاوان هەیە، ئەوەش مەترسی زیاتری گڕگرتن و كۆنتڕۆڵی ئاگرەكان قورستر و ئەستەمتر دەكات. مەعروف مەجید سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لەبارەی رۆڵی رێكخراوەكانی ژینگەوە بە رۆژنامەی خەباتی راگەیاند: ئێمە وەك رێكخراوەكەمان، داواکاریمان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان كردووە، بەھۆی نزیکبوونەوەی وەرزی وشکبوونی پووش و پاوان و مەترسی ئاگرکەوتنەوە رێكاری ورد بگرنەبەر.

گوتیشی: بەهۆی زۆریی باران بارین لە وەرزی زستان و بەهاری ئەمساڵ، پوش و پاوەنێکی زۆر هەیە لە ناوچە شاخاوی و دەشتاییەکاندا، هەر ئەمەشە وای کردووە ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر بکرێ بەتایبەتی لەلایەن هاوڵاتیانەوە، بەمەش زیانێکی زۆر گەیشتوە بەدارستانە سروشتیەکان و لەوەڕگاکان، مەعروف مەجید ئاماژەی بەوەشكرد كە كە داوایەکیان ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف كردووە کە یەکێک لەوتارەکانی ھەینی تایبەت بکات بۆ قسەکردن لەسەر مەترسی سوتانی دارستانەکان و زیانەکانی و ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتیان تابتوانن ھاوکاری لایەنەپەیوەندارەکان بن و ڕێگری بکەن لە کەوتنەوەی ئاگر.

سەرۆكی رێكخراوی ئایندە لەبارەی زیانەكانی ئاگركەوتنەوە لەسەر ژینگە دەڵێت: هەركاتێك ئاگر بكەوێتەوە زیانی زۆر بەر ژینگە دەكەوێت بەهۆی سووتانی دار و درەخت و هەوا پیس دەكات بەهۆی ئەو دووكەڵەی بەرزدەبێتەوە و تێكەڵ بە ژینگەو سرووشت و دەبێت مرۆڤیش هەڵی دەمژێت، هاوكات بەهەزاران باڵندەو بوونەوەر و ئاژەڵ لەناودەچن و دەبێتە هۆی شێواندنی ژیانیان و شوێنی زاوزێیان.

سەبارەت بە رێگریكردن لە ئاگر كەوتنەوە مەعروف مەجید ئاماژەی بەوەكرد، كە پێویستە رێكخراوەكان و كەناڵەكانی راگەیاندن و مامۆستایانی ئایینی هۆشیاری بڵاوبكەنەوە، هاوكات لایەنی حكومی چاودێرییەكانیان زیاتر بكەن لەو شوێنانەی مەترسی زیاتری لەسەرە و بنكەو بارەگای زیاتری ئاگركوژێنەوە دابنێن لەوەرزی هاوین، دەشكرێت ئامێری پێشكەوتوو بەكاربهێنرێت بەتایبەتی كۆپتەر بەكار بهێنن بۆ ئەوەی ئاگرەكە تەشەنە نەكات.

سەركەوت كاڕەش وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لەبارەی ئامارەكانەوە بە خەباتی راگەیاند: لە مانگی پێنجەوە تا نیوەی مانگی شەش لە سنووری هەولێر 152 رووداوی ئاگركەوتنەوە تۆماركراوە، كە زۆربەی سووتانی گەنم و پووش و پاوان بووە، هاوكات 32 ئۆتۆمبێل سووتاوە، و 46 ئاگركەوتنەوە لەناو ماڵان بووە، لەگەڵ چەندین رووداوی ئاگركەوتنەوەی جۆراوجۆر.

هەرچەندە ڕێنمایییەكانی خۆپاراستن لە ئاگركەوتنەوە و ڕێگەلێگرتنی لەناو دارستانەكانەكان بەپێی یاسای دارستان ژمارە (١٠)ی ساڵی ٢٠١٢، مادەی بیستەم، ئاگركردنەوە لەنێو سنووری دارستانەكان و دەوروبەری بەدرێژایی ٢٠٠ مەتر لە سنوورەكانییەوە قەدەغەیە و نابێت هیچ جۆرە دەزگایەكی پیشەسازی یان دامەزراوەیەك، كە ئاگر یان ماددەی تیشكدەر بەكار دێنێت لەو شوێنانە هەبن، بەڵام ئەو یاسایە وەك پێویست جێبەجێنەكراوە.

لەم سۆنگەیەوە رێكخراوی هەناسەی سرووشت چەند رێنماییەكی بڵاوكردۆتەوە، كە لێرەدا هەندێكیان دەخەینەڕوو: لە وەرزی هاویندا گژوگیا وشكدەبێت، بۆیە دەبێت زۆر وریابین لە فڕێدانی پاشماوەی ئاگر یان جگەرە یان هەر شتێك، كە بزانین دەبێتە هۆكار بۆ كەوتنەوەی ئاگر، چونكە ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكان و پاوانەكاندا تەنیا نابێتە هۆكاری زیانی ماددی، بەڵكو دەبێتە مایەی پیسبوونی ژینگە و لە ناوچوونی ئەو ئاژەڵ و گیانلەبەرانەی كە لەو شوێنانەدا دەژین، هەروەها تێكچوونی هاوسەنگیی ژینگەیی.

هۆكارەكانی ئاگر كەوتنەوە سەرەكیترینیان ئەم خاڵانەی لای خوارەوەن:
1- هۆكارەكانی كەشوهەوا: وەك بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئەیلوول.
2- سروشتی ڕووەكەكان: كە توانای ئاگرگرتنی هەیە بە ئاسانی.
3- هۆكارە بە ئەنقەستەكان: وەك هەڵەی شوان و شوفێر كە ئاگركەوتنەوەی زیانبەخش و مەترسیداری لێدەكەوێتەوە.
4- جەنگ و تۆپبارانكردن: كە لە ئەنجامی تۆپبارانكردنی ناوچەیەكی گەورە دێتە ئارا و زیانی ژینگەیی و ئابووری و مرۆیی گەورەی لێدەكەوێتەوە.

بۆیە پێویستە دڵسۆزانە ڕەچاوی ئەم چەند خاڵانەی لای خوارەوە بكەین:
1- لەو شوێنانەی پوش و پاوانی تێدایە بەهیچ شێوەیەك ئاگر نەكەینەوە، ئەگەر كراشەوە بۆ كاتی پێویستی یەكسەر بكوژێنرێتەوە.
2- بەهیچ شێوەیەك شوشەی بەتاڵ و مادە زەڕەبینییەكان لەو شوێنانە فڕێنەدرێن، لەكاتی گەرمادا دەبنە هۆكاری ئاگر كەوتنەوە.
3- لەكاتی بینینی هەر ئاگرێك دەكرێ ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە تیمەكانی بەرگری شارستانی بكەین بۆ ئەوەی تیمی تایبەت ڕەوانەی شوێنەكە بكەن.
4- پێویستە پێش گەیشتنی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە خەڵكی سنوورەكە خۆشیان بەشێك بن لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە.

سەركەوت كاڕەش وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر
مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئایندە