خەبات: عەلی بانیشاری:- كۆیە خاوەنی سێ قەیسەری كۆنە كە لە دەیان دوكان پێكدێت. قەیسەرییەكان زۆر بەجوانی دروستكراون و پاش نزیكەی 200 ساڵ هێشتا زۆرینەی دوكانەكانی نێو بازاڕە كۆنەكان وەكو خۆیان ماونەتەوە و نەڕووخاون، بەڵام بێ بازاڕیی و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست و نۆژەننەكردنەوەی شوێنەكە بووەتە هۆی داخستنی زۆرینەی دوكانەكانی نێو قەیسەرییەكان، بەتایبەت دوكانەكانی نێو قەیسەری حاجی عەبدوڵڵای مسكین كە لە ساڵی 1904ـەوە دروستكراون و لە ئێستادا زۆرینەیان دەرگایان داخراوە.

قەیسەرییەكانی كۆیە سمایەكی جوانیان بە شارەكە داوە و كاتێك سەردانیان دەكەیت دەستڕەنگینی وەستاكانی ئەو سەردەمە زیاتر سەرنجت ڕادەكێشێت و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەكانی ڕابردوو و ئارەزوو دەكەیت بە زوویی بازاڕە كۆنەكانی شارەكەی حاجی قادر بەجێنەهێڵیت. فەرمانگەی شوێنەوار و كەلەپووری كۆیە دەڵێت: لە ئێستادا هیچ پڕۆژەیەكمان بۆ نۆژەنكردنەوەی قەیسەرییە كۆنەكانی كۆیە نییە، چونكە شوێنی دیكەی كەلەپووری هەیە كە بارودۆخی خراپە و پێویستی بە نۆژەنكردنەوە.

سرود عەزیز، 19 ساڵە دوكانی بچووكی وەرشەی زێڕی لە نێو قەیسەری حاجی عەبدوڵڵای حاجی مستەفای مسكین لە شاری كۆیە هەیە. ئەو دەڵێت: لە ساڵانی 1920-1930 زۆرینەی بازرگانە گەورەكانی كۆیە لەم قەیسەرییە دوكانیان هەبووە و ئێرە ناوەندێكی بازرگانی بووە، بەڵام لە 1970- 1980 بەدواوە جموجوڵی بازرگانی لەم بازاڕە كۆنە سست بووە، ئیتر وردە وردە دوكانەكانی نێو قەیسەرییەكە داخران، لە 2001 زێڕنگەرەكانی كۆیە گواسترانەوە بۆ نێو قەیسەری حاجی عەبدوڵڵای مسكین، بەڵام بەهۆی بێ بازاڕییەوە زێڕنگەرەكان گەڕانەوە بۆ دوكانەكانی پێشتری خۆیان لە نێو بازاڕی شاری كۆیە.

قەیسەری حاجی عەبدوڵڵای مسكین لە نزیكەی 77 دوكان پێدێكت. سرود عەزیز دەشڵێت: ئێستا چەند دوكانێكی قەیسەرییەكە نەبێت، زۆرینەی دوكانەكان داخراون و بازاڕەكە بە تەواوی سست بووە و خەڵكی وەكو پێشتر ڕووی تێناكات. گوتیشی: قەیسەرییەكانی كۆیە بناغەی شارەكەن و تا ئەم قەیسەرییانە هەبوون، كۆیە دوكانی دیكەی لێنەبووە.

قەیسەری حاجی بەكر ئاغای حەوێزی، یەكێكە دیكە لە قەیسەرییە كۆنەكانی شاری كۆیە كە لە 49 دوكان پێكدێت و لە ساڵی 1840 بنیاتنراوە. كاروان حەمە غەفوور، 24 ساڵە لە قەیسەرییەكەی حاجی بەكر حەوێزی دوكانی هەیە و دەڵێت: یەكەمجار كە لەم بازاڕە دەستم بە كاركردن كرد ((وێنەم دەفرۆشت))، ئێرە كۆنترین قەیسەری شاری كۆیەیە و پێشتر بازاڕێكی زۆر باش بوو، بەڵام ئێستا كاروكەسابەتی تێدا نەماوە و زۆرینەی هاووڵاتیان پشتیان بە مووچە بەستووە.

دەشڵێت: ئەوەی بە بیرم بێت ئەم قەیسەرییە بازاڕێكی زۆر گەورە و ئاوەدان بوو، لە زۆر شوێنی كوردستان و تەنانەت سوریا و ئێرانەوە خەڵكی ڕووی تێدەكرد، هێمن نعمان، لێپرسراوی هۆبەی پشكنین لە فەرمانگەی شوێنەوار و كەلەپووری كۆیە بە (خەبات)ـی گوت: بوونی قەیسەری و بازاڕ لە سەدەكانی 17 و 18 و 19 بەڵگەی ئەوەیە ئەو شوێنە پێشتر جموجوڵی بازرگانی لێبوو. گوتیشی: لە سەدەكانی ڕابردوو قەیسەری تەنیا لە شارە گەورەكانی وەكو هەولێر و موسڵ و سلێمانی و كفری و كۆیە و چەند شارێكی تر هەبوون. ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر قەیسەرییەكانی كۆیە تەنیا بازاڕی شارەكە بوون. زیاتر گوتی: لە ئێستا بەشێك لە دوكانی نێو قەیسەرییەكان داخراون و هەندێكیشان وەكو كۆگا بەكاردەهێنرێن.

هێمن نعمان هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زانستی شوێنەوار باسیلەوەشكرد، سەرەڕایی نەبوونی بودجە و هاورینەكردنی خاوەن موڵك و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەراورد بە قەیسەری شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، قەیسەرییەكانی كۆیە بارودۆخیان باشە و مەترسی ڕووخانیان لێناكرێت، ئەوەشی گوت: لە ساڵانی نەوەدەكان قەیسەری كۆنی كۆیە نۆژەنكراوەتەوە، بەڵام نۆژەنكردنەوە زۆر زانستی نەبووە و هەر ئەوەندە بووە لە مەترسی ڕووخان پاراستوویەتی. ئەو پێیوایە، قەیسەرییەكانی كۆیە ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندووە كە بڕوخێنن، دوكانەكانی نێو قەیسەرییەكانی كۆیە بەشێكیان موڵكی هاووڵاتیانی شارەكەن و بەشێكی دیكەیان هی وەزارەتەكانی شارەوانی و ئەوقاف و كاروباری ئاینین، لێپرسراوی هۆبەی پشكنین لە فەرمانگەی شوێنەوار و كەلەپووری كۆیە ڕاشیگەیاند: دەكرێت قەیسەرییەكان باشتر لەوەی كە هەیە ببوژێنرێنەوە.

سەبارەت بە نۆژەنكردنەوەی قەیسەرییەكان لەلایەن فەرمانگەی شوێنەوار و كەلەپووری كۆیە، هێمن نعمان گوتی: لە ئێستادا هیچ پڕۆژەیەكمان بۆ نۆژەنكردنەوەی قەیسەرییەكانی كۆیە نییە، چونكە ئەولەویەت بۆ ئەو شوێنانەیە كە مەترسی ڕووخان و لەناوچوونیان لەسەرە. گوتیشی: لەناو بازاڕ و گەڕەكە كۆنەكانی كۆیە ژمارەیەكی زۆر بینای كەلەپووری هەیە كە بەشێك لە بینای بازرگانی و بەشێكی دیكەیان شوێنی نیشتەجێبوون، هەندێك لەو بینایانە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و ژمارەیەكیشان بەتەواوی ڕووخاون، بۆیە ئەگەر بودجە هەبێت بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنانە تەرخان دەكرێت.