د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
لە ماوەی چەند رۆژێ‌ رابردوو و پێشوازیكردنی لە شاندێكی وڵاتی ژاپۆن، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرسامیی خۆی بە ئەزموونی ناوازەی ئەو وڵاتە پێڕاگەیاندن. لە پەراوێزی هەوڵەكانی حكومەت لە پێناو چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی، لە جێگەی خۆیەتی سوود لە ئەزموونی كارگێڕی و بەڕێوەبردنی گەلانی تر و هەندێ‌ وڵات و لەوانەش ژاپۆن وەربگرین. هیچ گومانی تێدا نییە ئەمرۆ ژاپۆن یەكێكە لە جەمسەرەكانی ئابووری و پیشەسازی لە جیهاندا و جێگەپەنجەی لە هەر شوێنێك دیارە وهەر ئەوەشە كە ئەو پرسیارە لای مرۆڤ گەڵاڵە دەكات: ئایا وڵاتێكی وەك ژاپۆن، كە تا سەدەی نۆزدە وڵاتێكی دواكەوتوو و كلاسیك بووە، چۆن بەو خێراییە و بەتایبەت لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و بە تایبەتیش ساڵانی هەشتایەكان، پێشكەوت؟ لە وەڵامدا دەبێ‌ بگوترێت ئەم پێشكەوتنە بەرهەمی سیستەمی بەڕێوەبردن و كارگێڕییەكەیەتی، كە بە قوتابخانەی ژاپۆنی ناسراوە، كە خاوەن بەها و تایبەتمەندییەكانی خۆیەتی، كە هاوشێوەی لە جیهاندا دەگمەنە.
ئەم قوتابخانەیە داكۆكی لە كۆمەڵێك چەمك و بەها دەكات كە بوونەتە هۆكاری سازانێكی كۆمەڵایەتی هەرەوەزیی تایبەت لە نێو ئەندامانی دامەزراوەكاندا و لەسەر بنەمای فەلسەفەی كارگێڕی و بەڕێوەبردن كە ژاپۆنییەكان بڕوایان پێیەتی و بەرهەمی كۆمەڵگەی ژاپۆنییە، كە تاكی ژاپۆنی تیایدا پێگەیشتووە.
لە سیستەمی بەڕێوەبردن و كارگێڕیی ژاپۆنیدا، بە چاوێك سەیری رێكخراو و دامەزراوەكان دەكرێت وەك رەفتارێكی مرۆیییە و بە كۆمەڵ ئەنجام دەدرێت و كار دەكات و، تیایدا رەفتارەكانی تاك لەگەڵ رەفتارەكانی گشت و بەكۆمەڵ تێكەڵاو دەبن و، وەك كیانێكی كۆمەڵایەتی و هەرەوەزی هاوئاهەنگی دەكات و تیایدا بەرژەوەندیی گشتی شوێنی بەرژەوەندییەكانی تاكی و تایبەت دەگرن و، ئەو چەندە نە بە زۆری و زەبر، بەڵكو بە هەموو قەناعەتەوە لە لایەن ئەندامانی ئەو دەزگاەیە ئەنجام دەدرێت و، هەوێنەكەشی كاری هاوبەش و بەرنامەیەكی دیموكراسییانە و بەشداریكردنی هەمە لایەنەیە.
ئەو دەزگا و رێكخراوەی تاك كاری تیادا دەكات شوێنی كار و ژیانییەتی و، ئامانجە گشتی و كۆمەڵایەتییەكان تێكەڵاوی ئامانجە تایبەتی و كەسێتییەكان دەبن و هەموو لایەك بەیەكەوە كار دەكەن و هەوڵی بەدیهێنانیان و سەركەوتنی ئەو دامەزراوەیە دەدەن، چونكە بڕوایان وایە سەركەوتنی ئەو دەزگا و دامەزراوەیە و دەستكەتەكانی هی هەمووانە.
بەم جۆرە و لەو سۆنگەیەوە و لەسەر بنەمای ئەم فەلسەفەیە هەر دامەزراوە و رێكخراوێك، وەك خانەیەكی كۆمەڵایەتی و یەكگرتوویە، كە ئەویش خێزانە و هەر ئەندامێك تیایدا ئەركێكی لە ئەستۆدایە، كە دەبێت كار بكات لە پێناو سەركەوتنی، چونكە بە سەرچاوەی بژێوی و ژیانی تاك هەژمار دەكرێت و، لە گەڵیشیدا ئەم رێكخراوە شوێنی ئارامی و ئاسوودەییە بۆ تاك و، دەبێتە ئەگەری سەقامگیریی ئابووری لای ئەوان و لە كۆتاییشدا ئاسایشیی دەروونی و كۆمەڵایەتییەكەی مسۆگەر دەكات و پێداویستییەكانی و داواكارییەكانیتری دابین و تێر دەكات و، تیایدا رێزگرتن و بەرژەوەندییە گشتی و هاوبەشەكان و، سەرپێبوون و خۆشەویستی و لێكتێگەیشتن و نزیكبوونەوە باڵی بەسەر رێكخراوەكەدا كێشاوە.
هەموو ئەندامانی دامەزراوەكە هاوكارن لە كاركردندا و لە چارەسەرکردنی گرفتەكانی و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و، بڕواپێبوون لە هەموو ئاستەكانی بەرپرسیارەتیدا، بەرز و بڵندە و، پاڵنەرێكی ئەرێنی كار و رەفتارەكانی تاكە. چاودێریكردن لە جۆری خودییە و لە شوێنی چاودێریكردنی فەرمی دێت و هەر تاكێك بەرپرسە لە ئەرك و كار و رەفتارەكانی خۆی و، ئەو جۆرە روانگەیە بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقیی هەموو تاكەكانی ئەو دامەزراوەیەیە.
سیستەمی كارگێڕی ژاپۆنی بڕوای وایە كە لە بابەتی هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ كارمەنداندا، دەبێ‌ هەوڵبدرێت ئەوپەڕی دادپەروەری و بابەتیانەبوون لەبەرچاو بگێرێت و، ئەو تاكەی كار نەكات و بەرهەمی نەبێت شوێنی لەنێو دامەزراوەكەدا نابێت، و كار و چالاكی و پاداشتكردن بە شێوەیەكی پێكەوەییە بۆ مەبەستی سەركەوتن و بەرهەمهێنانی گشتی و بە كۆمەڵ. ئەمەش لە بڕیارە گرنگەكانی دامەزراوەكەدا لەبەرچاو دەگیرێتن و، بڕیارەكان بە هاوكاریی و هاوبەشیی هەموو لایەك دەدرێن و، كار لەسەر ئەوە دەكرێت ئەو بڕیارانە ببن بە كردە و تەنها مەركەبێك نەبن لەسەر كاغەزەكان و هەر تاكێك لە ئاست ئەو بڕیارانە بەرپرسیار بێت، و ئەوش دەبێتە پاڵنەرێك بۆ بەجێگەیاندنی ئەو بڕیارانە لای هەمووان.
سیستەمی كارگێڕی ژاپۆنی هەوڵ دەدات تۆوی خۆشەویستی و سەرپێبوون (ئینتیما) لەنێو دامەزراوەكاندا دروست بكات و هەموو لایەك بە خەمخۆری و بە پەرۆشەوە بەرژەوەندییە باڵاكانی دامەزراوەكە بپارێزن و ئەركی سەرشانیان راپەڕێنن و، هەوڵبدرێت كارمەندان هەست بە مەترسی نەكەن لە لایەن دامەزراوەكەیانەوە و، بەردەوام لە كارێك بۆ كارێكیتر بگۆازرێنەوە تاوەكو لە گشت بوارەكاندا شارەزایی پەیدا بكەن، ئەوەش دەبێتە رێخۆشكەر بۆ ئەوەی لە كارەكەیدا سەربكەوێ و پێشبكەوێت.
ئەگەر تەماشەی ژینگەی ژاپۆن بكرێت دەبینین ئەو پرەنسیپ و بنەمایانەی لە ناخی ئەو كۆمەڵگەیەوە هەڵقولاون و بوونەتە ئەگەری ئەوەی تاكی ژاپۆنی بایەخ بە كار و پیشەی بدات، لە هەر شوێنێك و ئاستێكی كاركردندا بێت و، هەر ئەوەیە دەبینین وڵاتی ژاپۆن لەسایەی ئەم سیستەمەی كارگێڕی و بەڕێوەبردندا، لە جیهانی ئەمرۆكەدا شوێنێكی تایبەتی هەبێ‌.
ئەگەر بێت و بمانەوێ‌ ئەو بەهایانە لەگەڵ كۆمەڵگە و ژینگەی كوردستانیدا بەراورد بكەین دەبینین بۆ بوونیان لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا بوار هەیە و ئەوەش بە مەرجێك كە تاكی كوردستانی وەك تاكی ژاپۆنی بیر بكاتەوە و رەفتار بكات. ئەو چەندەش هیچ جادووگەرییەكی ناوێت تەنها هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و خەمخۆری و چاودێریكردن و چاكسازییەكی خودی لە كار و كردەوە و ئەركەکانی سەرشانەكانیداو، لە هەر ئاستێك و پلەیەكدا بێت، كە ئەوەش كارێكی قورس نیە، تەنها ئیرادە و ویستێكی بەهێزی دەوێ‌، چونكە چاكسازیی خودی هیچی كەمتر نییە لە چاكسازییەكانی ئابووری و كارگێڕی و سیاسی و كۆمەڵایەتی، بەڵكۆ لە پێشەوەی دێن و تەواكەری یەكترن.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانكۆی زاخۆ