دیمانە- مسلم دۆلەمەری:
لەدیداری ئەمجارەم چیرۆكی خۆڕاگری و كۆڵنەدان لەبەر ئاستەنگە دژوارەكانی ژیانی دایكێكی دیكەی نیشتمان ئەسمەر خدر ئەحمەد دەخەمەڕوو كە بە دڵێكی پڕ لە حەسرەتی چاوەڕوانی دەیان ساڵی، هاوسەر و ئازیزانی بۆ ئێمە دوا و گوتی: من ئەسمەر خدر ئەحمەد هاوسەری جینۆسایدكراو( عەزیز خواجە محەمەد) م هەروەها خەزورم خواجە محەمەد و برای هاوسەریشم حسكۆ خواجە جینۆساید كراون جگە لەمانە زیاتر لە 14 كەسیتر لە كەسوكاری نزیكم بە دەستی بەعسی گۆڕبەگۆڕ جینۆسایدكراون.
* سەرەتای كارەساتی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان چۆن بوو و لەو كاتەدا تەمەنت چەند بوو؟
– ئەو كاتەی كە شاڵاوی جینۆسایدكردنی 8 هەزار بارزانی بێتاوان دەستی پێكرد من تازە لە تەمەنی لاویدا بووم واتە كەمتر لە دوو ساڵ بوو كە ژیانی هاوسەریم پێكهێنابوو بەڕاستی من و سەدان ئافرەتی لاوی تری بارزان گەورەترین تراژیدیامان بەرامبەركرا و لە تەمەنی لاویدا بۆ هەتاهەتایە لە هاوسەرەكانمان دوورخراینەوە. كارەساتی جینۆسایدكردن لە بەرەبەیانێكی زوو دەستیپێكرد، هاوسەرم لە ماڵەوە بوو، كاتژمێر سێی شەو بوو سەربازەكانی بەعس دەوری ماڵەكانیان دابوو هەرچی پیاوە بە منداڵانیشەوە بە پیر و نەخۆشەكانیشەوە هەموویان ڕاپێچی نێو مەنشاكان كرد. برای هاوسەرم كە قوتابی پۆلی دووی سانەوی بوو ئەویشیان گرت و بردیان. خەزوورم لەو كاتە هەر لە ماڵەوە نەبوو لە ئیشغال كاری دەكرد زاڵمان هەر لەوێ‌ ئەویشیان دەستگیر كردبوو، بەڕاستی ڕۆژێكی ڕەش بوو بۆ ئێمە، كارەساتێكی دڵتەزێن بوو كە تا دواساتی ژیان لەبەرچاومان ناچێت.
* دوای جینۆسایدكردنی هاوسەر و كەسوكارەكانتان ئێوە چیتانكرد؟
– كاتێ‌ كە تەواوی پیاوەكانی ئێمەیان جینۆساید كرد ئێمە واماندەزانی بۆ شەڕكردن دەیان بەن، چونكە ئەو كات شەڕی نێوان عێراق و ئێران بوو، بۆیە ئێمەی ئافرەتان هەموومان ڕۆژی دواتر بەیەكەوە بە مناڵی ساواوە بە بەرزكردنەوەی قورئانی پیرۆز بەرەوە دائیرەكانی حكومەت بەڕێكەوتین و چووینە نێو حەوشە و داوامانكرد پێمان بلێن كە پیاوەكانمانیان بەرەو كوێ‌ بردوونە، ئەوانیش بە درۆ پێیان گوتین مەترسن پیاوەكانتان بۆ كۆبوونەوەیەكی گرنگ بەرەو بەغدا براون بۆ چەند ڕۆژێكی تر دەگەڕێنەوە. لەو كاتە تاكو ئێستا ئێمە هەر چاوەڕێین و نەگەڕانەوە.
من لەو كاتەدا چەند مانگێك بوو دووگیان بووم واتە شەش مانگ دوای جینۆسایدكردنی هاوسەرەكەم خودای گەورە كوڕێكی پێدام ناوم نا محەمەد.
* ئێوە وەك ئافرەتان كە تەنها مانەوە چۆن توانیتان ئەركی باوكایەتیش بۆ منداڵەكانتان بخەنە ئەستۆ و بژێوی ڕۆژانەی ژیانتان پەیدا بكەن؟
– دوای جینۆسایدكردنی پیاوەكانمان من و خەسووم و خوشكێكی هاوسەرەكەم بەیەكەوە ماینەوە، چونكە ماڵی باوكم ئەو كاتە لە وڵاتی ئێران بوو، لەو كاتە دەرگای ئازار و نەهامەتییەكانی ژیان بە ڕووی ئێمەی ئافرەتانی بارزانی كرایەوە، چونكە تەنها هەفتەیەك دوای جینۆسایدكردنی پیاوانی ئێمە، حكومەتی بەعس ئاو، كارەبا و ئازووقەیان لەسەر بڕین و خەلكی خێرخواز بە نەهێنی خواردنیان بۆ دەهێناین. ئافرەتانی خێرخواز بە نەهێنیەوە شەوان قوتوی شیریان بۆ منداڵەكانمان فرێدەدایە نێو حەوشەكان و پشت دیواری ماڵەكانمان، شەوان یان بەیانی زوو بە نەهێنی دەچووین بە تەنەكە ئاومان دەهێنا بە دەیان جار سەربازەكانی بەعس هاتوونەتە سەر ڕێگەمان و تەنەكەی ئاوەكانیان لێ لەناودەبردین و دەیان قۆپاندن. دوای بێ‌ ئومێدبوون لە گەڕانەوەی پیاوەكانمان ناچاربووین ئێمەی ئافرەتان دەستبكەین بە كاركردن من و خەسووم و خوشكی هاوسەرەكەم لەگەڵ زۆربەی ئافرەتانیتر لە پێناو ئەوەی بە سەربەرزی بژین و بتوانین منداڵەكانمان بە سەربلندی پەروەردەبكەین هەرگیز كۆلمان نەدا و وەك باوكێك بۆ منداڵەكانمان شانبەشانی پیاوان لەنێو باغچەكانی تەماتە و خیار و باینجان و شتیتر كارمان دەكرد. زۆرجاریش ناچاردەبووین كرێكاری بكەین وەك پیاوان لەگەڵ وەستاكان چیمەنتۆمان دەگرتەوە، بلۆكمان دەكێشایەوە تەنها بۆ ئەوەی بەسەربلندی بژین. هەندێ‌ لە ئافرەتانمان توانای كارە قورسەكانیان نەبوو ناچاردەبوون لە دەڵاڵخانەی هەولێر گۆرەوی و شتی ورد بفرۆشن، بەڕاستی ئازاری زۆرمان كێشا.
* دوای جینۆسایدكردنی پیاوانتان مەترسی زیاتر بۆ سەر ژیانی ئێوە و منداڵەكانتان دروست نەدەبوو؟
– بەڵێ‌ ئێمە شەوان تا بەیانی بە نۆرە پاسەوانیمان دەگرت بە داس و چەقۆ و شتی وا. هەموو شەوان پێڵاوی پیاوەكانمان لەبەر دەرگاكان دادەنا بۆ ئەوەی ئەگەر كەسێكیش بێتە ماڵەكانمان وابیربكەنەوە كە پیاومان لەناودا ماوە. جارێكیان دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە كە حكومەت دێت و ئێمەی ئافرەتانیش دەبەن، بۆیە هەموومان بڕیارماندا ماڵەكانمان جێ‌ بهێڵین و بڕۆینە گوندی سێبەردان. كاتێ‌ گەیشتینە ماڵی موختاری گوندەكە زۆر بەڕێزەوە پێشوازی لێكردین. كاتێ‌ كە شەو بەسەرماندا هات موختاری گوندەكە لە مینبەری مزگەوتەوە هاواریكرد و گوتی هەموو پیاوەكانی گوندەكە ماڵەكانتان جێبهێڵن و وەرنە مزگەوت با ئافرەتە میوانەكانمان دابەش ببنە سەر ماڵەكانمان. بەڕاستی كەسانی بەشەڕەف و خاوەن كەرامەت بوون. ڕۆژی دواتر موختارەكە خۆی چووە دائیرەی حكومەت بۆ ئەوەی بزانێت كە هەواڵەكە ڕاستە یا نا ئەوانیش پێیان گوتبوو با بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، ئێمە هیچ كارێكمان بە ئافرەتەكان نییە.
* دوای ئەم قۆناغە هەر لە قوشتەپە مانەوە یان بەرەو شوێنێكیتر ڕۆیشتن؟
– بەڵێ‌ دوای ماوەیەك بڕیارماندا بەرەو هەولێر باربكەین، ماوەیەك چووینە هەولێر و لەوێ‌ كارمان دەكرد دواتر خەسووم بڕیاریدا دووبارە بگەڕێتەوە بۆ قوشتەپە، چونكە ئەو هەمیشە وای بیردەكردەوە كە هاوسەر و منداڵەكانی دەگەڕێنەوە و ڕۆژانە لەبەر دەرگا چاوڕێی دەكردن. بە دەیان جار خواردنی ئامادە دەكرد دەیگوت بۆ نیوەڕۆ یان بۆ شەو دەگەڕێنەوە، بەداخەوە تا ئەو ڕۆژەی كوچی دوایی كرد هەر چاوەڕوانی گەڕانەوەی هاوسەر و كوڕەكانی بوو.