خەبات: سولین سلێمان:- ئاكار عابد گەنجێكی موزیكژەنە لە شاری دهۆك، باوكی گۆرانیبێژی فۆلكلۆرە، ئەو لە رێگەی باوكیەوە هاتۆتە نێو دونیای موزیك و گۆرانییەوە، زیاتر ئارەزووی گۆرانی فۆلكۆر دەكات وەك لە ستایلە نوێیەكان، ئەو لە دیدارێكدا بۆ خەبات، بەم شێوەیە وەڵامی ئێمەی دایەوە.

سەبارەت بە هاتنە نێو دنیای موزیك و گۆرانییەوە، هونەرمەند ئاكار عابد بۆ خەبات گووتی: بەهۆی ئەوەی باوکی من (عابد دهۆکی) گۆرانیبێژی فۆلکلۆری بووە، بەردەوام لە دیوانی ئەودا دانیشتووم،گوێم بۆ دەنگی گرتووە، تەماشام دەکرد چۆن کەمانچە بژەنم و گۆرانی بڵێم، بۆیە باوکم رێنیشاندەر و مامۆستای من بووە.

هونەرمەند ئاکار عابد لەبارەی ماوەی ژەنینی كەمانچە و گۆرانی فۆلكلۆرەوە بە (خەبات)ی راگەیاند: بۆ ماوەی 6 ساڵ دەبێت كەمانچە دەژەنم، دوای ئەوە دەستم كرد بە گۆرانی گووتن، بێجگە لە گۆرانی فلکلۆر گۆرانی بە ستایلی تر ناڵێم، دەمەوێت وەک باوکی خۆم بناسرێم و وەك ئەو خزمەت بە فۆلكۆری كوردی بكەم.

ئاكار عابدی هونەرمەند لەبارەی بەشداری كلیپ و ژەنینی كەمانچە بۆ چەند هونەرمەندێك بۆ (خەبات) گووتی: وەک کەمانچەژەن بەژداریم لە کلیپێکی هونەرمەندی مەزن (حەسەن شەریف) کردووە، بۆ باوكم و هونەرمەندان حەسەن عەلی و خەنجەر خەلەف حالی و زۆر گۆرانیبێژی تر ژەنیووە و تێدا بەردەوام دەبم.