خەبات _ ئاشتی شەھباز
ئەمرۆ ١٠ی سەرلە بەیانی رێکخراوی ڕێپاکی ناحکومی بە ھەماھەنگی گرووپی لەنیا بۆ ئەسپ سواری بەبۆنەی رۆژی منداڵانی سەرشەقام ئاھەنگێکی خنجیلانەیان رێکخست کە پێکھاتبوون لە ١٠ منداڵی سەرشەقام و ژمارەیەک لەمنداڵانی بەھرەمەندی نێو خێزانەکانی شاری ھەولێر لەسەنتەری خانەنشین بەشی ئافرەتان لە نێو باغی شار لە شاری ھەولێر ئەنجامدا, ئومێد بەرزنجی لە راگەیاندنی ڕێکخراوی ڕێپاک ئاماژەی بە چالاکیەدا و مەبەست لە ھێنانی منداڵی سەرشەقام چیەو دەیانەوێ چ پەیامێک بڵاو بکەنەوە, گوتی دەمانەوێ ئەگەر بۆچەند کاتژمێرێکیش بێت ئەو منداڵانە لەبەر خۆرەتاو دوور بخەینەوە و تێکەڵ بەمنداڵانی دیکەیان بکەین , ئێمە کار لە پێناو ئەوە دەکەین و ھەوڵ دەدەین ئەو منداڵانە لە ئایندەدا لە نزیک خێزانەکانیان کاربکەن و ژینگەی کۆمەڵایەتیان ئاسایی ببێتەوەو لەسەر ئەو شەقامە بێ بەزەییە رزگاریان بێت نەک لەپاڵ ئەو ئەرکە قورسە مافی خۆشیان وەرنەگرن و رووبەرووی جۆرەھا توندوتیژی دەبنەوە .
بەپێی ئامارێک کە ساڵی پار بۆ تەنیا ھەرسێ پارێزگای (ھەولێر _ دھۆک _ سلێمانی ) کراوە نزیکەی ٤ ھەزار منداڵی ئیش پێکراو خەمڵێندراوە
١٢ی جۆزەردان لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی یونسیف دیاریکراوە و تایبەتکراوە بۆ کارکردن لەسەر منداڵانی سەر شەقام, بەپێی ئامارەکان لەسەر ئاستی جیھان ١٦٥ ملیۆن منداڵی ئیش پێکراوە ھەیە لەسەر شەقامەکان . ئەمساڵ بەتایبەتی ئەو رێکخراوە جیھانیانە مکوڕترن لەسەر کەمکردنەوەی ئەو ڕێژەیە و بە مەترسییەکی گەورەی ئەمنی کۆمەڵایەتی ناوزەندی دەکەن .










