پاریس سانجێرمان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی گورزێکی نوێ لە بەرپرسانی ڕیال مەدرید بدات، سەبارەت بە خەونەکانیان بۆ گواستنەوەی کیلیان مباپێ، پەیامنێری لیکیپی ئاشکرایکردووە، هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ ئەوەی مباپێ لەم هاوینەدا بڕوات، بەڵکو ئیدارەی پاریس ئامانجی ئەوەیە جارێکی دیکە گرێبەستی ئەو یاریزانە درێژبکاتەوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پلانێک هەیە بۆ دروستکردنی تیپێکی نوێ لە دەوری مباپێ، دوای ڕۆیشتنی ژمارەیەک ئەستێرە لەم هاوینەدا، وەک لیۆنێل مێسی و سێرجیۆ ڕامۆس، هەروەها پرسیار لەسەر چارەنووسی نیمار جونیۆری ئەستێرەی بەڕازیلی دروست دەبێت، کە پەیوەندی بە گرێبەستەکەیەوە هەیە کە تا هاوینی 2027 درێژدەبێتەوە، پلانە نوێیەکەی پاریس شاهیدی هەنگاوی کۆنکرێتی بوو بە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی سێ یاریزانی یانەی ڕیال مەدرید مارکۆ ئەسینسیۆ و مانوێل ئۆگارتی لە سپۆرتینگ لیشبۆنە و میلان سکرینیار بەرگریکاری ئینتەرمیلان لەخۆ بگرێت.

هەروەها سان جێرمان هەوڵدەدات بۆ ئەوەی مارکۆس تورامی هێرشبەری بروسیا مۆنشنگلادباخیش بەشێوەیەکی بێبەرامبەر بگوازێتەوە ریزەکانی، مباپی تەمەن 24 ساڵ، لە مانگی ئایاری 2022 گرێبەستەکەی لەگەڵ سان جێرمان نوێکردەوە بۆ ماوەی سێ وەرزی دیکە تا هاوینی 2025، دەوترێت دوا وەرزی ئەم گرێبەستە بە مەرجی ڕەزامەندی ئەو ئەستێرە فەرەنسییەیە، کە وایکرد ڕیال مەدرید پلانێک دابڕێژن بۆ ئەوەی لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا بە خۆڕایی گرێبەستی لەگەڵدا بکەن.