خەبات: ئاكۆ عەبدوڵا:- ئیرڤین دەیڤد یالۆمی پزیشك و زانای دەروونشیكاری و پێشەنگی قوتابخانەی (چارەسەری دەروونی بوونگەرایی) و نووسەر. بەهۆی نووسینی سێ رۆمانی دەروونییانەی تایبەت بەژیان و بەرهەمەكانی سێ فەیلەسوفی كاریگەر، وەك رۆماننووسێكی لێهاتوو بوونی خۆی لەبواری ئەدەب چەسپاندووە. شارەزایان ئەو رۆمانانە بەجۆرێك لەچارەسەری دەروونی بۆ ئەو فەیلەسوفانە دادەنێن كەلەناویاندا یالۆم بیرۆكەی تیۆری و گرێی رۆمانی بەیەكەوە كۆكردۆتەوە. لەبەر ئەوەی لەبارەی دەروونی مرۆڤیش ئەزموونی زۆرە بۆیە توانیویەتی لێهاتووانە بچێتە ناخی كەسەكان. ئەوانەش وەهایان كردووە رۆمانەكانی پێگەی بەتین بن بۆ لەنوێ بونیاتنانی مێژووی فەلسەفە و شێوە و چەمكەكانی و قوتابخانەكانی گێڕانەوە و هزریان لەیەك كاتدا.

یەكەم: رۆمانی (كاتێك نیچە گریا When Nietzsche Wept)
فرێدریك ویلهڵم نیچە (1844- 1900) یەك لەفەیلەسوفە گەورە و كاریگەرە ئەڵمانییەكانە. كۆمەڵێك كتێبی نووسیوە لەوانە (زەردەشت ئاوای وت) ، (لەدایکبوونی تراژیدیا)، (ئاوابوونی بتەکان)، (ڕەگەزناسی ئەخلاق)، (ئەمەیە مرۆڤ)، (لەدەرەوەی چاکە و خراپە)، (سپێدە)، (مرۆڤانە، زۆر مرۆڤانە)… یالۆم ساڵی 1992 رۆمانی(كاتێ نیچە گریا) ی بڵاوكردەوە. ئەو رۆمانە تەژییە لەگفتوگۆی فەلسەفییانە. تێیدا رۆماننووس زۆر لێهاتووانە تەكنیكی دەروونناسی نوێی و هونەری رۆمانی ئاوێتەی یەكتری كرووە تاكو فەلسەفەی نیچە بەشێوەی جوان و قووڵ دەربكەوی. دەستپێكی رۆمانەكە بەڕووداوێكی تەندێشەییانە دەستپێدەكات نامەیەكی (لو سالۆمێ) ی ژنە نووسەر و هاوڕێی ئەدیبە گەورەكان بە (جۆزێف بروێر) ی پزیشكی ناوداری نەمسایی دەگات. لەنامەكەیدا سالۆمێ داوای كردبوو لەبارەی بابەتێكی گرنگ یەكتری ببینین چونكە ئابیندەی فەلسەفەی ئەڵمانی لەمەترسیدایە. بەر لەوەی سالۆمێ بگاتە شوێنی مەبەست بروێر بیر و خەیاڵی لای بێرتا پاین هایم بوو. ئەو كچەی كە پێشتر چارەسەری دەروونی بۆ دەكرد. كاتێك سالۆمێی دەگاتە شوێنەكە سەرنجی بروێر رادەكێشی و پێیدەڵیت چارەسەری فرێدریك ویلهڵم نیچەی فەیلەسوف بكات كە ئەوسا دووچاری غەمۆكی توندببوو، پێشی دەڵێت زۆر پزیشكی كردووە و نائومێدبووە، گەر یارمەتی نەدات لەوانەیە خۆی بكوژێت. بەڵام بەمەرجێك نیچە نەزانێت ئەو یارمەتیدانە لەسەر راسپاردەی سالۆمێیە.

دوای گەڕانەوەی سالۆمێ سه‌ردانی ده‌كات پێی ده‌ڵێ : “كەسەكەمان نائومێدە نەك نەخۆش” بروێر وه‌ڵامیده‌داته‌وه‌: “چارەسەری بێئومێدی دوورە لەكاری من”. دواتر ده‌پرسێ : “تۆ بوویتیە هۆی ئەو حاڵەی نیچە؟” سالۆمێ دەڵێت : “لەدیدی ئەو بەڵێ، بەڵام كارەكە بەو جۆرە نییە”. دواتر بروێر ئەو بابەتە لای سیگمۆند فرۆیدی هاوڕێی باس ده‌كات كە ئەویش وەك دكتۆرێكی لێهاتوو كاری دەكرد. بەڵام بروێر لەشوێن ناوی نیچە ناوی خواستراوی ئیكهارد مۆلەری بۆ بەكارهێنا. دوای سەردانی 24 پزیشك نیچە ده‌چێته‌ نۆڕینگه‌كه‌ی بروێر. لەقسەكانی راز و پەنهانی سەرسامكەرانەی بۆ دكتۆر دەردەكەوێت. قسەكانی نائومێدی پێوەدیارنەبوو بۆیە بروێر سەری سوڕما. هیچ نیشانەیەكی تایبەت بەنائومێدی و گومانی خۆكوشتنی لێبەدی نەكرد. بۆیە داوای لێده‌كات بەدوور و درێژی باسی یەك رۆژی ژیانی خۆی بۆ بكات، لەو كاتانەی كە زۆری بۆ دەهێنرێت. نیچەش لەوەڵامدا دەڵێت: “ئەوە پرسیارێكی قوورسە” بروێر بەشێوی ناراستەوخۆ دەیەویست بزانێت كاریگەری سالۆمێ بەسەر دۆخی چۆنە بەڵام ئەو بەهیچ جۆرێك لەو بابەتە نزیك نەدەبۆوە. لەكۆتایدا بروێر پێشنیاری كرد رۆژی هەینی سەردانیبكاتەوە. بەر لەڕۆیشتنی نیچە دوو كتێبی خۆی پێده‌دا كە پێشتر بروێر یەكێكیانی لای سالۆمێ دیبوو. دوای ئەو دیدارە بروێر جارێكی دیكە لەگەڵ فرۆید باس لەبارودۆخی ئیكهارد مۆلەر (نیچە) دەكات. هەردووكیشیان بۆیان دەردەكەوێت بارودۆخی ئەو تەواو جیایە و بەپەرۆشەوە لێكدانەوە بۆ دەكەن. لەكاتی دیاریكراو نیچە سەردانی نۆڕینگەكەی دەكاتەوە. ئه‌و جاره‌یان بروێر پێشنیار دەكات بۆماوەیه‌ك لە كلینیكێك لەژێرچاودێری بخەوێنرێت. نیچە رازی نابێت و بەنائومێدی دەردەچێت. بەو مەبەستەی بۆ شاری باسیل بگەڕێتەوە بەڵام نیوەشەو خاوەنی ئەو میوانخانەی كە نیچەی تێیدا مابۆوە بەپەلەپەل بۆ ماڵی بروێر دەچێت و پێیڕادەگەیەنێ : “یەك لەمیوانەكان تەندروستی زۆر خراپە و لەگیرفانیشیدا ناونیشانی تۆ هەیه‌ بۆیە بۆلات هاتوووم” ئەویش بەپەلە دەیگاتێ و چارەسەری خێرای بۆ دەكات. رۆژی دواتر نیچە هەر سووڕبوو لەسەر گەڕانەوە، بەڵام بروێر ئەو جارە پرسیاری لێدەكات : “لەبەر ئەوەی تۆ كەسێكی شارەزای بۆیە تكا دەكەم لە نائومێدی رزگارم بكە، تەواو بێزارم خەریكە بیرلەخۆكوشتن دەكەمەوە”. پاش چەند و چوون رێكدەكەون رۆژانە بروێر چاودێری تەندروستی ئەو بكات و ئەویش لەنائومێدی رزگاری بكات. كەواتە هاوكێشەكە پێچەوانە دەبێتەوە. ئه‌و جاره‌یان نیچە رۆڵی چارەسەركەر دەگێڕێت.

رۆژانە بروێر سەردانی دەكات و باسی گرفتی خۆی بۆ دەكات، دواتریش چاودێری باری تەندروستی و دەرمانی چارەسەری بۆ ئه‌و دیاری دەكرد. لەدیدارەكانیشیان كە زۆر بەگرنگی و لێهاتووییەوە بروێر دەچێتە ناو بابەتەكان، بەشێك لەكڕۆكی فەلسەفه‌ی نیچە بۆ خوێنەر دەردەكەوێت. هاوكات نیچە زیاتر رۆڵی مامۆستای چارەسەركەری دەروونی دەگێڕێ دوورە لەو بارە ناخۆشانەی كە پێشتر بەدەستییەوە دەیناڵاند. لەكۆتایی دیداری هەر رۆژێكیش نووسەر هەستیارانەی پۆختەی پاداشتە تۆماركراوەكانی ئەو دوو كەسەی بەجیا داڕێژتووە كە لەناویاندا زۆر شت بۆ خوێنەر دەردەكەوێت بەتایبەتی گومانییان بەرامبەر بەیەكتری.

لەو دیدارانە بروێر باسی گرفت و دەربەست نەبوون بەپێوەندی نێوان خۆی و بێرتا پاین هایمی بۆ دەكات ئەو كچە بیست و یەك ساڵییەی كەكاتی خۆی بەهۆی مردنی باوكی دووچاری بارێكی خراپببوو. ماوەیەك لەنۆڕینگەكەی هەوڵی چارەسەركردنی دەدا. بەبایەخپێدانی زیادی بەو كچە ماتیلدەی هاوسەری دەكەوێتە گومان. كاتێكیش بێرتا بەخەیاڵی خۆی و لەژێر كاریگەربوون بەهیستریا جاڕی ئەوە دەدات لەبروێر دووگیانبووە، ماتیلدە تەواو تووڕەدەبێت و لەژێر كاردانەوەكانی بێرتا بۆ نەخۆشخانەیەكی سویسرا دەگوازرێتەوە و فراولە بێرگەر سكرتێری بروێریش لەو كارەی دەردەكرێت. بروێر بۆ نیچە باس دەكات وێنەی ئەو كچە بەردەوام لەزیندەخەوی ئەو ئامادەیە و هەست و هۆشی گرتووە. مەبەستی سەرەكی بروێریش لەو گێڕانەوەیە ئەوەبوو نیچەش لای خۆیەوە گرێیەكانی دەروونی بكاتەوە، بەتایبەتی ئەزموونی هاوشێوەی لەگەڵ سالۆمێ رووسی.

نووسه‌ر ریشاڵی ئه‌و رووداوانه‌ی وه‌ها به‌ناویه‌كدا بردووه‌ كاریگه‌ری له‌نیچه‌ ده‌كه‌ن تا له‌كۆتاییدا دكتۆر لای نیچە رایده‌گه‌یه‌نێ لەنائومێدی رزگاری بووە و بێرتاشی لەیادی خۆی دەركردووە. پاش ئەوەی هەموو ئەوانه‌ی بەخەیاڵ بەسەریدا هات بۆ نیچەی ده‌گێڕێته‌وه‌، نیچەش خەونی خۆی بۆ باس دەكات لەخەونەكە گریابوو. لێرەوە گریانی نیچە دەردەكەوێت كە ناونیشانی رۆمانەكەیە. دواتر نیچە دان بەوەدادەنێ تا ئەو كاتە راستگۆنەبووە لەگێڕانەوەی سەرگوزەشتەی خۆی بۆ بروێر، بۆیە دوای دڵنیابوون لەدڵسۆزی ئەو، چیرۆكی خۆی دەگێڕێتەوە. چیرۆكی یەكەم دیداری نێوان خۆی و سالۆمێ كە چەند مانگێك پێش ئەو كاتە بوو. دواتر گرفتی ئەوەی كە دوای ئەوەی داوای هاوسەرگیری لێكردبوو بەڵام ئەو پشتی تێكرد و رووی بۆ پاول رێی هاوڕێی هەردووكیان وەرچەرخاند. ئەوسا بروێریش راستی پێدەڵێت و نامەكانی سالۆمێشی نیشاندەدات. بەوەش نیچە تێدەگات هەموو شتەكان لەسەرەتاوە بۆ هەڵخەڵەتاندنی ئەو بووە. دواتر لەكاتی باسكردنی ناوی سالۆمێ بەراستی فرمێسك بەچاوەكانی دێتەخوار و بەدەنگی بەرزیش دەگریەت. ئەوسا بروێر دەپرسێت : “ئەگەر دڵۆپێكی فرمێسكت دەنگی هەبووایە چی دەوت؟”. ئەویش دەڵێت “لەكۆتایدا ئازادی كردم، ئەو هەمووە ساڵانە بەنكرابووم…. هاوار لەدەستی ئەو پیاوە”. دواتر كە بروێر دەستەواژەی (دۆستی ئازیز)ی بۆ بەكاردەهێنێ جارێكی دیكە نیچە دەگریەت و ئاماژە بەوە دەدات تا ئێستا ئەو دەستەواژەیەی بەكارنەهێناوە و پێشی نەوتراوە. هەردەمیش خەون بەو جۆرە دەستەواژانە دەبینێ.

لەكۆتایدا نووسەر ئاماژە بەوە دەدات ئەو چیرۆكە رووداوی راستەقینە نەبووە و نەشزانراوە نیچە سەردانی دكتۆر بروێری كردبێت، بەڵام ناوی كەسەكان و پێگەكانیان راستە. ئەو رۆمانە دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو بەهۆیەوە خەڵاتی یانەی كۆمنۆلیسی زێڕینی بۆ چاكترین رۆمانی ئەندێشەیی لەلایەن یانەی كۆمنۆلیس لە كالیفۆرنیا بە یالۆم بەخشرا. ئەمەو ناوەرۆكی رۆمانەكەش كراوەتە فیلم كە پینچاس پییری دەریهێناوە و ئارماند ئاسانتی و بین كرۆس و كاترین وینیك و جوان پاكولا رۆڵیان تێدا گێڕاوە.

دووەم: رۆمانی (دەرمانی شۆپنهاوەر The Schopenhauer Cure)
ئارسەر شۆپنهاوەر ( 1788 – 1860) فەیلەسوفی ئەڵمانی بەفەلسەفە رەشبینییەكەی ناوبانگی دەركردووە. كۆمەڵیك كتێبی نووسیوە لەوانە (جیهان ئایدیا و ویستە) و (لەبارەی ئیرادە لەسروشتدا) و (دوو گرفتی سەرەكی لەفەلسەفەی ئەخلاق) و (چوار بنەمایەكە) و (لەبارەی دید و رەنگەكان)…. یالۆم ساڵی 2005 رۆمانی (دەرمانی شۆپنهاوەر)ی بڵاوكردەوە. ئەوەشیان هاوشێوەی شاكارەكەی (كاتێ نیچە گریا) لەجۆری دەروونییە. لەوەشیاندا لێهاتووانە چۆتە ناو ژیان و فەلسەفە و هزری یەكێكی دیكە لەفەیلەسوفە كاریگەرەكانی ئەوروپا و رۆژئاوا كە ئارسەر شوپنهاوەرە. ناوەرۆكەكەی بەسەرهاتی دكتۆر یولیوسە كە پزیشكی دەروونییە كاتێك بۆی دەردەكەوێت دووچاری شێرپەنجەی پێست بووە و لەساڵێك زیاتر ناژیەت بۆیە غەمبار دەبێت و بیر لەمردن دەكاتەوە، تا وەهای لێدێت خەیاڵی بەڕۆژانی رابردوو سەرقاڵ دەبێت و بیر لەو نەخۆشنانە دەكاتەوە كە كاتی خۆی چارەسەری دەكردن، یەكێك لەوانە ناوی فیلیپ بوو. دوای ماوەیەكی درێژ پێوەندی پێوە دەكاتەوە. ئەوسا دەیەوێت بزانێت فیلیپ بەو دەرمانانە چاكبۆتەوە كە ئەو بۆی دیاری كردبوو، بەڵام فیلیپ پێیڕادەگەیەنێ بەچارەسەرەكانی ئەو چاكنەبۆتەوە بەڵكو بەفەلسەفەی شۆپنهاوەرە. واتا بەخوێندنەوەی بەرهەمەكانی، بۆیە بەرهەمەكانی ئەو بەدەرمان دادەنێ. هەروەها پێیڕادەگەیەنێ دەیەوێت بەبەكارهێنانی ئەندێشەكانی شۆپنهاوەر ببێتە كەسێكی شارەزا لەبواری فەلسەفە. بەوەش رێڕەوی رووداوەكانی ناو رۆمانەكە بەرەو ژیانی شۆپنهاوەر وەردەچەرخێت، هەر لەمنداڵییەوە تا مردنی، لەناویشیدا یالۆم هەڵوێستەكان و هزر رەشبینیەكەی ناوبراوی خستۆتەڕوو. هەوڵی ئەوەشی داوە بزانێت سەرچاوەی رەشبینی لەفەلسەفەكەی چییە. بەبێ ئەوەی هاوسۆزی رەشبینییەكەی بێت.

سێیەم: رۆمانی (كێشەی سپینۆزا The Spinoza Problem)
باروخ سپینۆزا (1632 – 1677) ی فەیلەسوفی هولەندی ژمارەی كتێبەكانی كەمن بەڵام كاریگەریان زۆره‌ لەوانە كتێبەكان (ئەخلاق) و (بنەماكانی فەلسەفەی دیكارتی) و (پەیام لەلاهوت و سیاسەت) و (پەیام لەسیاسەت)….. ساڵی 2012 یالۆم رۆمانی (كێشەی سپینۆزا) ی بڵاوكرده‌وه‌. ئەوەشیان یەكێكە لەبەرهەمە ناودارەكانی و رۆمانێكی دیكەی دەروونییانەیە. بەزمانێكی پاراو و پڕ لەوەسف بۆ شوێن و كەسەكان داڕێژراوە. نمونەیەكی بەرزیشە لەتوانای پزیشكی دەروونی و شیكردنەوەی دەروونی. ئەمانە و تێیدا زۆر بەجوانی و لێهاتوویی ئەندێشە و واقیع ئاوێتەی یەكتر كراوە تاكو درامایەكی دەروونی و فەلسەفی و سەنگینی لێ بێتە ئارا. بێگومانی ئەزموونی یالۆمیش وەك پزیشكی دەروونی تێیدا رەنگیداتەوە، بەتایبەتی لەبنتاتنانی ئەوەی تایبەتە بەهەست و سۆزی سپینۆزا و كاردانەوەكەی پاش راگەیاندنی ئەو بڕیارە سەختەی لەدژی دەركرا. لەو رۆمانەدا جەمسەری دوو سەردەمی شاری ئەمستردامی هۆلەندا درێژكراوەتەوە تاكو بەتۆكمەیی بەیەك بگەن. یەكێكیان لەسەدەی زێڕینیەتی لەسەدەی شانزدە. ئەو كاتەی كە تێیدا بەهۆی بۆچوونە فەلسەفییەكەی باروخ سپینۆزای فەیلەسوف لەلایەن كۆمەڵەی جولەكە بڕیاری بەكافربوون و مەحرومكردنی لەهەموو شتێك دەركرا و راگەیاندرا نابێت هیچ كەسێكی جولەكە قسەی لەگەڵ بكات و پێوەندی بازرگانی لەگەڵ ببەستێ. كەسیش نووسینەكانی نەخوێنێتەوە، چونكە ناوبراو بۆچوونە باوەكانی ئایینی رەتدەكردەوە و بڕوای بەعەقڵی خۆی دەكرد.

سەردەمەكەی دووەمیش لەنیوەی یەكەمی سەدەی رابردووە لەكاتی هەڵكشان و داكشانی دەسەڵاتی نازییەكان. كە ئالفرێد رۆزنبێرگی تیۆردار و سیاسەتمەداری نازی كە كەسێكی تۆندڕۆی ئاری بوو، لەكاتی داگیركاری نازییەكان بۆ هۆلەندا وەك دژایەتیكردنیی جولەكەكان، بڕیاری تاڵانكردنی موزەخانە و كتێبخانەی كۆنی سپینۆزا بۆ سەربازە داگیركەرەكان دەردەكات. نووسەر ئەو كارەی رۆزنبێرگی بەو جۆرە راڤەكردووە كە ناوبراو ویستویەتی كێشەی سپینۆزا بدۆزێتەوە. ئەو كارەشی بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەر بۆ كێشەی سپینۆزا كردووە. یالۆم لەو كارەیدا زۆر لێهاتووانە بەژیانی ئەو دوو پیاوە دژبەیەكە شۆڕبۆتەوە كە پڕن لەپەنهانی. ئەوە جگە لەبەدیارخستنی كاریگەری دڵەڕاوكە و ململانێی نێوان چاكە و خراپە و فەلسەفەی ئازادی و ترس.