ئەمڕۆ چوارشەممە 7/6/2023 وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە کۆتایی هاتنی قۆناخی یەکەمی پرۆسەی چاکسازیی کۆمپانیای دانەگاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، بەشێكی زۆری توانای بەرهەمهێنانی كارەبا گەڕایەوە.

ئاماژەی بەوەش داوە: بڕیارە قۆناخی دووەمی پرۆسەکە تا ڕۆژی 16ی ئەم مانگە تەواو ببێت و دۆخی کارەبا بەتەواوەتی ئاسایی ببێتەوە و بڕی بەرهەمهێنان بگاتە 4,200 مێگاوات.

وەزارەتی کارەبای ڕوونیشی کردووەتەوە: کۆمپانیای دانەگاز لە ڕۆژی 22ی ئایاری ڕابردوو دەستی بە پرۆسەی ساڵانەی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کرد و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا 1000 مێگاوات کەم بووەوە.

کۆمپانیاکە ڕۆژانە 150 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکات.

جەختیش کراوەتەوە کە وەزارەتی کارەبا لە ماوەی پرۆسەی چاکسازییەکەدا هەوڵی داوە کەمبوونەی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمترین کاریگەریی لەسەر هاووڵاتیان هەبێت، بەهۆیەوە پێدانی كارەبای بە كارگە گەورەكان ڕاگرتووە.